حاڵەتەکانی هەڕەشە و لێدان و تەنانەت کوشتن بە دەستی کەسانی چەکداری هێزەکانی حکومەت و حزبەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. ئەم حاڵەتانە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە زۆر شوێنی دیکە ڕوودەدەن، بەڵام لە هەر شوێنێک وەها ببێتە دیاردە، ئەوە بۆخۆی سەروەری یاسا لەو هەرێمە یان لەو وڵاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەرچەندە بە دوای ڕوودانی ئەم حاڵەتانە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و تەنانەت کاربەدەستانی باڵاش دەڵێن ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی دەگرنەبەر، بەڵام هەتا ئێستا ئەو ڕێوشوێنانەی کە باسیان دەکەن وەهایان نەکردووە سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت.
دەپرسین:
هۆکار چییە حاڵەتەکانی هەڕەشە و لێدوان و کوشتن بە دەستی کەسانی چەکداری حکومەت و حزبەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن؟
ئایە ڕاهێنان بە هێزە چەکدارەکان دەکرێت کە کەی بۆیان هەیە هێز بەکاربهێنن یان نا؟
ئایە لە هەرێمی کوردستان یاسا سەروەر نییە یان یاساکانی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە تاوانانە توند نین؟
کام دەزگا لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسا؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
1- هۆشیار سەلام مالۆ، پارێزەر و بەرپرسی ڕێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە هەولێر .
2- پارێزەر بەکر حەمە سدیق لە سلێمانی.
3- پارێزەر ڕێڤینگ یاسین لە دهۆک.
Your browser doesn’t support HTML5
پارێزەر بەکر سدیق:
پێش دانانی یاسا پێویستە دەسەڵات بیر لە ڕێگاکانی پاراستن لە تاوان بکاتەوە، بەداخەوە لە کوردستان دەستشلکردنی دەسەڵات بۆ ئەنجامدانی تاوان، یا دوای دووجار و سێ جار ئنجا لێپرسینەوە دەکات دەبینرێت، ئێمە کە حکومەتی هەرێم بەهی خۆمان دەزانین ڕەخنەی لێدەگرین کەپێش ئەنجامدانی تاوانەکان و کارەساتەکان بەرنامەسازی نیە بۆ چاکسازی و بردنی کۆمەڵگا بۆ ئاستێکی بەرز، لەبەرئەوە سروشتییە ڕۆژبە ڕۆژ ئەو کۆمەڵگایە دەگەنێت و تاوان و شتی نوێی تێدا سەرهەڵدەدات بەتایبەت ئێستا کە کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەکی داخراو نیە، جورئەتی ئەنجامدانی تاوان و ئاسانی کوشتن لە فیلمەکاندا دەبینێ، جورئەتی خەڵکیش لە کوردستان لە سڵ نەکردنەوە لەو تاوانانە ئەوە دەسەلمێنێت کە لە هەرێمی کوردستانیش دەسەڵاتی یاساییمان نیە،ئەوەی هەیە دەسەڵاتی دوو حزبە، تەنانەت خۆیان پابەند نین بەو یاسایانەی دەریانکردووە لەپەرلەمان، یاسا و بڕیاریش کەدەردەچێت یەکەم لایەن کەدەبێت پێوەی پابەند بێت حکومەتی خۆیەتی، لە هەموو یاساکانیشدا کەشوهەوای ڕێگریکردن یا پێشگیریکردن لەتاوان هەیە پێش ئەنجامدانی، بۆیە خاڵی دووەم ئەوەیە کاتێک کە تاوانەکە ڕوویدا تاوانبار بە هەر سزایەک سزا بدەی ناکاتە ئەوەی کە ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی تاوان چونکە دەرگای ئەولا کە زەمینەسازییە بۆ ئەنجامدانی تاوان کراوەیە، بۆیە بە بڕوای من دەبێت هەردوو دەرگاکە دابخرێت.
ڕێگریکردن لە زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی تاوان ئەرکێکە لەسەر تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم کە لەو ڕووە بەڕاستی هەر زۆر کەمتەرخەمن و نەیانکردووە، ئێستا حکومەتی هەرێم لەبری خەریکی ئاڕاستەکردنی میللەتەکەی خۆی بێت کەچی خەریکی کێشەیە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی.
یان ئەو کەسەی تاوانێک دەکات کەسێکی کوشتووە لەدادگا بیست ساڵ حوکمدراوە، پێویستە ئەو حوکمە تەواو بکات، بەڵام یا لێبوردنێکی گشتی بۆ دەردەکەن، یاخود تیلفۆن بۆ کەسوکاری دەکەن بەزۆر سوڵحێکی پێدەکەن بەناوی سوڵحی عەشایەری کەبەڕاستی خۆی لەڕاستیدا سوڵحی بەزۆرە بە کەسوکاری قوربانی دەکەن، دۆخێک دروست دەکەن بۆ کەسوکاری قوربانیەکە کە بترسێنرێت و سوڵحەکەی بە زۆر پێ بکەن دواتریش بەلێبوردنی گشتی، یان تایبەت کەئێستا پەرلەمان نیە ئازادی دەکەن، هەرئەوەی کەخەڵکی کوشتووە هەر ئەوە خەڵک دوای چەند ساڵێکی کەم دەیبینێ لە بازاڕ ئازادانە دەسوڕێتەوە، ئەمە وایکردووە ئەو تاکانە خۆیان لەسەرویاساوە ببینینن کە دەسەڵات وایکردووە جا بەمەبەست بێ یا بێ مەبەست بێت.
کاتێک چەکێک لە دەرەوەی دەوام دەدرێتە کەسێک کە دەوامی نیە و لە ئەرکی فەرمیدا نیە بەرپرسی ئەو هێزە دەبێت پێشبینی ڕوودانی تاوانی لێبکات ئەمەیە کەمن دەڵێم پێشگیری کردنی پێش وەختە لە تاوان، بەڕاستی جێی خۆیەتی داواکاری گشتی لەسەر ئەمە بێتە وەڵام و سکاڵا تۆمار بکات واتای چی کە کەسێک لە دەرەوەی دەوامە بەڵام چەکی پێدەدرێت بسوڕێتەوە؟!
زۆر لەو تاوانانە پێش ڕوودانیان بەرپرسانی هێزەکە ئاگادار کراونەتەوە، بۆ نمونە کوشتنی چایچییەکە کەهێزەکەی ئاگادار کردۆتەوە کەئەندامێکی ئێوە هەڕەشەم لێدەکات بەڵام گوێیان پێنەداوە، دەیان حاڵەتی لەوجۆرەمان هەیە، بۆیە من پێموایە دەبێت دەستکاری عەقڵییەتی بەرپرسیارانی سیاسی پێشوەختە بکرێت،دەستکاری عەقڵی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و وەزیری ناوخۆ بکرێت، دەبێت پێش، پۆلیسێک پێشمەرگەیەک خول بۆ ئەو بەرپرسانە و بەرپرسانی هێزەکە بکرێتەوە کەجن ئەرک دابەش دەکات و چۆن و کەی چەک دەداتە ئەندامانی هێزەکەی، وە ئەو کەسەی لەو هێزانە کەسێک دەکوژێت یا بەرپرسە یا بەرپرسی لەپشتە، لەوەبەدەر نیە، بەڵام حەزدەکەم بزانن دوایی ئەم بابەتە پێچەوانە دەبێتەوە و دەشکێتەوە بەسەرخۆیاندا، پاشئگەردانییەک دروست دەبێت، کێشە بۆ خۆیان دروست دەکەن کەدواتر خۆیان ناتوانن چارەسەری بکەن.
من سەرۆکی داواکاری گشتی بوومایە،لەو حاڵەتانەی ئەندامانی هێزە چەکدارەکان کەسێکی بێ تاوان دەکوژن، نەک هەر تۆمەتبارەکە بەڵکو ئەوانەی کەمتەرخەم بوون بە بەرپرسی هێزەکەشیەوە دەمدان بەدادگا،بەداخەوە ئەگەرچی تاڕادەیەکی باش داواکاری گشتی ئەمەی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاسای داواکاری گشتی ئەو دەزگایەی کردۆتە سەر وەزارەتی دارایی بۆیە تاڕادەیەک دەستییان گیراوە.
زیندانەکانیش کەناونراون چاکسازی چاکسازی نین، حوکمدراو بەوجۆرە ڕاهێنانیان پێناکرێت کەبیانخەنەوە ناو کۆمەڵگا، بەپێچەوانەوە ئێستا لەزیندانەکانەوە تاوانباری حوکمدراو ئینتەرنێتی خراوەتە بەردەست لەو زیندانانەوە هەڕەشە لە کەسوکاری قوربانیان دەکات، خەڵک هەیە ئالودە نەبووە لەسەر بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، بەڵام کاتێک خراوەتە زیندان لەوێ ئالودە بووە.
پارێزەر هۆشیار:
هێزە چەکدارەکان ئەوانەی بەفەرمی چەکیان پێییە باسی ئەوانە ناکەم لەدەرەوەی یاسا چەکهەڵدەگرن، بەڵکو ئەو هێزە ئەمنی و چەکدارانەی بە فەرمی چەکییان پێییە، چەک، جل و بەرگ و موچە و هەموو شتێکییان لەسەر داهاتی گشتییە کەهی خەڵکە، کەچی ئەوە تەنها لە کوردستان دەبینرێت ئەو هێزانەی کە بەپارە و داهاتی گشتی خەرجییان بکرێت بەڵام چەکەکانیان دژی خەڵکەکەی خۆیان بەکاربهێننەوە، جگەلەوە نزیکەی ٣٢٠هەزار هێزی چەکدار بەناوی جۆرا و جۆر هەیە، باشە هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی بچوکە لەعێراق ئەو ژمارە زۆرە چەکدارەی بۆچیە خۆ یەکێتی سۆڤیەت نیە، بەڵکو هەرێمێکی بچوکە، قابیلە ئەو ژمارە هێزە زۆرە کەبوونی هەێت هەرچاوەڕێی ئەوکارانەیان لێدەکرێت قابیلە چاوەڕێی چیترییان لێبکرێت؟!
دووەم، بنەمای دروستبوونی هەموو ئەو هێزە ئەمنی و چەکدارانەی لەکوردستان هەن خۆ لەئەسڵەدا بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتی و کەرامەت و ئازادییەکانیاندروست نەکراون، بەڵکو لەبنەڕەتدا بۆ پاراستنی حزبەکانیان یا چەند گروپێک لەناو ئەو حزبانە یاخود بنەماڵە لەناو ئەو حزبانە دروستکراون،ئەو هێزانە بۆ ململانێی حزبی، یاسبەی ئەگەر چالاکوانێک ڕەخنەی گرت، یا ڕێکخراوێک، ئەو هێزانە دەکەن بەگژیاندا.
بەبۆچونی من کێشەی ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەو هێزە چەکدارانەیە کەبەیاسا لەژێر ناوی جۆرا و جۆر دروستکراون،نەک هێزی دەرەوەی یاسا،جارێ دەبێت ئەوانە چارەسەر بکرێن کە چارەسەرەکەی تەنها ئەوەیە لەڕیشەوە بێت چونکە بنەمای دروستکردنیان غەڵەتە، پێویستە هەموو ئەو هێزانە هەڵبوەشێننەوە، هێزی نوێ وەک وڵاتانی بەشەر دروستبکەینەوە باژمارەیان ئەوەندە زۆر نەبێت بەڵکو ژمارەیان کەمتر و وە ڕێکخراوتر بێت بەپێی یاسا ڕاهێنانیان پێبکرێت، ڕابهێنرێن هەڵگرتنی چەک بەناوی یاساوە بەرپرسیارێتی قورسە، نەک چەکی دوای دەوامیش پێی بێ لەماڵەوە ژنی پێدەکوژێت یا لەفڕنی نان و سەمون بەکاریدەهێنێ،لەکوردستان هێز هەیە لەسەر بودجە و قوتی خەڵکە کەچ نەک هەر خەڵک نایانناسێت بەڵکو دەمامکی ڕەشیان بەستووە.
شاری هەولێریش هەروەک سلێمانیە، جیاوازی نیە هەمان کێشە هەیە، هەر بۆ نمونە پێنج دواین کەیس وەربگرە کە ڕای گشتی دروستکردووە یەکێک لەو کەیسانە بەلانی کەم ئەندامێکی ئەو هێزە ئەمنی و چەکدارانە دەستی تێیدابووە بەڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، ئەوە بۆ کەیسی جینائی، خۆ کەیسی مەدەنی هەرباس ناکرێت کە بەدەیان فێڵ و پارەخواردن و بردن دەکرێت هەر لەلایەن ئەو کەسە چەک بەدەستەکانەوە، کە بەپێی یاسا چەکیان هەڵگرتووە کەچی یاسا شکێنی بەو چەکانەیان دەکەن.
ساڵی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەکمان کرد لەسەر تێوەگلانی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هەرێم لە تاوانەکان کرد لەهەردوو دەزگای دادوەری عێراق و هەرێم، جا ئیتر لە دەزگای ئاسایش، پۆلیس، یا زانیاری و پاراستن، دژەتیرۆر یاخود کۆماندۆیە، یا حەشدە یا سەر بەهێزێکی عێراقیە، ئامارەکە بەوجۆرەبوو بەنزیکەی لە ٧٠%ی ئەو تاوانانەی کراوە ئەندامێکی ئەو هێزانە بەڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەستیان تێیدا هەبووە.
هاووڵاتی دەبێت هەست بە سەروەری یاسا بکات، هەست بەوە بکات ئەو هێزە ئەمنیانە بۆ پاراستنی ئەوانە،ئێستا بەپێچەوانەوەیە خەڵک هێزی ئەمنی دەبینی دەستبەجێ هەوڵدەدات لێی دووربکەوێتەوە، چونکە دەزانێت ئەو هێزە توشی کێشەی دەکات، ئەوە هەستی من نیە بەتەنها هەستی هەموو خەڵکێکە لە کوردستان،لەبەرئەوەی خاوەنی دیسپلینێکی یاسایی نین، منی هاوڵاتی لەسەر شەقام توشی کێشەیەک ببم هێزێکی ئەمنی ببینم ئەگەر کەسێک لەو هێزە بناسم ئەوا بەرامبەری من تێداچووە با حەقیش لای من نەبێ، وەئەگەر ئەوەی بەرامبەرم کەسێک لەو هێزە ئەمنیانە بناسێت ئەوە من تێییدا چووم.
پارێزەر ڕێڤینگ یاسین:
لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەداخەوە هێزە ئەمنی و چەکدارەکان کەچەکیان دەدرێتە دەست بەهۆی ئێوەی ڕاهێنانی پێناکرێت کەئەو چەکە بۆ پاراستنی یاسایە نەک پێشێلکاری، کەچی ئەو کەسە وابیردەکاتەوە چەکەکەی بۆ موکافەئەیە و پاداشتی خۆیەتی بۆ پاراستنی خۆیەتی،خاڵێکی تر سەروەر نەبوونی یاسایە کە ئەو چەکدارانە دێن کەسێک دەکوژن هەروەک مامۆستا بەکر حەمە سدیقە وتی، دواتر لەژێر فشاردا دێن سوڵحی عەشایەری بۆ دەکەن و ئەو کەسە ئازاد دەکرێت دواتر کڵاشینکۆفێک یا دەمانچەیەکی تری دەدەنەوە دەست و دێتەدەر لەناو بازاڕدا پێوەی دەسوڕێتەوە و جارێکی تر کەسێکی دەکوژێتەوە.
خاڵێکی تریش باوەڕ نەبوونە بەیاسا بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان، بۆ نمونە هەر لەدهۆک لەم ماوەیەدا کەسێکی پلەدار چەکی بەکارهێنا بەرامبەر هاوڵاتییەک.
هەر ئەم لێبوردنە گشتیەی ماوە ماوە لەکوردستان دەردەچێت و ڕێگەنادەن تاوانبار حوکمی خۆی تەواو بکات و ببێتە هۆی عیبرەت وای لەخەڵک کردووە پەنا بباتە بەر کوشتن، هەر لەم دهۆکە کەیس هەبووە وتویەتی دەچم دەیکوژم دواتر بەلێبوردنی گشتی و سوڵح ڕزگارم دەبێت،،خۆشبەختانە ڕێگریمان لێیکردووە کەپەنا بباتە بەر یاسا، بەڵام ئەوە یەک ڕێگری لێکرا ئەی ئەوانی تر.
هێز هەیە لەم دهۆکە بەبێ ئەوەی کاری ئەو بێت چووە تۆمەتباری دەستگیرکردووە و ڕادەستی پۆلیسی کردووە، لەبەرئەوەی ئەوکەسەی تاوانەکەی بەرامبەر کراوە ئەندامی ئەو هێزە خۆی بووە، داواکاری گشتیش ناتوانێت هیچ بکات، نەک هەر بۆ بابەتی بەکارهێنانی چەک، ئەوەتا سەر زەوی و ژێر زەوی فرۆشراوە، دەیان کیلۆمەتر هێزی وڵاتێکی تر هاتۆتە دهۆک داواکاری گشتی هیچ ناڵێ و یەک هەڵوێستی نەبووە، داواکاری گشتی هەیە لەم دهۆکە لەسەر وتنی ڕاستی بۆ چەند شوێنێک نەقڵکراوە، کێشەی ئێمە سەرچاوەیە، سەرچاوەکە پاک نیە کە حکومەتە بۆیە هەموو شوێنەکانی تر بەو جۆرەیە.