ڕۆژی دووشەممە حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشێکی کرد کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی لە ئوردن، وتی بەشێکە لە زیادبوونی گرژییەکان کە مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست کردووە و داوای کرد " بازنەی توندوتیژییەکان " کۆتایی بێت.
ئەمەریکا گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق و سوریا تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە، ئەمەش لە دوای جەنگەکەی ناو غەززەوە یەکەمین هێرشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە تێیدا سەربازانی ئەو وڵاتە بکوژرێن.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسم ئەلعەوادی لە بەیاننامەیەکدا وتی " حکومەتی عێراق سەرکۆنەی پەرەسەندنی گرژییەکان دەکات، بە تایبەتی هێرشەکەی ئەمدواییەی سەر سنووری نێوان سوریا و ئوردن، هەروەها لە نزیکەوە و بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری پێشهاتە مەترسیدارەکانی ئاسایشی ناوچەکە دەکات."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا، گروپە چەکدارییەکانی عێراق بەردەوام هێرشییان کردووەتە سەر ئامانجە ئیسڕائیلی و ئەمەریکاییەکان لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سوریا.
گروپی بەرهەڵستکاری ئیسلامی لە عێراق، کە پێکهاتووە لەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر سێ بنکەی ڕاگەیاند، بە بنکەکەی سەر سنووری نێوان سوریا و ئوردنیشەوە.
هێرشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە هات عێراق و ئەمەریکا دەستییان کرد بە گفتوگۆکان سەبارەت بە کۆتایی هاوپەیمانێتیە سەربازییە نێودەوڵەتییەکە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کە 10 ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکاندا دژی ڕێکخراوی داعش ڕەوانەی عێراق کران.
گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەڵێن سەرەڕای گفتوگۆکانیش ئەوان بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان چەندین مانگ یاخود چەند ساڵێک بخایەنن بەبێ ئەوەی ئەنجامەکەی دیار بێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز