ساڵێک دوای خۆپیشاندانەکانی مەرگی ژینا ئەمینی، چی لە ئێراندا گۆڕاوە

ساڵێک دوای مەرگی مەهسا ' ژینا ' ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی وڵاتەکە کە بە یەکێک لە خراپترین قەیرانە سیاسییەکانی ئێران دادەنرێت لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 دا، فەرمانڕەوایانی ئێران سەرکوتکارییەکانییان دژی ناڕازییەکان چڕتر کردووەتەوە.

بە زوویی دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کە کوردێکی ئێرانی بوو لە 16 ی مانگی نۆدا، کە سێ ڕۆژ پێش مەرگەکەی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە لەسەر پێشێلکردنی یاسای پۆشاک پۆشین دەستگیرکرابوو، خۆپیشاندانەکان دەستییان پێکرد.

دەوترێت ژینا ئەمینی کەسێکی شەرمن بووە و ژیانی خۆی ژیاوە و خۆی بە دوورگرتووە لە سیاسەت، ئەمینی دوای ئەوەی لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە تاران هاتووەتە دەرەوە، دەستبەسەرکراوە.

هەواڵی مەرگەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە. خۆپیشاندانەکان لە پرسەکەیدا لە شاری سەقز دەستییان پێکرد، دواتر بە سەرانسەری وڵاتەکەدا پەرەی سەند، خۆپیشاندەرانیش دروشمی " ژن، ژیان، ئازادیییان " بەرز کردەوە، ئەوەش فەرمانڕەوایانی ئێرانی توڕە کرد.

لە کاتێکدا کە خێزانەکەی ئەمینی دەڵێن هۆکاری مەرگەکەی ئەوە بووە کە لە سەر و باڵی دراوە، بەرپرسانی ئێران وتییان بەهۆی کێشەی پێشتری تەندروستییەوە گیانی لە دەستداوە، ئەوەش توڕەبوونی خەڵکی لەسەر مەرگەکەی زیاتر کرد.

خۆپیشاندەران چییان دەویست؟

لە کاتێکدا کە زۆرجار ژنان و گەنجان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا بوون، خۆپیشاندەران سیمبولەکانی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج، وێنەکانی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییان دەسوتاند و هاوارییان دەکرد " مردن بۆ دیکتاتۆر."

ژنان و کچە خوێندکارەکانیش، دەستییان کرد بە سوتاندنی سەرپۆشەکانییان، دژی ئەو یاسایە وەستانەوە کە ژنان ناچار دەکات قژییان بشارنەوە و جلوبەرگی فراوان بپۆشن.

خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی لەو ناوچانەدا زیاتر بوون کە نەژادە کەمینەکانییان تێدا دەژی و چەندین ساڵە ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە لەلایەن دەوڵەتەوە، لەوانەش کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاوا و بالوچەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە.

هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ژنان یاسای باڵاپۆشی پشتگوێ دەخەن، ئەوەش دوای ئەوەی یاریزانێکی شەتڕەنج و شاخەوانێک بەبێ سەرپۆش بەشداری کێبڕکێکانییان کرد.

بەرپرسانی ئێران قەدەغەکردنی گەشتییان سەپاندووە بەسەر چەندین کەسایەتیدا، لەوانەش وەرزشەوانان و هونەرمەندانی ژن.

هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەستڕاگەیشتنییان بە ئەپەکانی نامەناردن سنووردار کرد و بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە، لە ڕێی بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژێن و لێدان و لە هەندێک حاڵەتدا تەقەکردنیش، تەنانەت کاتێک خۆپیشاندانەکان چوونە ناو ساڵی نوێشەوە. میلیشیای نیمچە سەربازیی باسیج، ڕۆڵێکی دیارییان هەبوو لە سەرکوتکارییەکاندا.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە 500 کەس کوژراون، 71 کەسییان منداڵ بوون، سەدان کەسیش بریندار بوون و هەزاران کەسی دیکە دەستگیرکراون. تاوەکو ئێستا ئێران حەوت کەسیشی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە سێدارە داوە.

ئایا هیچ شتێک گۆڕاوە؟

بە پشتیوانی سوپای پاسداران، ڕابەرانی ئێران هێشتا لە قووڵایی دەسەڵاتدان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا ڕووبەڕووی قورسایی بوونەوە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا.

دوای ئەوەی ئەمینی لە ژێر دەستییاندا گیانی لە دەستدا، پۆلیسی ئاکاری ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەقامەکاندا دیار نەمان. بەڵام لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکان کەمتر بوونەوە، گەڕانەوە سەر شەقامەکان و کامێرای چاودێری داندران بۆ ناسینەوە و سزادانی ژنانی دانەپۆشراو.

لە دەرەوەی ئێران، وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر خۆپیشاندانەکان سزای نوێیان سەپاندووە بەسەر هێزەکانی ئاسایشی ئێران و دەیان بەرپرسی ئێرانیدا، ئەوەش بووەتە خراپتربوونی پەیوەندییە خراپەکەی نێوانییان.

کارەکانی ئەمدواییانەی هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەریدەخەن کە فەرمانڕەوایانی ئێران لە هەوڵی ئەوەدابوون دەنگە ناڕازییەکان کپ بکەن، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ساڵیادی ژینا ئەمینی نزیک دەبووەوە.

چالاکەوانان بەرپرسانی ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی تۆقاندن و خستنەوەی ترس و دەستگیرکردن و لێپێچینەوە و هەڕەشەکردن، یاخود دەرکردنی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانەوە هەبووە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران و چالاکەوانان و ئەکادیمییەکان و هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکان و ئەندامانی خێزانی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە کوژراون کراونەتە ئامانج، بە تایبەتی لە نێو نەژادە کەمینەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز