لەم دواییانە گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە، ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە خەڵکی هەرێمەکەی لێکەوتووەتەوە، بەو پـێیەی پێشتر بووە کاتێک پەیوەندییەکانی ئەم دوو لایەنە سەرەکییەی هەرێم زۆر تێکچووە، ڕووداوێکی بچوک بوونەتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی چەکداری سەرانسەری لە نێوانیاندا.
دەپرسین:
هۆکار چییە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان هەتا ئەو ئاستە خراپ بووە؟
ئایە حزبەکانی دیکەی هەرێم هەوڵ دەدەن گرژی نێوانی پارتی و یەکێتی کەم بکەنەوە؟
ئایە هەردوو حزب کۆکن کە هەڵگیرساندنی هەر شەڕێکی دیکەی ناوخۆ هێڵی سوورە؟
هەتا چەند ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێم دەبێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
نیعمەت عەبدوڵا، سەرۆکی پێشووی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان.
دکتۆر یەحیا عومەر ڕێشاوی ، مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.
دکتۆر سۆران ئیسماعیل، پسپۆڕی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
دکتۆر تارق جەوهەر سارمەمی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5
نعمەت عەبدوڵا:
ئەو گرژیانە لە نێوان هەموو حزبەکاندا هەیە، هەمیشە ئەو باس و مشتومڕانە بێ سوودانە دووبارە دەکرێنەوە کە بەداخەوە ڕووداوەکانی چەندین ساڵ لەمەوبەر
دەهێنرێتەوە پێش، بەو شێوەیە ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکەن کە لە جیاتی ئەوە دەبێت هەر لایەنێک بێت باسی پرۆژەکانی خۆی بکات هەمیشە ڕق و کینە لەناو سەرکردە و بەرپرسەکاندا هەیە ئەوانە دەوروژێنرێت، واتە کێشەی کەسی و حزبایەتی تەسک دەهێنرێتە پێش نەک کێشەی خەڵک، هەر کەس بۆخۆی لە حکومەت بڕیار بدات، واتە ناتێگەیشتنی ئیداری و یاسایی هەیە هەمیشە ئەو گرژیانە لەناو حزبەکاندا وەکو نەریتێک لە پێش هەڵبژاردن دەکرێت بە تایبەتی لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کۆبوونەوە دەکەن، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکە لێدوانی پێچەوانە دەدەن. ئەو کاندیدانەی پەرلەمان ئەگەر دەربچن دواتر لە پەرلەمان دادەنیشن و دەبنە نوێنەری میللەت و پێکەوە لە لیژنەکان کار دەکەن دەبێت بایی ئەوەندە بهێڵنەوە نەک ببنە دوژمنی یەکتری. ئەو کەشەی ئێستا هەیە زۆر ناڕێکە و خەڵک هان نادات بۆ ئەوەی بچێت بۆ هەڵبژاردن، بۆیە پێویست ئارام بکرێتەوە و هێندە شانازی بەخۆوە نەکرێت کە دەبینرێت هەمیشە ڕاگەیاندنەکانی سەدام دێتەوە یاد کە وێنە و مشتومڕ و دژایەتی یەکترییە ئەگەر ئێمە پەرلەمانمان لەدەست بچێت کە کاروباری وڵات ڕێکدەخات و یاسا دەردەکات دەبێت بڵێن ئێمە بڵێین چ بەرپرس و سەرکردەیەکمان هەیە!
بە ڕای من ئەگەر ئەو دوو حزبە بیانەوێت هیچ گرژییەک ڕوو نادات، چونکە هەموو ئەو شتانەی کە ڕوو دەدەن فیتی خۆیانە من لەو بڕوایە نیم هیچ لایەنێک جورئەتی ئەوەی هەبێت دەست ببات بۆ شەڕ کردن، ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاگاداری هەموو حزبەکانیان کردووەتەوە، هەروەها ئەگەر هاتوو لە دوای 20 ی مانگی دە هەڵبژاردن نەکرێت هیچ سەروەرییەکی هەرێمی کوردستان نامێنێت. ئێستا بەداخەوە پیاوانی ئاینی و ڕۆشنبیرانیش و مامۆستایانی زانکۆ تێکەڵی ئەو بابەتە بوون لە جیاتی ئاوێک بکەن بەو ئاگرەدا کەچی خۆیان دەکەنە خاوەن، بۆیە دەبێت ناوەندێک هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و بتوانن هەڵبژاردنەکە بکرێت، من پێشنیار دەکەم بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت لەبەر ئەو مەترسیانەی کە باسمکرد.
دکتۆر یەحیا عومەر ڕێشاوی:
لە ساتەوەختی هەڵبژاردن کێبڕکێ لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا دروست دەبێت کە ئەمە حاڵەتێکی سرووشتیە بەڵام ئەوەی کێشەیە لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە زمانێکی
زبر و تەشهیر و ناوزڕاندن لەناو میدیا ئێستا دروستبووە، بە تایبەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستاندا حاڵەتێکی دەرونی لای خەڵک دروستبووە بەرامبەر ئەم دوو حزبەی دەسەڵات کە هەندێک جار لەناو فەزای سۆشیال میدیا پۆست و کۆمێنت دەبینرێت دەنووسرێت، "وازیان لێبهێنن با بەربنە گیانی یەکتری" ئەوەش ئاستێکی خراپترە لە زمانی نێوان یەکێتی و پارتی کە هەندێک گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی شەڕی ئەوان باشترە لەوەی ئاشت بن لەگەڵ یەکتریدا ئەمە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدارە، بەداخەوە ئەم دوو حزبە نەیانتوانی سەقامگیری ئابوری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکەن و نەیاتوانی هاووڵاتی خۆشگوزەران دروست بکەن و خەڵک بێتاقەت لە ڕووی دەروونیەوە پێشیوایە هۆکاری ئەم حاڵەتە دەروونییە هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتین ژینگەی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئەو ئامادەییەی تێدا نییە بۆ ئەم جۆرە شەڕانە چونکە لە ڕووی ئابورییەوە خەڵک بارودۆخی خراپە لە ڕووی سەقامگیری سیاسیەوە هەرێمی کوردستان دەیان کێشەی سیاسی هەیە، دۆخی ڕێگەوبان و کۆچی لاوانمان بەرەو دەرەوەی وڵات و دۆخی پەروەردە و خوێندن هەمووی ئەمانە ژینگەیەکی زۆر خراپ هەیە لە هەرێمی کوردستان کە خەڵک بەرگە ناگرێت کە ئەمەشی بێتەسەر کاریگەری دەروونی زۆر خراپی دەبێت لەسەر خەڵک کە ئەوەندەی تر بێ ئومێد دەبێت لە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، قسەی زۆر ئاست نزم دەکرێت لە نێوان سەرکردە سیاسیەکاندا کە مرۆڤ شەرم دەکات لە بیستنی مەترسی لێک بچڕاندن هەیە لە نێوان ئەندامانی یەکتریدا لە کاتێکدا بگوازرێتەوە بۆ ناو کەناڵە میدیاییەکان ئێستا بەهۆی سۆشیال میدیایەوە ئەندام ولایەنگرانی یەکتری بابەتاکان بڵاودەکەنەوە کۆمێنتی نەشیاو دەنووسن ئەگەر کەسێک وێنای هەرێمی کوردستان بکات لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەست دەکات کۆمەڵگەیەکی شبرز و لێک دابڕاو کە متمانە نییە لە نێوانیاندا هەموو قسە بە یەکتری دەڵێن هیچ کەس تەحەمولی ئەوی تر ناکات کە ئەمەش ژینگەیەکی خراپ دروست دەکات، هەندێک جار ئەم شەڕە سەرکردەی ژمارە یەکی لایەنە سیاسیەکان دەیکەن بۆ ئەوەی دڵی ئەندامەکانی خۆش بکات. لەناو فەزای سۆشیال میدیا دێت قسەیەکی زۆر ئاست نزم بەرامبەر لایەنەکەی تر دەکات کە وەها دەکات جۆرێک لە تۆران دروست ببێت. لە میدیا ئەمەش حاڵەتێکی نەخوازراوە کە خودی میدیا ئامرازێکە بۆ هۆشیارکردنەوە و پێدانی زانیاری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی وەکو ئەرکەکانی میدیا ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو زۆن و دوو حکومەت هەیە. لەبەر ئەوە هەتا سەقامگیریی دروست نەکرێت هەموو هەوڵەکانی مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ئاینی و لایەنەکان بۆ چاکسازیی بە هەڵە دەڕوات. هەندێک لە چاودێران پێیانوایە هەڵبژاردن یەکسانە بە ڕاگەیاندن لە سەردەمی سۆشیال میدیا ناکرێت بە خەڵک بوترێت سەرەتا و کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن چونکە ئێستا بە ڕاستی هەڵمەتی بانگەشە دەستیپێکردووە، تەنها ژمارەکە ناوترێت و لافیتە هەڵنەواسراوە، بە ڕاستی مانگێگ بۆ بانگەشە تاقەت پڕوکێنە و دەروونی خەڵک زۆر ماندوو دەکات ئەوەی کە خراپترە لەم دۆخەی ئێستادا بەبێ ئەوەی ڕێنمایی بڕوات بۆ ئەندامان و کادیرەکان شەڕەکە لەناو فەزای سۆشیال میدیا گەورەتر دەکرێت، من پێموایە ئەم ژینگەیەی کە ئێستا هەیە خەڵک بێ ئومێد دەکات لە دەنگدان نەک بچێت بۆ دەنگدان بەشدارینەکردنی خەڵک لە دەنگدان لە قازانجی یەکێتی و پارتییە، چونکە ئەوان ئەندام و لایەنگر و بەرژەوەندی خوازەکانی خۆیان زامن کردووە ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو دەنگە خۆڵەمێشییە کە بێ ئومێد دەبێت، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا وتەبێژەکان زۆرینەیان بەرپرسیارێتی نازانن کە دێنە سەر شاشە دەبنەوە بە کادێرێکی پلە یەکی حزبە سیاسیەکەی خۆی لەبەر ئەوە بەرپرسیارێتی هەموو لایەنێکە نەهێڵدرێت ئەو بارودۆخە بەرەو ئاقارێکی خراپدا بڕوات.
دکتۆر سۆران ئیسماعیل:
ئەگەر لە دوای پێنج ساڵ نەهێڵدرێت ئەو پرۆسەیە بە تەواوەتی بچێتەپێش دەبێت چی بە خەڵک بڵێین! هیچ گرەنتیەک نییە بەڵام پێموایە خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە
نەگاتە ئەو حاڵەتەی ساڵانی نەوەدەکان، بەڵام حاڵەتێکی تر هەبێت کە کێشەی گەورە دروست بکات ئەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە ئەو ڕۆڵەی خۆی نەبینیووە، چونکە کارەکتەری چاک لەناو پەرلەمان نەبووە یان کارەکتەرەکە نەیتوانییوە قۆناغی حزبی بوونی خۆی تێبپەڕێنێت ئەو ئیرادەی لە پەرلەمان هەبووە دەرئەنجام ئەوەبوو کە دادگای فیدڕاڵی دەستێوەردان بکات لە دۆخی ئێمە و کوردستان بکاتە چوار بازنە و کۆتاکان دیاری بکات لە هەموو کاتێک حزبەکان ئەوەندە زەخیرەیان بووە کە بتوانن بە شێوازی هێز شتەکان بەڕێوە ببەن پێموایە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەو ئاوە بشڵقێنرێت لەو بۆگەنییەی و بتوانن خەڵکی پێ ببەن بۆ سەر سندوقی دەنگدان بەدڵنیاییە ئەو زمانە زبرەی ئێستا کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوە ماوەی سێ مانگە هەڵمەتی هەڵبژاردن ناڕاستەوخۆ دەستیپێکردووە، دەبێت کۆمیسیۆنی بەغداد ڕۆڵی تەواوەتی بگێڕێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو خروقاتانەی دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە ڕێکوپێکی بچێت. با هەموومان بتوانین پارێزگاری لەو پرۆسەیە بکەین کە پرۆسەیەکی دیموکراتییە ئێمە دەبینین لە 2013 بودجەیەک لە پەرلەمان دانەنراوە، وە ئەگەر پەرلەمان چاودێری وەزارەتەکان نەکات سوودی پەرلەمان چی دەبێت ! باشترین خۆدەربازکردنی هەرێمی کوردستان لە و فەوزایە ئەوەیە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە جوانی و بە ڕێکوپێکی و بەبێ بریندارکردنی لایەنی تر ئەنجامبدرێت.
دکتۆر تارق جەوهەر سارمەمی:
لایەنی یاسایی بۆ کەمپینی هەڵبژاردن کە هێشتا نەگەیشتوینەتە وادەی یاسایی بۆ دەستپێکردنی کەمپینی هەڵبژاردن، بەڵام زیاتر لە مانگێکە ئەو کەمپینە بە شێوەیەکی
ناسرووشتی و توند و تایەکی بەرز دەستیپێکردووە لە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992 وە لە ماددەکانی 24 و 25 ی یاساکەدا کە پەیوەندییان بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەوە هەیە لە ماددەی 57ی یاساکەدا جارێکی تر ئەم لایەنەی ڕێکخستووەتەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێنمایی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمپینی هەڵبژاردن، لەوانە ڕێساکانی هەڵسوکەوتکردنە کە دوورکەوتنەوەیە لە زمانی زبر و توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕق و بێزاری کە هێز و لایەنە سیاسیەکانیش واژوویان کردووە کە پابەند دەبن بەو ڕێنماییانە، بەڵام ئێستا لایەنە سیاسیەکانە لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن کە ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنە بەپێی پێوەرەکانی کۆمیسیۆن ئەرکی کۆمیسیۆنە کە لیژنەی تایبەتی هەیە بۆ چاودێریکردنی میدیایی و دڵنیابوون لە دروستی لایەنی یاسایی کاندیدەکانی هێز و لایەنە سیاسیەکان، وتاری ناوزڕاندن و لەکەدارکردن دەرچوونە لە بابەتی بوون و ئەو ڕێساییانەی کۆمیسیۆن لە ساڵانی 1992 میدیای تەقلیدی ڕۆڵی دەبینی کە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەیان بەکاردەهێنا لە سەرەتاوە، بەڵام ئەوە چەند خولێکی پەرلەمانییە هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پلاتفۆرمەکان ڕۆڵی گەورەتریان بینیووە کە ناکۆکیەکانی قوڵتر کردووەتەوە، تەنانەت لە ناو خێزانەکاندا دابەشبوونی سیاسی هەیە ئاستی ڕۆشنبیری دەنگدەری کوردی هەتا ئێستا لە ئاستی پێویستی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی نییە، چونکە وەلائی حزبی و عەشایەریی و ناوچەگەرێتی ڕۆڵی هەیە لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی کاندیدەکاندا، هەروەها دابەزینی ئاستی ئەو کاندیدانەی کە پێشکەش دەکرێن نایەن خەڵکی باش و پرۆفیشناڵ و لێهاتوو پێشکەش بکەن سەرکردایەتی لایەنە سیاسیەکان بەرپرسن لە بەکارهێنانی ئەم زمانە زبرە بەداخەوە بەرپرسە باڵاکان دەستپێشخەرن بۆ ئەو بابەتە، نەبوونی گیانی دیموکراسی و قبوڵکردنی دۆڕان لە هەڵبژاردندا و ڕێزنەگرتن لە ئەنجامی ئەو دەنگدانە، هەتا ئێستا هەژموونی حزب زاڵە بەسەر هەژموونی دامەزراوە حکومییەکاندا بەسەر پەرلەمان و حکومەت حکیمەت لە هەڵبژاردن شەرعیەت دانە بە دەسەڵاتی حزب لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە هەموو هێزە سیاسیەکان کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی بە دەسەڵات و بە ئۆپۆزیسیۆنەوە هەریەکە بە گوێرەی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی شکست و لاوازی قەوارەی هەرێمی کوردستانی لە ئەستۆدایە هەروەها بەهێزبوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵ و پێگەی هەریەک لەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە چەند ساڵی ڕابردوو لە داهاتوووشدا هیوادارم گوتاری هێزە سیاسییەکان دوور بکەوێتەوە لە گوتاری ڕق و قینە و توندوتیژی و هەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکان، هەندێک پێگەی میدیایی حزبەکان هاتوون کۆمەڵێک دەروێشی میدیای شەڕی ناوخۆیان هێناوە و جارێکی تر قەوانی کۆنی سەردەمی شەڕی ناوخۆ لێک دەدەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن وەک ئەوەی ئەو خروقاتانەی کە ناوی خیانەت و نیشتمان فرۆشی لێدێت هەر لایەنێک ئەنجامی دابێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە دۆخی سەردەمی شەڕی ناوخۆی ساڵی 1994 زۆر خراپترە و زۆر زەمینە لەبارترە بۆ تێکچوونی ئەم دۆخە و لێکترازانی نێوماڵی کوردیی یەکجارەکی و ئاگر لە پوش و پاوانی قەوارەی هەرێم بەربێتەوە بەداخەوە هەتا خاوەنی ئەو جۆرە گوتارە بین بە تایبەتی لای هێزە سەرەکییەکان من پێموایە چاوەڕێی ئایندەیەکی ڕۆشن لە هەڵبژاردن هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ناکەین ئەگەر ئەم جۆرە لە بانگەشەی میدیاییە بەردەوام بێت پێموایە بەر لە هەڵبژاردن ڕەنگە کارەساتی گەورەتر دروست بێت بۆیە گرنگە بیرمەندانی ئەو حزبانە بیر لەوە بکەنەوە دووربکەونەوە لەو زمانی توندوتیژی و تەخوینکردنی یەکتری ئەو زمانە زبرەی ئێستا بەکاردەهێنرێت بۆ گەرمکردنی حەمامی بانگەشە و ئاشتکردنەوەی دەنگدەری حزبەکانە لایەنە سیاسیەکان هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە ناچار دەچن مەلەفی یەکتری هەڵدەدەنەوە و زمانی ناوزڕاندن و تەشهیر بەکاردەهێنن بەرامبەر بە یەکتری، خەڵک هەست ناکات بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەوڵی چاکسازی لە پراکتیکدا بوونی هەبێت ئەم زمانە پۆپۆلیستیە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت من پێموایە سەردەکێشێت بۆ شتی زۆر ناخۆش و گەورەتر کە هیچ کەس هیوای بۆ ناخوازێت، ئەگەر بمانەوێت چارەسەری بکەین ڕێگرتنە لە دەروێشەکانی شەڕی ناوخۆ مەجالیان نەدرێت بێنە سەر میدیا کە جارێکی تر نانی کۆن گەرم بکەنەوە و دەرخواردی بینەر و بیسەری کوردی بدەنەوە هەست و سۆزی کورد وێران بکەنەوە هەروەها کۆمیسیۆن دەتوانێت سزای کوتلە سیاسیەکان بدات لەم قۆناغەدا لایەنێکی سیاسی نابینم بیر لەوە بکاتەوە بە گوتارێکی لۆژیکی و عەقڵانیەت مامەڵە بکات و ڕۆڵی ناوبژی ببینێت، بۆیە من پێموایە چارەسەر ئەوەیە کۆمیسیۆن ڕۆڵی خۆی ببینێت هەروەها داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چاودێریکردنی گوتاری هێز و لایەنە سیاسیەکان من خۆم لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیەی کاری لەگەڵ دەکەم هەوڵم زۆر داوە هەتا ڕادەیەک توانیوومە ئەو بۆچوونانەی خۆم لە هەندێک بابەت جێگیر بکەم .