گومانلێکراوێکی داعشی فەڕەنسایی بە تۆمەتی بە کۆیلەکردنی نەوجەوانێکی ئێزدی دادگایی دەکرێت

سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسییەکەوە ڕۆژی سێشەممە وتی ژنێکی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوی داعشەوە لە فەڕەنسا دادگایی دەکرێت بە تۆمەتی " کۆمەڵکوژی " و بە کۆیلەکردنی نەوجەوانێکی ئێزدی لە سوریا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکە سۆنیا میجری تەمەن 35 ساڵ لە باشووری فەڕەنسا لە دایک بووە و تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی یارمەتیدانی هاوسەرەکەی ئەو کاتەی، کە ئەندامێکی پلە باڵای ڕێکخراوی داعش بووە. میجری یارمەتی هاوسەرەکەی داوە لە بە کۆیلەکردن و لاقەکردنی نەوجەوانێکدا لە بەهاری ساڵی 2015 دا، کاتێک بەشێکی سوریا و بەشێکی عێراق لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو.

بەپێی ئەو نوسراوەی کە فەرمان بە دادگاییکردنی دەدات، سۆنیا میجری بە تۆمەتی " کۆمەڵکوژی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی " و ئەوەی گوایە کچە ئێزیدییەکەی کۆیلە کردووە و زیندانیکردووە و ئەشکەنجەی داوە و یارمەتیدەر بووە لە لاقەکردنیدا، دادگایی دەکرێت.

دادگاکە سەیری ئەو بانگەشانەش دەکات کە گوایە میجری و هاوسەرەکەی هەوڵییانداوە کچە نەوجەوانە ئێزدییەکە بکەن بە موسوڵمان، ئەوەش لە ڕێی " دەستنوێژگرتن پێی دوای لاقەکردنی."

ژنە ئێزدییەکە وتی زیاتر لە مانگێک وەکو بارمتە گیراوە کاتێک کە تەمەنی 16 ساڵ بووە، لە ماوەی ئەو کاتەدا نەیتوانیوە بەبێ مۆڵەتی میجری بخواتەوە و نان بخوات یاخود خۆی بشوات.

هاوسەرەکەی میجری، عەبدلنەسر بینیوسف بەشدار بووە لە دامەزراندنی لقێکی داعشدا کە بەرپرس بوون لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان.

بینیوسف لە ئامادەنەبوونیدا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هێرشێکی شکستخواردوو لە فەڕەنسا لە ساڵی 2015 دا سزا دراوە و مۆڵەتی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام باوەڕوایە لە ساڵی 2016 دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرابێت.

ڕێکخراوی داعشی تیرۆریست لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا هێرشی کردە سەر شنگالی شوێنی ئێزیدییە کوردەکان لە عێراق، زیاتر لە 1200 کەسییان کوشت.

زیاتر لە 6400 ئێزدی دیکە ڕفێندران، نزیکەی نیوەیان توانیویانە هەڵبێن یاخود ڕزگارکراون.

فەڕەنسا لە ساڵی 2016 دا لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد لە تاوانەکانی دژ بە کەمینە ئایینییەکان لە عێراق و سوریادا، تاوانەکانیش بریتین لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ.

وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش سزای ئەندامانی دیکەی داعش دەدەن لەسەر تۆمەتی هاوشێوە.

دادوەرانی سوید هەفتەی ڕابردوو ژنێکی تەمەن 52 ساڵییان بە تۆمەتی " کۆمەڵکوژی " تۆمەتبار کرد، هەروەها ژنەکە تۆمەتباریش کراوە بە تۆمەتی هێشتنەوەی ژنێکی ئێزدی و منداڵەکان وەکو کۆیلە لە ماڵەکەیدا لە سوید لە ساڵانی نێوان 2014-2016 دا.

دادوەرانی ئەڵمانیاش لە مانگی چواردا وتییان دوو گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون و تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی بە کۆیلەکردن ودەستدرێژی سێکسی دژی دوو کچی ئێزدی کە تەمەنییان 5 ساڵ و 12 ساڵ بووە لە سوریا و عێراق.

سەرچاوە/ فرانس پرێس