ڕۆژی دووشەممە ئێران پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ داواکەی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە هاوپەیمانێتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا فەرماندەیەکی لایەنگری ئێران لە بەغداد کوژرا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " سەبارەت بە عێراق و ئەو کارانەی کە لەمدواییانەدا حکومەتی ئەمەریکا گرتوونییەتەبەر، حکومەتی عێراق بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند."
کەنعانی وتی ئێران دڵنیایە لەوەی عێراقی دراوسێی " توانا و هێز و دەسەڵاتی پێویستی هەیە تاوەکو بە تەنها ئاسایشی خۆی بپارێزێت."
وتی " چەندین جار بۆچوونی خۆمان دەربڕیوە بۆ بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە، بە عێراقیشەوە، ڕامانگەیاندووە کە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا بە هەر شێوازێک، یارمەتیدەر نابێت لە پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیدا."
ڕۆژی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا فەرماندەیەکی سەربازیی و ئەندامێکی دیکەی گروپی حەرەکەت ئەل نوجابەی کوشت، کە لقێکی سەر بە حەشدی شەعبیە.
واشنتن دەڵێت هێرشەکە بەرگریکردن بووە لە خۆمان، بەڵام حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی بە " کارێکی دوژمنکارانە " ی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ناویبرد.
ڕۆژی هەینی سودانی وتی سوورە لەسەر " کۆتایی هێنان " بە هاوپەیمانێتییەکەی دژ بە داعش.
حکومەتەکەی سودانی پشتی بە پشتیوانییەکانی پارتە سیاسییە ناوخۆییەکانی سەر بە ئێران بەستووە، لەم چەند هەفتەیەی ڕابردووشدا بەردەوام وتوویەتی دەیەوێت هێزە بیانییەکان عێراق جێبهێڵن.
گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە زیاتر بوون و بە شێوەیەکی بەرچاو لە عێراق و سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەستییان پێکراوە.
هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق کە لە ساڵی 2014 ەوە لەو وڵاتەدان، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی حەماس و ئیسڕائیلەوە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
واشنتن دەڵێت لە ناوەڕاستی مانگی 10 ەوە زیاتر لە 100 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.
بەرپرسیارێتی زۆربەی ئەو هێرشانە لەلایەن بەرهەڵستکارانی ئیسلامیەوە لە عێراق ڕاگەیەندراوە، کە هاوپەیمانێتییەکە لە نێوان ئەو گروپە چەکدارییانەی ناوچەکەدایە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات و دژی پشتیوانییەکانی ئەمەریکان بۆ ئیسڕائیل لە جەنگەکەی غەززەدا.
ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازیی لە سوریادا هەیە، ئەوەش وەکو بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی داعش.
سەرچاوە/ فرانس پرێس