کەی چیرۆکی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆتایی پێدێت؟

لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ هەن هەتا پرسی موچە نەبێتە بابەتە هەرە سەرەکییەکەی داواکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام هێشتاش سەردێڕی یەکەمی هەواڵەکانە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەم ماوەیەی ڕابردوودا چەند جارێک جەختی کردۆتەوە لەوەی نابێت پرسی موچە باڵ بکێشێت بەسەر هەموو پرس و ناکۆکییەکانی تری نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام لە ئێستادا نەک هەر بابەتی ناردن و نەناردنی موچە، بابەتە سەرەکییەکەیە لە میدیا و لە نێوەندەکاندا بەڵکو لیستی موچەکانیش بوونەتە سەردێڕ و بابەتی گەرموگوڕی میدیاکان و قسەوباسی ناو خەڵک و بەتایبەتیش موچەخۆران.

فەرمانڕەوایان هەرێمی کوردستان، بەردەوام نوێنەرانی خۆیان دەنێرنە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفت و تەگەرانەی لەبەردەم ناردنی موچەدایە لە بەغدا و لە کاتی گەڕانەوەی شاندەکانی هەرێمیشدا، هەمیشە دەگوترێت کێشەکان چارەسەرکراون، وەلێ ئەوەی دەبینرێت لە کاتی ناردنی موچە لە بەغداوە ژمارەیەک گرفتی نوێی تر دێنە ئاراوە بۆ ئەم پرسەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بژێوی خەڵکەوە لە هەرێمی کوردستاندا.

هەولێر و بەغدا، یەک ئەوی تریان بە کەمتەرخەم دەزانێت لەسەر ئەم بابەتە و هەندێک جاریش یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات بەوەی مەبەستی شاراوە هەن لە پشت ئەگەر و نەناردنی بڕی تەواوەتی موچە و بێگومان لەسەر ناردنی لیستەکانی تایبەت بە موچەش.

هەرچۆنێک بێت، چەند جارێک ئەزمونی ئەوە کراوە کاتێک بەغدا موچەی مانگێک دەنێرێت، کاربەدەستان لە هەرێم دەڵێن ئەو پارەیەی بەغدا ناردویەتی کەمترە لە بڕی پێویست بۆ موچەدان.

جا جێی خۆیەتی بپرسین
ئایا کرۆکی کێشەی موچە لە نێوان بەغدا و هەولێردا چییە؟

ئایا بوونی مەبەستی شاراوە لە موچە و لیستی موچەدا، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

بۆچی بەغدا و هەولێر هێندە بەبێ متمانەییەوە لەگەڵ یەکدا سەروسەودا دەکەن؟
ژیار محەمەد، لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبابەتی ڕۆژدا تاوتوێی پرسی، موچە و لیستەکانی موچە دەکات کە هێشتاش کێشەیە لە نێوان بەغدا و هەولێردا.
بۆ بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆ، میوانداریی ئەم بەڕێزانە دەکەین:

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق و پسپۆڕ و سارەزای بواری ئابوری

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.

شوان کەلاری، بڕیاردەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان

Your browser doesn’t support HTML5

بابەتی ڕۆژ- گرفتی موچە

شوان کەلاری

*کێشەی هەرێم و بەغداد تەنها کێشەی موچە نیە، بەڵکو ئەم کێشەیە لەبەرئەوەی مانگانە دووبارە دەبێتەوە زیاتر دیارە، ئەگەرنا کێشەی هەرێم و بەغداد ڕەگێکی مێژوویی هەیە.

*کێشەکانی ئێستاش کە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ، سێ بابەتە، بایۆمەتری و ناوی دووبارە، کەبەڕاستی ئەمە نەخەتا و نە ویستی حکومەتی هەرێمە ناوی دووبارە هەبێت. خەڵکی وا هەیە خۆی گەندەڵە دەستکاری پیتێکی ناوەکەی خۆی کردووە، یا لەهەرێم موچە وەردەگرێ ، لە ناوچە جێناکۆکەکانیش موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی.

*بەڕاستی ئەو بیانووانەی عێراق باسی دەکات ڕاست و دروست نین، چونکە ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیایە و دەتوانێت بە کلیکێک ناوە زیادەکان بخاتە ناو فۆڵدەرێکەوە و موچەی ئەوانی تر بنێرێت.

*بەڕاستی ئەوەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر موچە خۆرانی هەرێم دەیکات ڕاست نیە؛ ناکرێت موچەی هەموو فەرمانبەران لەبەر موچەی دووبارەی چەند هەزارێک ڕابگرن.

* ئەنجومەنی ئابوری هاتبوون فەوزێکی گەورە لەحکومەتی هەرێم بکەن، بەحکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان بڵێن ئەوەی کردومانە لەڕاگرتنی موچەی هەرێم کارێکی ڕاستبووە،بەڵام کاتێک ئەو هەموو کۆبونەوانە کرا، گوێییان گرت و وەڵامیان وەرگرت هەر ڕۆیشتنەوە دەرکەوت بۆیان کەلەسەر حەق نین، تەنانەت ئەوەی وتیان لە حساباتی خیتامی شەش مانگ لەمانگی دوو-تا ٨ پارەی زیادەیان ناردووە، کاتێک گوێیان لە ڕونکردنەوەکانی هەرێم گرت بۆیان دەرکەوت کە چ غەدرێکییان لەهەرێم کردووە هەر بەپێی یاسای بودجەی خۆیان.

*ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەرەتای ئەم هەفتەیە لەبەغداد بوون، ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی بەغداد کە کورتهێنانی موچەی مانگی هەشت کە ٢٤٣ملیارە بنێرن، واتە ئێستا موچەی مانگی هەشت حازرە، وەکو ئەوەی من زانیاریم دەستکەوتووە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق لەکۆبونەوەیان لەگەڵ شاندی هەرێم بەڵێنییان داوە موچەی مانگی نۆ-ش دەبێت لەگەڵ موچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراقدا دابەشبکرێت.

شێروان میرزا:

*ترسم لەمانگی دوانزەیە بەڕاستی ئەگەر ئەو گرفتانەی هەیە چارەسەر نەکرێن ئەوا دووبارە لە مانگی دوانزە کێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێتەوە، چونکە دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لەهەموو ئەو موچە دەکات کە بۆ هەرێم لە شەش مانگی پێشتر هاتووە، بۆیە بەبۆچونی من پێویستە گرفتەکان چارەسەر بکرێن کەبریتییە لەناوی دووبارە و بایۆمەتری، دوو بابەتی تر هەیە کەئەگەر چارەسەر نەکرێن بەبۆچونی من لەداهاتوو بەهەمان شێوە گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەکاتەوە.

*بابەتی(تەوتین) کە پێویستە لەڕێگای بانکە فیدراڵییەکان بکرێت تائێستا لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند بۆچونی جیاوازی لەسەرە. بابەتی داهاتی نانەوتی هەرێم، ئەمەش بەهەمان شێوە بۆچونی جیاوازی لەسەرە، بۆیە بەبۆچونی من حکومەتی هەرێم پێویستە کەمێک زیاتر نەرمی بنوێنێت لەبابەتی (تەوتین و بەدەستگەیشتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم)

*چونکە ماوەی دە ساڵە فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی موچەیان هەیە، ئەتک نەماوە بەموچەکانیان نەکرێت، هەر لە لێبڕین و پاشەکەوت و دواکەوتن و نەدان و فەوتانی موچەی مانگ تا سێ مانگی ساڵەکەیان، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی ڕزگار بکات و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەچارەسەرکردنی ئەو گرفتانە بخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی.

د.ئەحمەد سەفار:

*ئەم چیرۆکی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەربەردەوام دەبێت چونکە ئەو چارەسەرییانەی کەکراون هەمووی چارەسەری کاتین، چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی گەڕانەوەیە بۆ یاسای بودجەی گشتی کەهەموو ماف و ئەرکەکانی هەرێمی تێدا دیاریکراوە.

*لەعێراقیش کێشەی نەبوونی شەفافیەت هەیە، هەتا ئەوکاتەی ئێمە لەلیژنەی دارایی بوین وەزیر دەهات لێمان دەپرسین ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەت چەندە نەیدەزانی، بۆیە لەعێراقیش وەزیرەکان نازانن بەدروستی ژمارەی فەرمانبەرانی چەندە.

*لەدنیادا نەبووە لیستی موچەی ئەم مانگە جیاوازتر بێت لەمانگی داهاتوو و بەو شێوەیە بینێریت ئەمە کاری وەزارەتەکانە کە لیستی فەرمانبەرانیان چاک بکەن، بۆیە دەبێت وەزارەتەکان بایۆمەتری بکەن و ئەو لیستانە ڕێکبخەن، بەڕاستی ئەوە ئەرکی وەزارەتەکانە.