جارێکی تر مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی بۆ دووپاتکردنەوەی داخوازییەکانیان هاتنەوە سەرشەقام و جەختیان لەسەر داواکارییەکانی خۆیان کردەوە.
ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایان له کاتێکدایە کە بەشێک لە قوتابخانه و خوێندنگاکان دەستیان کردۆتەوە بە دەوام.
ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە دوای کاتژمێر و نیوێک لە خۆپیشاندانی مامۆستایان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا مامۆستایانی ناڕازی، بەڕێکەوتن بۆ بەردەم مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو بزوتنەوەیان تۆمەتبار کرد کە ئەوانیش پشکیان هەیە لە دەسەڵات و جێبەجێ نەکردن و دروستکردنی بەربەست لە بەردەم داخوازییکانیان.
نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەردەم مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە بە نوقڵ و شیرینی پێشوازییان لە مامۆستایانی ناڕازی کرد، دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە وەک بزوتنەوەکەی و پەرلەمانتارانیشیان پشتیوانی داخوازییەکانی مامۆستایان دەکەن.
بەشێک لە دروشمەکانی مامۆستایانی ناڕازی دژ بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بوو لەسەر ئەوەی هەڕەشەی سزادانی لە مامۆستایان کردووە و بایکۆتی بە بەشێک لە مامۆستایان شکاندووە.
دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین هەڵسورا و پەرلەمانتاری گۆڕان وەڵامی هەیە بۆ ڕەخنەی مامۆستایانی ناڕازی و دەڵێت بەڕێوەبەری گشتی سلێمانی فەرمانبەرێـکی حکومەتە.
جێی باسە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە بەشێک لە مامۆستایان بڕیاری دەوام نەکردنیان داوە تا جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان کە بریتیە لە چاوپێداخشانەوە بە سیستمی پاشەکەوتکردنی موچە و پێدانی موچەکانیان لە کاتی خۆیدا و لە ئێستاشدا مامۆستایان بڕیاریان داوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان هەر ڕۆژە بگۆڕن بۆ بەردەم بارەگای یەکێک لە حزبەکان.
Your browser doesn’t support HTML5