خواستی لاوان و گەنجانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی لاواندا

ئەمڕۆ ڕۆژی نێونەتەوەیی لاوانە و دەمانەوێت لەم ڕۆژەدا تیشک بخەینە سەر دۆخی لاوان و گەنجان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئەو گیروگرفتانەی دووچاریان دەبێت، وە هەروەها چۆن دەکرێت کێشەکانیان چارەسەر بکرێن و ئاواتەکانیان بێتە دی.

دەپرسین:

هەلەکانی درێژەدان بە خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری بۆ لاوان و گەنجان لە هەرێمی کەردستان لە چ ئاستێکدایە؟

پرسی بێکاری و خراپی باری ئابوری هەتا چەند کاریگەری لەسەر لاوان و گەنجانی هەرێم هەیە؟

ڕێژەی بەشداری گەنجان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چ ئاستێکدایە؟

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پەیوەندیکردن و بەدەستهێنانی زانیاری لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە چەندە کاریگەرییان لەسەر گەنجانی هەرێم هەیە؟

حکومەت چۆن دەتوانێت کێشە سەرەکییەکانی گەنجان چارەسەر بکات؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

مامۆستا شاگوڵ حەسەن، مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی شەقڵاوە- بەشی پەرستاری.

ئەزمەڕ خەلیل، جێگری بەڕێوبەری گشتی لاوانی هەرێمی کوردستان.

ئامانج هەرکی، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی لاوان و وەرزش لە پەرلەمانی عێراق.

Your browser doesn’t support HTML5

خواستی لاوان و گەنجانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی لاواندا

شاگوڵ حەسەن:

گەنج ڕۆڵێکی زۆر کەمی پێدەدرێت لە زۆر بواردا هەرچەندە ئێمە دەتوانین سوود لە بەهرە و چالاکی گەنجان وەربگرین ئەگەر ڕۆڵێکی گرنگ بدەین بە گەنجان و دەتوانین سوودێکی زۆریان لێ وەربگرین لەزۆربەی بوارەکانی ژیاندا و لە پێشکەوتنی وڵاتیشدا بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گەنج بەتەواوەتی پشتگوێ خراوە هەم لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتگوێ خستن هەیە هەم بۆخۆشیان ساردبوونەوە لە گرینگیدان بە بەهرەکانی خۆیان کە هەتاڕادەیەک گەنجان لەئێستادا بە شتی لاوەکیەوە خەریکن و خودی گەنجانیش خۆیان بەرپرسن چونکە هیچ شتێک بەبێ ماندووبوون بەدەست نایەت، گەنجی ئێمە دەیانەوێت هەموو شتێک بەدەستبهێنن بەبێ ئەوەی هەوڵی بۆ بدەن ئەمەش بە هۆکاری خراپ گوزەرانی خەڵک لە ئێستادا و ئەو قەیرانە داراییانەی کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە وایکردووە ئیش و کار کەم ببێتەوە یاخود کارکردن بە پارەیەکی کەمە کە لەوانەیە بەشی داهاتی ڕۆژانە نەکات ئەمەش وا لە گەنج دەکات ساردبێتەوە و ڕقی لەوەبێت کە لێرە دەژی وەک دەبینرێت ساڵانە و مانگانە چەندین گەنج ڕوو لەدەرەوەی وڵات دەکەن و تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن لە ڕێگادا هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە هەلیان بۆ نەڕەخسراوە بتوانن بەتەواوەتی کاربکەن و بەشی داهاتی ڕۆژانەیان بکات.

ئەگەر هەموو مانگێک مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت لەوانەیە بتوانین ژیانێکی ئاسایی بەڕێ بکەین کە بەشی داهاتی ڕۆژانە بکات و پێویست نەکات قەرز وەربگرین یان پێویستمان بەوە نەبێت کە کارێکی تر بکەین چونکە وەکو دەبینرێت زۆربەی ئەوانەی کارمەندی حکومین بەدوای ئیشی دووەمدا دەگەڕێن لەبەرئەوەی ئەو داهاتەی دێتە دەستیان بەشیان ناکات یاخود فریاناکەون خەرجی مانگانەی خێزانەکەیان دابین بکات ئەمەش دیسانەوە وایکردووە هەلی کار بۆ گەنجانی دانەمەزراو کەم بێتەوە بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا.

تەکنەلۆجیا یەکێکە لە دروشمەکانی ڕۆژی گەنجان بەڵام لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دا هەتا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەو هۆشیارییەی تەکنەلۆجیا بەکاربهێنین بۆ شتە بەسوودەکانی ڕۆژانەمان

زۆربەی گەنجان ئەپەکان و تۆڕەکان بەکاردەهێنن تەنها بۆ بەسەربردنی کاتە بەتاڵەکانیان نەک تەکنەلۆجیا بکەنە سەرچاوەیەکی داهات بۆنموونە گەنج دەتوانێت لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە فێری زمان یان بەهرەیەک یان پیشەیەک ببێت.

ئەگەر حکومەتیش شتی باش بکات، بەڵام گەنجان خۆیان هۆشیار نەبن و بڕیار نەدەن ژیانی خۆیان بگۆڕن و بەرەوپێشەوەی بەرن ناتوانرێًت هیچ بۆ گەنج بکرێت.

دەبێت هۆشیاری تاک بەرز بکرێتەوە ئەمەش لەڕێگەی وەزارەتی وەرزش و لاوان و وەزارەتی پەروەردەوە دەبێت بنیاد بنرێتەوە.

وەک دەبینرێت پەروەردە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاستی دادەبەزێت، ئەگەر مناڵان لە باخچەی مناڵانەوە هۆشیار نەکرێنەوە ناتوانرێت کە گەورە بوو هۆشیار بکرێنەوە بەڕادەی پێویست لەوانەیە بتوانرێت کاریگەریەکی بچووکی لەسەر بکرێت بەڵام ناتوانرێت بەوشێوە بەرزە کاریگەری لەسەر بکرێت.

من لەلای خۆمەوە ئەوپەڕی هەوڵمداوە کە بتوانم پەروەردەیان بکەم لەگەڵ ئەوەی زانستەکەیان فێردەکەم بۆئەوەی بتوانن چۆن هەلی کار بۆخۆیان بڕەخسێنن، زۆر کەس هەن تەنها زانیاری وەردەگرن و نایکەنە ئەزموون.

(ستیودێنت سەنتەر) مان هەیە کە دەمانەوێت قوتابی بکەینە سەنتەری فێربوون لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکاندا ئەمەش وادەکات ئەو زانیاریانەی دەستی دەکەوێت بیکاتە ئەزموون و بتوانێت لەدوای تەواوبوونی خوێندن هەلی کار بۆخۆی بڕەخسێنێت .

ئەزمەڕ خەلیل:

ڕۆژی جیهانی لاوان لەلایەن ڕێکخراوی یونیسێف دەستنیشان کراوە لەساڵی 1998 وە لە وڵاتی نەمساوە بڕیاری لەسەر دراوە کە لەبنەڕەتدا چەندین سێکتەر لەخۆدەگرێت لەوانە خوێندن، هەلی کار، تەندروستی، ژینگە، دژی ئالوودەبوون بەگشتی کۆمەڵێک بابەتن لەمانە واتە هەر وڵاتێک بەپێی پێداویستی ئەو ساڵە یەکێک لەو خاڵانە پەسەند دەکات بەڵام لەهەمانکاتدا ڕێکخراوی یونیسێف ساڵانە بڕیار لە یەکێک لەو خاڵانە دەدات بۆنموونە ساڵانی پێشتر لەسەر پەروەردە، ژینگە یان تەندروستی بوو بەڵام ئەمساڵ دروشمیان لەسەر تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیە واتە گەنجان چۆن بتوانن لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیەوە بگەن بە ئاواتی خۆیان بۆیە ئەمانە هەمووی کۆدەکرێنەوە لە پاکێجێکدا ئێمەش وەکو حکومەت بتوانین یەکێک لەم بڕیار لەسەر یەکێک لەم دۆسیانە بدەین و ئیشی لەسەر بکەین.

ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی لاوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 48 ناوەندی وەرزشی و لاوانمان هەیە و چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان هەیە، ئەم چالاکیانە پەرت و بڵاون زیاتر سەرنجمان خستووەتە سەر قەراغ شار و گوندەکان و قەزا و ناحیە و کۆمەڵگەکان تەنانەت لەسەنتەری شار کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆرمان هەیە هەتا بۆمان بکرێت ئەو چالاکیانە لە ناوەندەکانی ئێمەدا بەبێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێن بەڵام ئەمانە بەشی هەموو گەنجانی هەرێمی کوردستان ناکات بۆیە پێویستی بە ژمارەی ناوەندی زۆرترە و بودجەیەکی زیاتری دەوێت لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتی لاوانی ئێمە هەوڵیانداوە لەڕێگەی پارێزگاکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوەبەردەوام چالاکی بکەن.

بەداخەوە نە لە هەرێمی کوردستان و نە لەعێراقیش دا یاسایەک نییە بۆ کاری خۆبەخشی واتە دەبێت یەکەمجار یاسایەک هەبێت بۆ ئەو گەنجانەی کاری خۆبەخشی دەکەن، ئێمە بە هەزارەها گەنجی خۆبەخشمان هەیە یەکێک لەو چالاکیەکانی ئێمە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی ژینگە و هەڵمەتی ئالودەبوونە کە ئەمانەش هەر لەڕێگەی گەنجانەوە دەکرێن، بۆیە ئێمە ئیشمان لەسەر ئەوە کردووە کە یاسایەک هەبێت بۆ کاری خۆبەخشی و پێشکەشی پەرلەمانمان کردووە و بۆتە پڕۆژە یاسایەک.

هەر یاسایەک کە دەردەچێت پێویستی بە دارایی هەیە بۆنموونە ساڵانی پێشوو قەرزی بچوک و سولفەی هاوسەرگیری و دامەزراندن هەبوو بەڵام ئێستا ئەمانە هیچی نەماوە کە گرفتە بۆ گەنجان

ئێمە داوامان کردووە لەڕێگەی دەستورەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لەسەر خەتین بۆئەوەی ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر بکرێت

کاری خۆبەخشی تەنها گەنجان ناگرێتەوە خەڵک هەیە تەمەنی گەورەیە و دەتوانێت کاری خۆبەخشی بکات بۆیە ئەمانە هەمووی دەبێت ڕێک بخرێتەوە

ئێمە کێشە و داواکاری هەموو گەنجانی هەرێمی کوردستانمان لەڕێگەی (ڕووپێکوێک)ەوە تازەش کراوەتەوە لەساڵی 2020 وە ئەنجامدراوە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق و دەستەی ئاماری هەرێم بەسەرپەرشتی (سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان) ئێمە پاکێجی هەرێمی کوردستانمان جیاکردۆتەوە و کێشەی گەنجی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە

ڕێژەی 65% ی دانیشتوانی عێراق گەنجە پێشبینی دەکەم هەتا ساڵێکی تر ڕێژەیەکی زۆر لە گەنجانی ئێمە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت و پێشبینی دەکەم ڕێژەی بێکاری ڕێژەیەکی زۆر نەبێت

ئامانج هەرکی:

ئەو یاسایانەی کە هەیە لە لیژنەی لاوان و وەرزشی یاسای یانە وەرزشیەکانە بێجگە لەو یاسایانە هیچ یاسایەکی تر نییە لە بەرنامەی لیژنەی لاوان و وەرزشی پەلەماندا نییە، بەشێوەیەکی گشتی یاساکانی عێراق هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بۆنموونە ئەو یاسایانەی لە 1986 وە دانراوە هەتائێستا هەمووار نەکراونەتەوە ، دوو خولی پەرلەمانە هەوڵدەدرێت بخرێتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە هەتا بتوانرێت هەمووار بکرێتەوە و زیاتر خزمەتی لاوان و گەنجان بکات

ئەم وەرزەش لیژنەکە بێ سەرۆک بووە لە بنەڕەتدا دەبێت هەر لیژنەیەک لە حەوت ئەندام کەمتر نەبێت لیژنەی وەرزش و لاوان تاکە لیژنەیە کە سێ ئەندامی تێدایە بەفەرمی، ئەندامەکانی تری وەکو لیژنەی دووەم بەشدارن تێیدا.

ئەوەی کە کردوومانە ئێمە وەکو لیژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمان کە شەش مانگە دەستمان پێکردووە کۆمەڵێک ڕۆڵی چاودێریمان کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی کاری وەزیر و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەت و یانەکانی تۆپی پێ و ئۆڵمپیاد

ئێستا تاکە یاسای کاری لەسەر دەکەین یاسای (یانە وەرزشیەکان) یە ئەمەش لەدوای چلەی (ئیمام حسێن) دەچێتە خشتەکاری پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەم کە بەشێوەیەکی گشتی خزمەتی لاوان دەکات بەڵام بەوردی خزمەتێکی واناکات کە بتوانرێت ژیانی گەنجان باشتر و ئاسانتر بکرێت

هەرێمی کوردستان وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی خۆی هەیە بەهیچ شێوەیەک تێکەڵ نابێت لەگەڵ لیژنەی کاروباری لاوان و وەرزشی بەغداد

من بۆخۆم کارم لەسەر ئەوە کردووە کە بتوانرێت شتێک بۆ لاوان بکرێت بۆ ئەوەی ئەو دەرماڵانەی کە بۆ یانەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە دابەش بکرێت بەسەر پارێزگاکاندا بەڵام ئەگەر هاتوو پارە تەبێت هەرێم و بەغداد ناتوانن هیچ بکەن

ئێمە داوامان کردووە بتوانرێت خەرجیەک دابین بکرێت بۆ ئەو یانە لاوەکیانەی کە لە شارەکاندا هەیە کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنەی هەیە لەنێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی

ئەگەر هاتوو ئەو کێشانە لەنێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیدا چارەسەر بکرێت بە تێپەڕبوونی کات ئەوانی تریش چارەسەر دەکرێن گەورەترین کێشەمان لەگەڵ بەغداد نەناردنی بودجەی هەرێمە

بەگشیتی دۆخی لاوان و گەنجانی عێراق خراپە لەڕووی پەروەردەوە خراپە کە لە 2003 وە هەتا ئێستا عێراق لەڕووی قوتابخانەوە کەموکورتی هەیە هەروەها لەڕووی نەخۆشخانەوە کەموکورتی هەیە،وە لەڕووی هەلی کارەوە عێراق کەموکورتی هەیە

بەهۆی ئەو گەندەڵیەی بیست ساڵی ڕابردووی کە هەبووە لەناو حکومەتەکانی عێراق هیچ شتێک بۆ لاوان نەکراوە

کەرتی تایبەت چارەسەری سەرەکی کێشەی لاوانی هەرێم و عێراقە، گەنجانی ئێمە بێ قەناعەتیان هەیە بەرامبەر کەرتی تایبەت وایانکردووە تەنها ڕوو لەدامەزراندنی حکومەت

بۆیە گەنجان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش هەمووی چاویان لەسەر دامەزراندنی حکومەتە

ئێمە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان هەیە، من وەکو خۆم بە هەوڵی کەسیی خۆم و بە دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەت توانیم لەماوەی سێ ساڵدا سەروو 500 هەلیکار دابین بکەم لە کەرتی تایبەتدا هەمووشیان دەستەبەری ئەوە دەدەن ئەگەر لە کارەکەشیان نەمان خانەنشینیان بۆ دەستەبەر بکرێت، ئێمە بۆ بۆ هەموو شتێک چاوەڕێی حکومەت بین ڕاستە گەنجانێکی زۆرمان هەیە هەوڵ دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەنجانی ترمان هەیە کەهیچ هەوڵێک نادەن یا نازانن،بۆیە ئێمە پێویستمان بەپەیمانگا و سەنتەر هەیە بۆ ئەوەی گەنجان دوای دەرچوون ڕابهێنین چۆن دەست بەکار بکەن.