پرسی بوونی ناوی دووبارە یان گوماناوی و یاخود چەندین دەستەواژەی تر لە لیستی ناوی موچەخۆرانی هەرێم، بە فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازیشەوە، کە ئێستا بەشێک لە پەرلەمانتار و نوێنەرە کوردەکان بەکاریدەهێنن وەک هۆکاری دواکەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە. سەرەتای ئەم مانگەش هەر لەسەر گرفتی موچەی هێزە ئەمنیەکان و پێشمەرگە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی سەردانی هەرێمی کرد بۆ پێداچوونەوە و وردبینی لە لیستی ناوی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، پێداگری عێراق لەسەر پێداچوونەوە و وردبینی لەو لیستانە لە کاتێکدایە کە بە درێژایی خولەکانی پەرلەمان و کابینەکانی حکومەتی هەرێم، دەستەی دەستپاکی و لیژنەی دەستپاکی لە هەموو خولەکانی پەرلەمان و هەروەها لە دیوانی چاودێری دارایی هەبووە، کەچی ئێستا وەک هەندێک لە چاودێران و ڕەخنەگران دەڵێن لە بری ئەوەی ئەو دامودەزگا و لیژنە و دەستانەی هەرێم پێداچوونەوە لەو ناو و لیستانە بکەن، ئێستا عێراق بەو کارە هەڵدەستێت، پێشتریش هەر لەم بەرنامەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند، بەشێک لە هێزەکان هیچ کات بە لیست و ناوی موچەخۆران موچەیان لە وەزارەتی دارایی وەرنەگرتووە بەڵکو مانگانە بە فەردە پارەیان وەرگرتووە.
دەپرسین:
ئایا لە ڕاستیدا ناوی دووبارە و گوماناوی و خەڵکانی تر لە لیستی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە یان ئەمە بیانووی بەغداد و قسەی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانە؟
لەسەر چ بنەمایەک هێزی نوێی پێشمەرگە پێکهێنراون، و ئەو هێزانە چۆن موچەیان بۆ دابینکراوە؟
ئایا دەستەی دەستپاکی و لیژنەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی هیچ پێداچونەوەیان بەو لیستانەدا کردووە لە پێشتردا؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان.
جەمیل هەورامی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان.
سەعید هەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5
بۆ ئەم بەرنامە پەیوەندیمان بە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم کرد، بەڵام وتیان لەبەر هەستیاری بابەتی ناو و لیستی هێزەئەمنیەکان و پێشمەرگە بەشدارنابین چونکە لە ساڵانی ڕابردوو هەر بەوهۆکارە داواماننەکردوە و زانیومانە ناشماندەنێ داوای بکەین.
سەعید هەرکی
ئێمە وەک لیژنەی دەستپاکی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم هەر لەسەرەتای دەرچونی یاسای چاکسازی هەماهەنگی تەواومان هەبووە بۆجێبەجێکردنی یاساکە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، بەسەرۆکاتی بەڕێز (کاک دکتۆر ئەحمەد)،کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو یاسایە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەبوو، ئەو گرفتەی سەبارەت بەلیستی هێزەکانی پێشمەرگە باس دەکرێت، دوولایەنی هەیە، یەکەم، لایەنی یەکەم، لایەنی ئەمنیەکەیە، کە بەغداد بەمەبەست داوای ناوی چواری و زانیاری لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە بزانێ، لایەنی دووەمی ڕەنگە ئەشکال هەبێ لەو لیستانە بە تایبەت لیستەکانی ٧٠ و ٨٠ چونکە کێشەی هەرە سەرەکی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بریتیە لە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یەکنەگرتنەوەیان کۆمەڵێک سلبیاتی دروستکردووە یەکێک لەو سلبیاتانە ئەوەیە، بەڕاستی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دوو هێزی حزبین نەک عەسکەری، بۆیە پێویستە هەرچی زووە ئەو دوو هێزە یەکبگرنەوە و بچنەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەرنا هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەت و لیوا هاوبەشەکان هیچ ئەشکالیەتێکیان نیە، ئێمە وەک خۆمان لە لیژنەی دەستپاکی خولی ڕابردووی پەرلەمان لیستی ناوی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠م نەبینیووە، یا بڵێم نەمانتوانیووە بیبینین یا دەستمان پێی بگات چونکە ئەوانە هێزی حزبی بوون و سەر بە دامودەزگای حزبین، نامەوێ لەبری سەرۆکی دەستەی دەستپاکیش قسەبکەم بەس گومانم هەیە ئەوانیش توانیبێتیان بینیبێتیان، ئەگەر بمانویستایە لیستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ببینین زۆر ئاسان بوو بۆمان بەڵام لیستی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ڕەنگە نەمانتوانیبێ بگاتە دەستمان.
ئێمە لە خولی ڕابردووی پەرلەمان وەک لیژنەکەمان نە لیستی ناوی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠مان بینیووە، نەخۆشمان داوامانکردووە چونکە دڵنیابوین داواشمان بکردایە نەیاندەداینێ، چونکە ئەوانە سەر بەدامودەزگای حزبین نەک سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم بۆیە نەمانتوانیووە داوای بکەین و بیبینین.
سەبارەت بەوەی دەوترێت بە فەردە و گونیە لە ڕابردوو موچە بۆ ئەو هێزانە چووە، ئێخۆ ئەو هێزانە حساب بانکیان نەبووە، تەبعەن هەردەبێ بەگونیە و فەردە پارەیان بۆ بچێت قابیلە بەعەلاگە بۆیان ناچێت، دوای ئەوە ئەو هێزانە بایۆمەترییان هەبووە حەتمەن لیستییان هەبوە بەڵام کە ئێمە نەمابینیووە هۆکارەکەیم وت.
دەربارەی بوونی ناوی جاش و موستەشار لە لیستی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوە پەیوەندی هەیە بەو لێخۆشبوونەی کاتی خۆی بەرەی کوردستانی بۆ ئەوانەی دەرکردن، جا ئەمانە هەرچی بوبێتن لەڕابردوو خۆ دەبێت خزمەتی وڵاتەکەی خۆیان بکەن، ئەوە لای من شتێکی زۆر ئاساییە، مەگەر ئەوەی ئەوانە پلەی باڵایان پێدرابێت یا وەک پاداشت پێییان درابێت و لەماڵ دابنیشن بەس موچەی هێزی پێشمەرگە وەربگرن ئەوە بەڕاستی کارێکی خراپە.
حکومەتی عێراقی لیستی ناوی سیانی و چواری هێزەکانی ناوخۆ و ئەمنی و پێشمەرگەی بۆ ئەوە دەوێت بکەوێتە دەست خۆی، ئەو دەیەوێت ناوی ئەو پێشمەرگانە وەربگرێ کە هەر دوێنێ لە پردێ و سحێلا ڕووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە، قابیلە عێراق ناوی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆچی دەوێ هەر بۆ ئەوەیەتی مەگەر حکومەتی عێراق هەر ئەو حوکمەتە نەبو کە بەهێزەوە پەلاماری پردێ و سحێلای دا!؟
من تەواو دڵنیام هیچ کێشەیەک لەناو و لیستی موچە خۆرانی مەدەنی و وەزارەتی پێشمەرگە نیە چونکە بایۆمەترییان بۆ کراوە، ئەگەر ئیشکالێک هەبێ لە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یە کە هەمومان دەزانین دوو هێزی حزبین، ڕاستە موچەیان لە حکومەتە بەڵام ئەوە کاتی خۆی بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی بووە، ئێمە کاتی خۆی زۆر هەوڵماندا کە ئەو دوو هێزە یەکبگرنەوە بەداخەوە ئیرادەی سیاسی نەبوو، ئەگەر یەکنەگرنەوە بەدڵنیایی هاوکاری هاوپەیمانان کەمتر دەبێتەوە، ئەگەریش یەکبگرنەوە و بچنەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بەدڵنیایی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان زیاد دەکات.
ئەگەر هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ حزبی نین بۆچی بەرپرسی میحوەری گەرمیان کاک مەحمود سەنگاوییە لای سحێلا و ناوچەکانی ئەملاش کاک سەربەست لەزگین و کاک باپیر بوو، ئێمە کاتی خۆی وەک لیژنەی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەو پرسیارەمان کرد وتمان ئەگەر ئەو هێزانە حزبی نین با بەرپرسێکی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە لەو میحوەرانە بەرپرس بن نەک ئەندام مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی.
جەمیل هەورامی
من تێبینیەکم لەسەر قسەکانی کاک سەعید هەیە، بەڕاستی کاتی خۆی جاش و موستەشارەکان لەسەر حەقی گشتی لێخۆشبونیان بۆ کرا، واتە ئەگەر چەکدار بوبێتن یا شەڕی پێشمەرگەیان کردبێت نەک لەسەر حەقی کەسی لێبوردنیان بۆ دەرکرابێت، دووەم لە مانگی ٣ی ساڵی ١٩٩٢ کەهێزی یەکگرتووی کوردستان پێکهات بڕیاردرا هیچ موستەشار و جاش و تەنانەت کوڕەکانیشیان نەهێڵدرێت بێنە ناو هێزەکانی پێشمەرگەوە، ئینجا سەبارەت بە ناردنی ناوی هێزی پێشمەرگە بۆ بەغداد، یا داوای بەغداد بۆ ئەو ناوانە، خۆئێستا کار بەناسنامە و نفوس ناکرێت وەک جاران بەڵکو کار بەکارتی نیشتمانی دەکرێت کەهەموو زانیارییەکان تەنانەت ناوی منداڵ و کاریش دەنوسن لەگەڵ ناوی چواری دەبێت هەموو هاووڵاتیەک هەیبێت بەهێزەکانی پێشمەرگە و هەموو هێزەئەمنیەکانەوە، هەروەها ڕۆژانە فیرقە و بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق لەسنورەکان لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە کۆدەبنەوە بۆ دانانی پلانێک بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکان تا بۆشایی ئەمنی دروست نەبێت گروپە تیرۆریستەکان بیقۆزنەوە، هەروەها شوێنی هێزەکانی پێشمەرگە دیارە لە فەرماندەیی و میحوەرەکان، باشە من بەرپرسی یا لیوای هێزێک بم چ مەترسی تێدایە ناوی چواری من و ئەو لیوا و فەوجە بنێردرێت بۆ بەغداد؟ هەروەها خۆ هەردەبێت هەموو فەرمانبەرێک حساب بانکی بۆ بکرێتەوە باشە خۆ ئەو حساب بانکیە بۆ هەموو موچە خۆرێکە بەسەربازی و مەدەنیەوە، خۆ دەبێت تەواوی زانیاری و پلە وەزیفیەکەشی پێشکەش بکات ئیتر تاکەی دەبێت بڵێیین ناو و زانیاری نادەینە بەغداد، من واینابینم بابەتەکە لەبەر لایەنی ئەمنی بێت، بەڵکو نەناردنی لیست و زانیاری هێزەکانی پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە ئەمنیەکان (جگە لە هەندێک دەزگای ئاسایش و هەواڵگری هەستیار) پەیوەندی بەشتی تر هەیە، من شتێکی تێدا دەبینم ، نازانم بەڵام ڕەنگە خەڵکێک لەناو لیستی ئەو هێزانەدا بێت کە خەڵکی ئەم وڵاتە نەبێت و کارتی نیشتمانی نەبێت.، هەروەها کاک سەعید دەڵێت، هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ هێزی حزبین باشە لەجیبۆتیەوە تائەمەریکا لەکوێی دنیا هەبووە حزب خاوەنی هێزی چەکدار بێت؟!
بەداخەوە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ڕاستە پێشمەرگەن بەس هێزی حزبین خۆزگە وانەبووایە سەر ب ەوەزارەتی پێشمەرگە بوونایە، بەڵام کاتێک کاک سەعید دەڵێ هێزی حزبی خۆ پێشتر کاک مەسعود ئێستاش کاک نێچیرڤان سەرۆکی هەرێم بوون کە فەرماندەی گشتی هەموو هێزە چەکدارەکانن، بۆیە پێویستە ئێمە وەک حزبەکان لەوە زیاتر هێزی پێشمەرگە بەسیاسی نەکەین دەستیان لێهەڵبگرین لەبری هێزی حزبی ببنە هێزی نیشتمانی، لەبری ئەوەی کادیری حزبی لە مەڵبەند و لقەکانەوە بکەینە بەرپرس و پێشمەرگە و ئەفسەر با هەوڵبدەین کادیری نیشتمانی بنێرینە ناو ئەو هێز و پۆستانە.
ئێمە کاتی خۆی کە لە شاخ شۆڕشمان کربوو بۆ نمونە کەسێکی وەک مامەڕیشە کە بەئاشکرا هێرشی دەکردە سەر دوژمن ناوی دەهات، یا هەر پێشمەرگەیەکمان شەهید ببوایە ناوی سیانی و ناونیشانمان دەخوێندەوە ئیتر بۆچی ئێمە کە لەوکاتەدا نەمان شاردۆتەوە بۆ ئێستا بیشارینەوە لە وڵاتی خۆمان؟!
لەسەر بوونی ناوی جاش و موستەشار لای ئەمە وەک کۆمەڵەکەمان لەو شەش حزبەی لەکۆمەڵەکەمان بەشدارن من بەرپرسم لە هەرناوێکی لەوجۆرە هەبێت، بەڵام کاتی خۆی لیستێکیان هێنا کە لەشوێنی تر بەناوی پێشمەرگەوە خانەنشین کرابوون کە ١٣کەسیان لە دادگای باڵای تاوانەکان بە تاوانی دژ بەگەل و هاوکاری ڕژێمی بەعس داواکرابوون و پێشتر ئامرسریە بوون، لیستەکەم ئێستا لەبەردەست نیە ئەگەرنا ناویم دەخوێندەوە، ئەگەرنا دکتۆر ئەحمەدی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی یا هەر دامودەزگایەک بەمەبەستی لێکۆڵینەوە ئامادەم ئەو لیستەی بدەمێ.
د.ئەحمەد ئەنوەر
ئەو داوایەی ئێستای عێراق بۆ وردبینی لیستەکان لایەنێکی ئەوەیە ڕەنگە ئێمە وەک هەرێم لە ڕابردوو لە ڕووی تەکنیکی و هونەریەوە سەرکەوتوو نەبوبێتین لە پاککردنەوە ڕێکخستنەوەی لیستی ناوی فەرمانبەران، لایەنێکی تریش عێراق دەوڵەتە و ئێستا پارە لەبەردەستی خۆیدایە ڕەنگە بیەوێ تەواو وردبینی بکات ئەوکات پارە بنێرێت، من لەگەل ئەوەم ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لەڕووی هونەری تەکنیکییەوە لیستەکانی خۆمان پاکبکەینەوە ئنجا دواتر بەغداد پارەی نارد یا نەینارد ئەوە دەچێتە چوارچێوەی بابەتێکی سیاسی.
لێکۆڵینەوە یا داواکردن لەلیستی ناوی فەرمانبەران بەسەربازی و مەدەنیەوە کاری ئێمە نەبووە وەکو دەستەی دەستپاکی، بەڵکو ئەوە کاری دیوانی چاودێری دارایی بووە، بەڵام بەهۆی زانیارییەکان ئەوانیش نەیانتوانیووە لیستی هێزەکان بەتایبەت ئەوەی کاک سەعید باسی کرد، وەربگرن و خۆشیان داوایاننەکردووە و نەیانویستووە، بائێستا بڵێیین ئەگەر ئێستا ئەوە مافی عێراق بێت بەو شێوە مامەڵە دەکات و ناوی لیستەکان دەکاتە بیانوو، خۆ ئەوەندەی ئێمە زانیومانە بەهەردوو هێزی ٧٠ و ٨٠ نزیکەی ١١٠ هەزار ئەندامی هەیە، وای دابنێیین ١٠٠-٢٠٠ ناوی دووبارە یا زیادە یا گوماناوی وەک ئەوەی عێراق دەیڵێت، خۆ ئەمە نابێتە بیانوو بۆ بڕینی موچەی ئەو هەمووەی تر، بەڵام دوپاتی دەکەمەوە دەبێت ئێمە لەرووی هونەریەوە لیستەکانمان پاکبکەینەوە ئەوی تریش دەمێنێتەوە سەر بەغداد، خۆ هەر ئەم بیانووە نیە لەنێوان هەرێم و بەغداد ئێستا زۆر پرسی تر ماوە یەکلایی بکرێتەوە لەنێوان هەڕێم و بەغداد، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ کەوای بۆ دەچم ئەمسال نەکرێت هەموو ئەوانە بەڵکو کاتی دەوێت، تا ئەو پڕۆسە و ڕێکەوتنانە دەکرێت پێویستی بەوەیە ئێمە لەلایەنی هونەریەوە پێداچونەوە بکەین بەو لیستانە.
خۆ ئەگەر بەغداد باسی کەموکوڕی لیستی ناوی موچەخۆران بەمەدەنی و سەربازییەکان دەکەن خۆیان سەد ئەوەندە کەموکوڕییان هەیە، بەڵام هەردەبێت خۆمان شتی خۆمان ڕاست بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە وە ساڵی داهاتوش لە عێراق بێگومان شتی زیاتر دەوروژێنن.