Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە ڕەنگە تیکتۆک قەدەغە بکات


ڕۆژی یەکشەممە تیکتۆک نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکی چینی قەدەغە دەکات ئەگەر خاوەنەکەی تیکتۆک " کۆمپانیای بیتدانس " ی چینی لە ماوەی ساڵێکدا پشکەکەی خۆی نەفرۆشێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بە 360 دەنگ بەرامبەر 58 دەنگ لە بەرژەوەندی پڕۆژە یاساکە دەنگیدا، ئێستا پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەکرێت کە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەوانیش دەنگی لەسەر بدەن. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش پێشتر وتوویەتی کە پڕۆژە یاساکە پەسەند دەکات.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆکی خستە نێو پڕۆژە یاساکانی یارمەتییە دەرەکییەکانەوە تاوەکو خێراتر پەسەند بکرێت.

تیکتۆک لە بەیاننامەیەکدا وتی " بە داخەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یارمەتییە مرۆیی و دەرەکییە گرنگەکان جارێکی دیکە بەکاردەهێنێتەوە بۆ پڕۆژە یاسایەکی قەدەغەکردن کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕینی 170 ملیۆن ئەمەریکایی."

زۆرێک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان و بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنیش دەڵێن تیکتۆک مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا چونکە چین دەتوانێت کۆمپانیاکە ناچار بکات داتای 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمەریکایی ڕادەستی چین بکات. تیکتۆک دەڵێت هەرگیز داتاکانی ئەمەریکای ڕادەست نەکردووە و هەرگیزیش کارێکی لەوشێوەیە ناکات.

سیناتۆری ئەمەریکایی مارک وارنەری دیموکرات کە سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنەکەیە، ڕۆژی یەکشەممە وتی تیکتۆک دەکرێت لەلایەن حکومەتی چینەوە وەکو ئامڕازێکی پڕوپاگەندە بەکاربهێندرێت.

وتی " زۆرێک لە گەنجان لە تیکتۆک هەواڵەکانییان لەو ئەپەوە بە دەست دەگات، بیرۆکەی ئەوەی کە ئێمە ئەوەندە ئامڕازی پڕوپاگەندە بدەین بە پارتی کۆمیونیستی چینی و توانای ئەوەیان بدەینێ داتای تایبەتی 170 ملیۆن ئەمەریکایی خراپ بکەن، مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی."

هەندێک لە دیموکراتە پێشکەوتنخوازەکان نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین ئەگەر تیکتۆک قەدەغە بکرێت، لەبری قەدەغەکردنی، داوای یاسایەکی توندتری پاراستنی داتاکانییان کردووە.
نوێنەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆ خانا ڕۆژی یەکشەممە وتی هەست دەکات قەدەغەکردنی تیکتۆک لە وردبینییە یاساییەکاندا لە دادگاکان ڕزگاری نەبێت، ئەوەش بەهۆی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە دەستووردا.

لە 13 ی مانگی سێدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا شەش مانگیدا بە کۆمپانیای بیتدانسی خاوەنی تیکتۆک پشکەکانی خۆی بفرۆشێت، ئەگەر نا ئەوا تیکتۆک قەدەغە دەکرێت. ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ڕۆژی شەممە پەسەند کرا نۆ مانگ دەدات بە بیتدانس تاوەکو پشکەکەی خۆی بفرۆشێت، ئەگەر بەرەوپێشچوونیش هەبێت لە فرۆشتنەکەدا ئەوا دەکرێت بۆ سێ مانگی دیکە ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

پێشتر لەم مانگەدا بابەتی تیکتۆک یەکێک بووە لە بابەتەکان لە گفتوگۆکانی نێوان بایدن و هاوتا چینییەکەی سی جین پینگدا، کۆشکی سپی وتی بایدن نیگەرانی ئەمەریکای دەربڕیوە سەبارەت بە خاوەنی ئەپەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG