Accessibility links

سێنتکۆم: حوثییەکانی یەمەن کەشتییە یۆنانی و ئەمەریکاییەکان دەکەنە ئامانج


لەشکری ئەمەریکا و ئاژانسە دەریاییەکان ڕایدەگەیەنن، سەرهەڵداوە حوثییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هێرشی نوێیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور دەستپێکردووە، لە نێویاندا کەشتییەکی بازرگانی یۆنان.

بەپێی ئامارێکی پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە 24ی چوارەوە لانیکەم حەوت ڕووداو لە باشووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن تۆمارکراون، ئەمەش پاش ماوەیەک لە کەمبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

حوسییەکان کە کۆنترۆڵی شاری سەنعای پایتەختی یەمەن و بەشێکی زۆری کەناراوەکانی دەریای سووری ئەو وڵاتەیان کردووە، لە مانگی یازدەوە دەیان هێرشیان بۆ سەر کەشتیەکان دەستپێکردووە لە کاتێکدا هاوسۆزی بۆ فەلەستینییەکان دەردەبڕن لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.

نێوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، یاخیبووان بە سێ مووشەکی بالیستی دژە کەشتی و سێ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کەشتییەکی ئێم ڤی سایکلادسیان کردووەتە ئامانج کە یۆنانییە و ئاڵای ماڵتای لەسەر بووە.

سێنتکۆم دەشڵێت "ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کەشتییەکە بەردەوام بووە لە گەشتەکەیدا."

پیشتریش دەزگای هێزی دەریایی بەریتانیا بۆ چاودێریکردنی ئاسایشی بازرگانی دەریایی (UKMTO، ڕایگەیاند کەشتییەک کە لە کەناراوەکانی یەمەن لە باکووری ڕۆژئاوای شاری مۆخا بەڕێکەوتبوو، دوای تەقینەوەیەکی نزیک لە یەمەن،" زیانی پێگەیشت".

ئاژانسەکە گوتی " کەشتییەکە و کارمەندەکانی نێو کەشتییەکە سەلامەتن."

کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی ئەمبرێی دەڵێت کەشتییە بارهەڵگرەکەی کە ئاڵای ماڵتای لەسەرە، لە جیبۆتیەوە بەرەو جددە دەڕۆشت .

سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان بەسەر دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە لە کاتێکدا کە "لە ڕێڕەوێکی فڕین بەرەو USS Philippine Sea و USS Laboon دەڕۆشت."

یاخیبووانی حوثییەکان بەرپرسیارێتی تەقەکردنیان لە کەشتیی سایکلادس، ئێم ئێس سی ئۆریۆن و دوو کەشتیی ئەمەریکایی لە ئەستۆ گرت.

یەحیا ساری، وتەبێژی سەربازیی حوثییەکان لە بەیاننامەیەکدا لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند، کەشتیی سایکلادس کراوەتە ئامانج، چونکە لە 21ی مانگی چواردا لە بەندەرێکی ئیسرائیلدا جێگیر بووە.

ساری وتی یاخیبووانی حوثی "بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان" تا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕادەگرێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس، سێنتکۆم

XS
SM
MD
LG