دوابەدوای دەستپێکردنی هێرشەکەی گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل، سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون، هێزەکانی ئیسڕائیلیش وەکو وەڵامێک هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر غەزە و هەوڵی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس دەدەن لە ناو ئیسڕائیلدا.
چۆنیەتی دەستپێکردنی هێرشەکە
سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند سەدان چەکداری حەماس کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی ڕۆژی شەممە هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل، لە هێرشێکدا کە دوای 50 ساڵ دێت لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل لە ساڵی 1973 دا.
چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە داوە حەماس هەزاران موشەکی لە غەزەوە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە لە کاتێکدا کە چەکدارەکانی تەقەمەنی و بوڵدۆزەرییان بەکارهێنا بۆ دزەکردن بەو پەرژینەدا کە دەوری کەرتی غەزەی گەمارۆدراوی داوە.
چەکدارانی حەماس لە ڕێی بەکارهێنانی ماتۆڕ و ئوتومبێلی پیکاب و بەلەمەوە چوونە ناو ناوچەکانی دانیشتوانی ئیسڕائیلەوە، بە ئاشکیلۆن و سدیرۆت و ئۆفاکیمیشەوە، کە نزیکەی 22 کم لە غەزەوە دوورە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە چەکدارەکان هێرشییان کردووەتە سەر ئاهەنگێکی میوزیک لە نزیک کیبوتز ڕێمی نزیک غەزە، کە سەدان گەنجی ئیسڕائیلی ئامادەی بوون.
ئیسڕائیل ڕایگەیاند حەماس زیاتر لە 100 ئیسڕائیلی بە بارمتە گرتووە.
چەکدارانی حەماس چەند شوێنێکیان لە ناو ئیسڕائیلدا گرت، لەوانەش بنکەی پۆلیسی سدیرۆت کە لەوێ ڕۆژی یەکشەممە ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسڕائیل بوونەوە.
وەڵامدانەوەی ئیسرایل:
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا حەشارگەکانی حەماس لە غەزە خاپوور بکات.
سوپای ئیسڕائیل وتی دەیان هەزاران سەربازیی ڕەوانە کردووە بۆ شەڕکردن دژی چەکدارەکانی حەماس لە ناوچە بیابانییەکانی باشووری ئیسڕائیل لە نزیک غەزە.
هەروەها هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە دژی شوێنەکانی حەماس لە ناو غەزەدا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بە " شمشێری ئاسن " ناسراوە.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕیچارد هێخت وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل 426 ئامانجییان پێکاوە، لەوانەش تونێلەکانی غەزە و بیناکان و ژێرخانەکانی دیکە.
سوپا وتیشی ئامانجی ئەوەیە هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکانی ئیسڕائیل ئازاد بکات و دواتریش لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەرانسەری ناوچەکەدا چۆڵ بکات.
شیکەرەوەکان دەڵێن هێرشەکان بۆ ئیسڕائیل کتوپڕ بوون.
نزیکەی 1000 کەس کوژراون:
ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حەماس زیاتر لە 600 کەسییان لە شار و شارۆچکە و کۆمەڵگەکانی کیبوتزی ئیسڕائیل کوشتووە و زیاتر لە 2000 کەسی دیکەیان بریندار کردووە.
سوپای ئیسڕائیل ناوی 26 سەربازی کوژراوی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێن لاشەی قوربانییانی سڤیلییان لەسەر شەقامەکانی لانیکەم سێ شوێنی ئیسڕائیل بینیوە کە بە فیشەک کوژراون، لەوانەش شاری سدیروت و کیبوتزی گیڤی و کەناری زیکیم کە دەکەوێتە باکووری غەزەوە.
دەوترێت ژمارەیەکی نادیاریش لە ئاهەنگەکەدا کوژراون.
لە غەزەش، لانیکەم 370 کەس کوژراون و زیاتر لە 2200 کەسی دیکە بریندار بوون، بەمەش ژمارەی کوژراوەکان لە هەردوولا دەگاتە نزیکەی 1000 کەس.
بەپێی خێزانەکەی، پیاوێکی بەڕیتانیایی کە لە سوپای ئیسڕائیلدا خزمەتی کردووە، لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیاش وتی دوو ژنی ئۆکرانیایی کە لە ئیسڕائیل ژیاون، کوژراون.
تایلاندیش ڕایگەیاند دوو هاووڵاتی لە توندوتیژییەکاندا کوژراون، هاوکات کەمبۆدیا کوژرانی خوێندکارێکی کەمبۆدیایی لە ماوەی هێرشەکەی حەماسدا لە ئیسڕائیل پشتڕاست کردەوە.
حەماس چی دەڵێت لەسەر هێرشەکە؟
حەماس ڕایگەیاند 5000 موشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناویناوە " ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەل ئەقسا."
سەرکردەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، ڕۆژی شەممە بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە " شەڕەکە بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان و زیندانییەکانمان لە زیندانەکانی داگیرکاردا."
حەماس داوای لە " چەکدارانی بەرهەڵستکاری کەناری ڕۆژئاوا و ئەوانەشی لە وڵاتانی عەرەب و ئیسلامیدان کرد بەشدار بن لە جەنگەکەدا."
بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممە حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند وەکو دەرخستنی هاوسۆزییەک بۆ هێرشەکەی حەماس، موشەک و تۆپهاوێژی ئاڕاستەی باکووری ئیسڕائیل کردووە.
سوپای ئیسڕائیل وتی بە هێرشی تۆپهاوێژەکان وەڵامی داوەتەوە.
هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە میسڕ بڵاوییان کردەوە ئەفسەرێکی پۆلیس لە شاری ئەسکەندەریەی باکووری میسڕ تەقەی لە گروپێکی گەشتیاری ئیسڕائیلی کردووە، دوو ئیسڕائیلی و میسڕییەکی کوشتووە.
کاردانەوەی جیهان چی بوو؟
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بە توندی سەرکۆنەی " هێرشەکەی حەماسی کرد بۆ سەر ئیسڕائیل " و داوای " هەوڵی دیبلۆماتی کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێیەکی بەرفراوانتر."
ڕۆژئاواش کە زۆربەیان گروپی حەماسییان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوبردووە، سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماسییان کرد بۆ سەر ئیسڕائیل.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیلی هاوپەیمانی سەرەکی " جێگیرە." وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش وتی ئەمەریکا ڕەنگە دواتر وردەکاری بدات لەسەر یارمەتییەکی نوێی سەربازیی بۆ ئیسڕائیل.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " سەرکۆنەی هێرشەکەی تیرۆریستانی حەماس دەکەم دژی ئیسڕائیل. ئەوە تیرۆرە لە پیسترین شێوازیدا. ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات دژی ئەو هێرشە دڕندانانە."
سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە مافەکانی فەڵەستینییەکان دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی " بەرپرسە لەوەی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە."
ڕووسیا داوای " ئاگربەستێکی دەستبەجێیی " کرد.
دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە بڵاویکردەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داوای "دەستبەجێ ڕاگرتنی توندوتیژییەکان دەکات."
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش کە بە توندی پشتگیری لە پرسی فەڵەستینییەکان دەکات، داوای لە هەردوولا کرد " خۆیان بە دووربگرن لە هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان."