شەوی دووشەممە جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر یەکێک لەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە ڕاوێژکار و سەربازی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لێـیە. فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت لە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگرەوە لە شارۆچکەی حەدیسە 2 موشەک گیراوەتە بنکەی عەین ئەلئەسەدی هێزی ئاسمانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار کە لەوێ ڕاوێژکارانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لێیە. دەشڵێت هێزە ئاسایشییەکان دەستیانگرتووە بەسەر ئۆتۆمبیلەکە و 8 موشەکی دیکەی تێدابووە کە بۆ هەڵدان ئامادەکرابوون. لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک کاربەدەستی ئەمەریکایی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وتووە لە ئەنجامی ئەو هێرشە بە لایەنی کەم 5 سەربازی ئەمەریکایی برینداربوون و یەکێکیان برینەکانی قورسە. کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە هێرشەکە ئاگادارکراونەتەوە و تاووتوێی چۆنیەتی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکایان کردووە و هەروەها چۆن ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، کاربەدەستانی عێراق ئەم هێرشە مەترسیدارەیان تەنیا بە ڕەفتارێکی بێباکانە ناودێرکرد کە وەک دەڵێن بۆی هەیە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە بگەیەنێت. پاشان وەک هەموو جارێک دەڵێن کاردەکرێت بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و دادگاییکردنیان.
دەپرسین:
بۆچی کاربەدەستانی عێراق لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانە بە زمانێکی نەرم لێدوان دەدەن و بە کاری تێرۆرستی ناودێریان ناکەن؟
ئایە ئەو گروپە چەکدارانە سەر بەو حزبانەن کە لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدان؟
کێ ئەو چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلانە بۆ ئەو گروپانە دابین دەکات؟
ئەگەر بێت و ئەمەریکا کاردانەوەیەکی توندی هەبێت بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر سەربازەکانی لە عێراق، هەڵوێستی حکومەتی عێراق چۆن دەبێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی.
Your browser doesn’t support HTML5
ئەبوبەکر کاروانی
واقیعی عێراق جۆرێک لە ناسەقامگیری ڕووپەردەپۆشکراوی تێدایە، حکومەتی عێراقی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی نییە بەسەر چەک لەعێراقدا، لە عێراقدا 87 میلیشیا هەیە کە هەندێکیان لە چوارچێوەی (حەشدی شەعبی) دا کۆبونەتەوە و هەندێکیشیان لە دەرەوەی حەشدی شەعبی ناوی جیاواز بەکاردەهێنن بەتایبەتی بۆ ئەو پەلاماردانانەی کە دەکرێتە سەر ئەمەریکاییەکان، لەڕاستیدا عێراق ناوچەی (نفوز–کاریگەی ) ئێرانە، بەشێک لەو هێزانەی لە حکومەتی عێراقیدا هەن هێزیان هەیە لە حەشدی شەعبیدا.
حکومەتی عێراقی دەسەڵاتی تەواوی بڕیاردانی نییە نە لە ڕووی سیاسیەوە نە لە ڕووی سەربازییەوه، بەڵکو هەوڵدەدات جۆرێک لە هاوکێشەکە ڕابگرێت لەنێوان ئەمەریکا و گروپە چەکدارەکان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆئەوەی دۆخەکە زیاتر دانەڕوخێت، بەیاننامەکەی عێراق دەیەوێت زیاتر لێپرسراوێتی لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.
ئەمەریکاییەکان زانیاری تەواویان لایە بۆیە بەبڕوای من قەناعەتیان پێی نییه، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوەیان مەحکومە بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و جۆری ئیدارەکردنی بۆ ململانێتیەکە لەناو عێراق و دەرەوەی عێراقیش.
بەبڕوای من دۆخی عێراق هەر بەوجۆرە دەڕواتە پێشەوه، بەڵام ئەگەر گۆڕانێکی گەورە ڕووبدات بۆنموونە شەڕ پەرەی سەند ئەوکاتە ڕەنگە جۆرێک لە گۆڕان لە عێراقیش ڕووبدات ئەویش دەرگای کراوەیە بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر.
کە ناوێکی تازە دێتە پێشەوە سەبارەت بە گروپە چەکدارە هێرشبەرەکان، مەرج نییە گروپێکی تازە بێت، بەڵکو زۆرجار هەمان گروپە و بۆ چەواشەکردنی بەرامبەرە بۆئەوەی هێزێکی تر لێپرسراوێتی نەکەوێتە ئەستۆ، خۆیان ناو دائەهێنن، ناوهێنان پەیوەست نییە بە گروپی تازەوە هێندەی پەیوەستە بە دەستوەشاندنی تازەوە.
هەموو ئەو گروپانە لە چوارچێوەی (حەشدی شەعب)دا هێزی چەکداریان هەیه، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی ئەوان پێیانوایە ئەم گروپانە یاخی بوون لەوانیش و لە دەوڵەتیش کە لە دەرەوەی حکومەتی عێراق مامەڵە دەکەن لەڕاستیدا جۆرێکە لە ئیدارەکردنی ململانێکان.
یەکەم ئاماژه بۆ هێرشەکەی سەر بنکەی(عەین ئەلئەسەد) ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران و (بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی)، ئەمەریکا بە لێپرسراوی هاوبەش دەزانن لەگەڵ ئیسرائیل دا بۆ ئەو شتانەی لەو ماوانەی ڕوویدا بەتایبەتی مەسەلەی تیرۆرکردنی سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی حزبوڵا و (هەنیە) لە تاران، وەڵامەکەش هەردووکیان دەگرێتەوە کە وردە وردە زەمینە ساز دەکەن بزانن کاردانەوەی ئەمەریکا چۆن دەبێت بۆئەوەی ئیدارەی ململانێکان دەست پێبکەن.
هەم ئێران و هەم ئەمەریکا زانیاری هەواڵگریان دەربارەی هەموو شتێک هەیه، بەڵام لەڕاستیدا چاوپۆشی لە یەکتری دەکەن وەک بەشێک لەو گەمەیەی کە لە ناوچەکەدا دەیکەن، جاری واش هەیە ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر دانانی سەرۆک وەزیران لە عێراقدا ڕەنگە ئەمەریکاییەکان بیر لەوە بکەنەوە ئەوەی لە لوبنان و تاران کردیان لە عێراقیش بیکەن.
ئاشکرایە ئەو گروپانە بەشێکن لە (بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی)، بەشێک لەو هێزانەی لە حکومەتی عێراقدان هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، هێزی حەشدی شەعبیش دەکرێت وەکو پەردە لەلایەن ئەو گروپانەوە بەکاربهێنرێت.
عێراق بڕیاری شەڕ و ئاشتی بەدەست خۆی نییە هێندەی بەدەست (بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی) یە بۆیە قورسە عێراق خۆی بەدوور بگرێت لەو مەسەلەیە ئەگەر عێراق بەتەواوەتیش نەچێتە شەڕەکەوە بەشێک لە پریشکەکانی شەڕەکە بەدڵنیاییەوەلە بەغداد و ئەنبار دەبێت هیوادارین لە هەولێر و سلێمانیش نەبێت لەبەرئەوەی زۆرجار وەک تۆڵەسەندنەوە لە ئیسڕائیل پەلاماری هەرێمی کوردستان دراوە واتە مێژوویەکی تاڵ و ناخۆش لەوبارەیەوە هەیە .
ئێستا جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان هەولێر و تاراندا هەتاڕادەیەک ئەو شتانەی کەم کردۆتەوه (پاساوەکانی ئێران بۆ بوونی بنکەکانی مۆساد)، ئەگەر ئەو لێکتێگەیشتنە کێشەی بۆ دروست بوو بە بڕوای من ئەو کارتە یەکسەر زیندوو دەبێتەوە.
بەبڕوای من هەموو شتێک لەم ناوچەیە کاتییە لەبەرئەوەی ڕێککەوتێکی سیاسی یە و دۆخەکە پەیوەندی بە ئیدارەکردنەوە هەیە لەگەڵ کۆی مەلەفی عێراق دەمێنێتەوە سەر قەناعەتی ئەمەریکاییەکان هەتا چەند ئامادەن عێراق ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن، وە هەتا چەند سوودی مانەوەی خۆیان دەبێت، وە هەتا چەند ململانێکان بەجۆرێک پەرە دەسەنێت کە هێڵە سوورەکان تێدەپەڕێنێت.
ئەگەر ئەو گروپانە بەجددی لەگەڵ ئەمەریکاییەکان ڕووبەڕوو ببنەوە بێگومان ئەمەریکاییەکان باجی گەورە دەدەن ئاسان نییە بۆ ئەمەریکاییەکان ڕووبەڕووی هەندێک گروپ ببنەوە کە وەکو تارمایی زۆرجار شەڕی پارتیزانی دەکەن.
دەیانەوێت فشار بکەن هێزە ئەمەریکاییەکان قۆناغ بە قۆناغ بکشێنەوە بۆئەوەی ئەمەریکا بەتەنها (هێزی کاریگەر) نەبێت لە عێراقدا هەروەها دەستکراوە نەبێت و توانای سەربازی بەوجۆرە نەبێت کە هەیەتی.
هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەمەریکا زۆر لاوازە، عێراق دەیەوێت هاوسەنگیەک ڕابگرێت واتە ئیدارەی ململانێکان دەکات و ناتوانێت چارەسەری بکات و ناتوانێت بەتەواوەتی نە بەلای ئەمەریکا و نە بەلای ئێراندا یەکلایی ببێتەوە.
ئێران دەسەڵاتێکی گەورەی لە عێراقدا هەیە، هیچ سەرۆک وەزیرانێک ناتوانێت ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئێران نەکات بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەوانەی وەکو ئەو بیردەکەنەوە لە دۆخێکی سەخت و دژواردان و حەسودییان پێ ناخوازرێت.
مەگەر ئەمەریکا فشارێکی گەورە بکات و ئەو هێزانەی هاوپەیمانی ئێرانن لەعێراقدا بژاردەیان نەمێنێت و بەناچاری ڕادەست ببن هەرچەندە ئەوەش زەحمەتە.
لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بێت (دەرچوونی هێزە ئەمەریکیەکان لە عێراق) دەبێت بەیەکێک لە کەرەستەکانی پروپاگەندە بەدەست هێزە عێراقیەکانەوە.
من پێموایە زۆربەی هێزە سەرەکیەکانی عێراق دەیانەوێت ئەمەریکا لە عێراق دەربچن و بەرژەوەندیان لەگەڵ مانەوەیان نییه، بەڵام گومانم هەیە هەموو گروپە چەکدارەکان حەز بکەن ئەمەریکا دەربچێت لەعێراق لەبەرئەوەی نانیان لەسەر ئەو هێزانە دەبێت قەزیەکی تر بدۆزنەوە بۆئەوەی پاساوی بوونی خۆیان بدەنەوە.
ئەمەریکاش دیدگایەکی خۆیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ململانییەکان لەناوچەکەدا واتە بەئاسانی ناچنە ژێرباری هەندێک شتەوە.
هەڵوێستی ئێرانیش پێی وایە ئەو گروپانە بەشێک لە (بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی) و پشتیوانیان لێ دەکات.
هەرێمی کوردستان بە تێگەیشتنی لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران خۆش بێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداد زۆر گرژ نەبێت چونکە ئەگەر ئەو دوو حاڵەتە ڕووبدات پەلاماردانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەولێر دەست پێدەکاتەوە.
من پێموایە هەرێمی کوردستان خۆی نەیتوانیووە مامەڵەی جددی لەگەڵ ئەمەریکاییەکان بکات ئەگەر لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەقسەی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەوروپیەکانیان بکردایە ئێستا هێزێکی گەورە و تۆکمە و مەشق پێکراوی یەکگرتوومان دەبوو ئەوکاتە کارتێکی گەورە دەبوو بەدەست هەرێمی کوردستانەوە.
ئەوەی لەعێراقدایە جۆرێک لە ئیدارەکردنی ململانێکان و کات بەڕێکردن هەیە لەهەمانکاتدا هەرێم ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا بکات.
ئەگەر هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوومان هەبوایە و ناوچەی زەرد و سەوزمان نەبووایە و ئەمەریکاییەکان بیانتوانیایە گرەوی لەسەر بکەن لەبەرئەوەی ستراتیژی ئەمەریکا وایە نایەوێت سەربازەکانی خۆی تێکەڵ بەشەڕەکان بکات، بەڵکو دەیانەوێت هاوپەیمانی هێزی پیادە لە ناوچەکە هەبێت.
ئەگەر لە هەر شەڕێکدا پەیوەندی بە عێراقەوە یان بە ئێرانەوە یان بە تورکیاوە هەبێت هەرێمی کوردستان ناتوانێت وەکو هێزێکی یەکگرتوو شەڕ بکات و ناتوانێت بەقورسی بەرگری لێ بکات.
ئەگەر هێزێکی یەکگرتوو تۆکمە و بەهێز لە کوردستان هەبووایە بەدڵنیاییەوە ڕەنگە دۆخی سوننەش باشتر بووایە دۆخی شیعەش باشتر بووایە حسابی زۆرتریان بۆ ئێمە و هێزەکەمان دەکرد.
لە ئایندەیەکی نزیکدا حکومەتی بەهێز لە عێراقدا زەحمەتە مەگەر گۆڕانکاری گەورە ڕووبدات لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان لەناو خودی عێراقدا ڕووبدات ئەو هاوکێشانەی حکومی عێراق دەکەن بگۆڕدرێن.
کۆنتڕۆڵکردنی ئەم گروپانە پەیوەندی هەیە بە بوونی (بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی بەسەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران) و بەرامبەرەکانی، ئەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا هەیە ئەمە جەوهەری کێشەکەیە.
جگەلەوەی عێراق خۆشی وەکو دەوڵەتێک ڕووخاوە واتە خەسڵەتی دەوڵەتی تێدا نییە هێندەی قەوارەیەکی نێودەوڵەتیە و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
هەتاوەکو میلیشیا هەبێت و چەک لەدەستی حکومەتدا نەبێت و دەستێوەردانی دەرەکی هەبێت، وە عێراق نەتوانێت بڕیاری سەربازی و سیاسی خۆی بەتەواوەتی دروست بکات و عێراق ناتوانێت بەوجۆرەی خۆی دەیەوێت مامەڵە بکات.
حکومەت دەسەڵاتی بەسەر ئەو گروپانەدا ناشکێت، سوپای عێراق ناتوانێت زاڵ ببێت بەسەر ئەو گروپانەدا تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە بێگومان هەر سەرۆک وەزیرانێک هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو گروپانە بدات دەیڕوخێنن و لە دەسەڵات دووری دەخەنەوە
هەر سەرۆک وەزیرانێک لە چوارچێوەی ستراتیژی هێزە شیعەکاندا نەجوڵێتەوە چارەنوسی وەکو کازمی دەبێت.