دەزگای هەواڵی ئیماڕات وتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەمیانەی کۆتای هاتنی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمیدا بۆ ئیماڕات هاتووە دەڵێت ئیماڕات بڕی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراقدا دەکات.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " دەوڵەتی ئیماڕات بڕی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کۆماری عێراقی برادا دەکات."
دەشڵێت " ئامانج لەم دەستپێشخەرییە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە و هەروەها ڕەخساندنی هەلێکی نوێیە بۆ هاریکاری و هاوبەشیی نێوانمان و هاندانی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیە بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی عێراقی برامان."
لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی سەردانی ئیماڕاتی کرد و وتی ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز