پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی شورا واز لە کارەکەی دەهێنێت

دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورای کوردستان لەسەر پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت، سەردار قادر کەلوپەلەکانی کۆدەکاتەوە و دەچێتەوە ماڵەوە.

لەو بارەیەوە زیاد کاکە ڕەزا سەرۆکی لیستی زەرد بۆ دەنگی ئەمریکا وتی لە دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی شورا بە کاک سەردار ڕاگەیەنرا کە ئەو پارێزگار نیە تەنانەت بە وەکالەتیش.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی بەناوی پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت دەرکراوە و ڕاشیگەیاند ئەو پۆستە لە ڕوی یاساییەوە بونی نیە ئەمەش پاش ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەکلایی بونەوەی پرسی یاسایی بون و نایاسایی بوونی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت داوای ڕاوێژی لە ئەنجمونی شورا کردبوو بەڵام سەباح فەتاح سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئەندامی فراکسیۆنی سەوزە لە ئەنجومەنەکە ڕەخنەی لەو بڕیارەی ئەنجومەنی شورا هەیه.‌

سەباح شەهید فەتاح سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئەندامی لیستی سەوز بۆ دەنگی ئەمریکا وتی ڕەنگە کاک سەردار بە هۆی هەڵوێستی گۆڕانەوە چوبێتەوە ماڵ،بەڵام دواجار یەکێتی و گۆڕان کپدەبنەوە و ئەو پۆستە یەکلایی بکەنەوە و کەسێک بۆ ئەو پۆستە دابنێن و بڕیار دەدەن کاک سەردار لەو پۆستە دەمێنێتەوە یان د. ئاسۆ فەرەیدون دەهێننەوە یاخود بەڕێزێکی تر دەهێنن و دەیکەنە پارێزگاری سلێمانی.

لای خۆیەوە سێوە محەمەد سەرۆکی لیستی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزب لەسەرەوە هەڵوێستی هەبێت لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا هەروەها یەکێتیش دەبێت هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە هەبێت.

دەنگی ئەمریکا پەیوەندی کرد بە سەردار قادر بۆ وەرگرتنی وتەی ئەو لەو بارەیەوە بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات و وتی ئەم چەند ڕۆژە لەسەر ئەو پرسە قسە بۆ ڕاگەیەندنەکان ناکەم.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ژیار محەمەد