بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پارێزەرەکەی پێشووی دانۆڵد ترامپ مایکڵ کۆهین شایەتی بدات لە دادگاییەکدا کە ڕەنگە ببێتە هۆی دیاریکردنی چارەنووسی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە دادگاییکردنەکەیدا، کە لە دۆسییەی شاردنەوەی پێدانی پارە بە ئەکتەرێکی پۆڕن بە شێوەیەکی نایاسایی بە مەبەستی بێدەنگکردنی تۆمەتبار کراوە.
ترامپ تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی پێدانی پارە بە ئەکتەری پۆڕن ستۆرمی دانیێڵز تاوەکو بێدەنگی بکات و ئاشکرای نەکات کە گوایە پەیوەندییەکی لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا هەبووە، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا کە ترامپ سەرکەوتنی بە دەستهێنا و بووە سەرۆکی ئەمەریکا.
بۆ نزیکەی 10 ساڵ مایکڵ کۆهین وەکو بەڕێوبەرێکی جێبەجێکار و پارێزەری کۆمپانیا خانووبەرەکەی ترامپ لە نیویۆرک کاری کردووە، کۆهین لەو کاتەدا دەیوت خۆی دەخاتە بەردەم فیشەک بۆ ترامپ. ترامپ لە ئێستادا هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەم ساڵدا ببێتەوە بە بەربژێری کۆمارییەکان و جارێکی دیکە کۆشکی سپی بە دەستبهێنێتەوە.
کۆهین لە سەرەتاوە پارێزەری تایبەتی ترامپ بووە هەتاوەکو ساڵی 2017، کاتێک لێکۆڵەرەوە فیدڕاڵییەکان لێکۆڵینەوەیەکییان دەستپێکرد سەبارەت بە هەڵمەتەکەی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا، کۆهین دەستبەرداری ترامپ بوو. کۆهین ئێستا یەکێکە لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی ترامپ و بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆدکاستەکاندا بە خراپی باسی دەکات.
مایکڵ کۆهین ڕۆژی دووشەممە لە کاتێکدا کە بەرەو دادگا ڕۆیشت وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی نەدایەوە. ڕۆژی هەینی دادوەر خوان مێرچان داوای لە لێکۆڵەرەوان کرد بە کۆهین بڵێن چیتر لێدوانی گشتی نەدات سەبارەت بە دۆسییەکە، ئەوەش دوای ئەوەی پارێزەری بەرگریی تۆد بلانچ وتی کۆهین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی کردووە و تی شێرتێکی لەبەردابووە کە وێنەی ترامپی لەسەر بووە لە زینداندا.
ترامپ ڕووبەڕووی 34 تۆمەت بووەتەوە و سەرجەمییان ڕەت دەکاتەوە و ڕەتیشی دەکاتەوە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ستۆرمی دانیێڵزدا هەبووبێت. دەڵێت دۆسییەکە پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوەیە و هەوڵێکە بۆ تێکدانی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز