سەردار موحەمەد: دەنگدەر متمانەی بە پەرلەمان نەماوە

هێشتا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکراوە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەکە ناکۆکن لە دیاری کردنی وادەکەو کردنی هەڵبژاردن یاخود پێچەوانەکەی.

ئەم دوو دڵییەی لایەنە سیاسییەکان لە کاتێکدایە، خەڵکیش بەگشتی سەرنجی زۆری لەسەر ئەو پەرلەمانە هەیە، دووای چەندین خوول هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە بۆ سەر بارودۆخی گشتی، زیاتر لەوەی پەرلەمانتاران بارگرانییەکی ئابوورین بەسەر هەرێمەکەوە، لە کاتی خانەنشین بونیان بە زیاتر لە 5000 دۆلاری ئەمریکی خانە نشین دەبن. لەو بارەیەوە سەردار محەمەد سەرنوسەری پێشووی رۆژنامەی ئاوێنە پێی وایە ئاستئی بەشداری خەڵک تا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات "سەرنجێک لە لای خەڵک دروست بووە، ئەوانەی دەچنە پەرلەمانەوە ئەوەندەی دووای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەکەون، کەمێک بیریان لەبەرژەوەندی گشتی نەکردووەتەوە.".

هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمان نەبووە کە باس لە ساختەکاری نەکرێت، سەردار لای وایە ئەوەش هۆکارێکی ترە خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن نەمێنێت، دەشڵێت "هەڵبژاردن لە هەرێم و عێڕاق بەدەر نییە لە ساختەکاری".

ئەگەر خەڵک لە کاروباری سیاسی پارتی و یەکێتی بێزار بوبن یان رەخنەیان هەبێت، ئەوا دەبێت ئۆپۆزسیۆنێک هەبێت، دەنگی ناڕازی خەڵک لە خۆی کۆبکاتەوە، لەو بارەیەوە سەردار پێی وایە بزوتنەوەی گۆڕانیش شکستی هێناوە "ئەو ئەندام پەرلەمانانەی ئۆپۆزسیۆن یان کاربەدەستەکانیان، هەمان رۆڵی پەرلەمانتارو کارمەندانی سەر بە پارتی و یەکێتییان گێڕاوەو هیچ شتێکی وەها نییە کە جییان بکاتەوە."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ سەردار موحەمەد