Accessibility links

ئاژانسی فەرمی عێراق: تەقینەوەکەی بنکەی لەشکری كاڵسۆ بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەک بووە


ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عێراق دەڵێت، تەقینەوە بەهێزەکەی ڕۆژی شەممە لە بنکەی لەشکری كاڵسۆ، کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەکاردێت، لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنییەکان بووە.

ئاژانسەکە دەڵێت بەپێی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەی تەکنیکی سەربازی عێراق کە لێکۆڵینەوەی لە تەقینەوەکە کردووە.، لە کاتی تەقینەوەکەدا هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی پارێزگای بابلی عێراقدا نەبینراوە.

ئەو تەقینەوەیە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بریتییە لە گرووپێکی سەر بە ئێرانیش.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ماددەی زۆر تەقەمەنی کە لە دروستکردنی بۆمبدا بەکارهاتووە دەستنیشانکراوە و پاشماوەی مووشەکەکان لە دووری 150 مەتر لە شوێنی تەقینەوەکە دۆزراوەتەوە.

میدیای دەوڵەتی بەڕوونی باسیان لەوە نەکردووە کە ئایا تەقینەوەکە بە هەڵکەوت بووە یان بە مەبەست ئەنجام دراوە.

تەقینەوەکە نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوە بوو کە ئێران ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد لە کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشێکی ئاسمانی گومانلێکراوی ئیسرائیل کە کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق کردە ئامانج و هەشت ئەندامی سوپای پاسدارانی تێدا کوژران کە دوانیان پلەی ژەنەڕاڵیان هەبوو.

حەشدی شەعبی بریتییە لەو گرووپانەش کە ئێران پشتیوانیان دەکات و لە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی کاردەکەن.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی عێراق، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG