Accessibility links

ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی له‌ نێو کازینۆیه‌کی شـاری که‌رکوک 38 کوژراوی لێده‌که‌وێته‌وه‌


له‌ ئاکامی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی له‌ کازینۆیه‌کی شـاری که‌رکوک به‌ لایه‌نی که‌م 38 که‌س کوژراون و زیاتر له‌ 25 که‌سیش برینداربوون.
هێرشه‌که‌ شه‌وی هه‌ینی کراوه‌ته‌ سه‌ر کازینۆی کلاسیکۆ له‌ شه‌قامی عه‌بدولڕه‌حمانی گه‌ڕه‌کی یه‌کی حوزه‌یران له‌و ده‌مه‌ی پاش ڕۆژوو شکاندن گه‌نجانی ناوچه‌که‌ لێی کۆبووبوونه‌وه‌ بۆ یاری سینی و زەرف، ئه‌و یاریـیه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵـکی له‌ ڕووبه‌رێـکی بچوکدا کۆده‌کاته‌وه‌.
ئه‌حمه‌د ئه‌لبه‌یاتی هاوڵاتیـیه‌کی ناوچه‌که‌یه‌ که‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌که‌دا قاچێکی برینداربووه‌، به‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووه‌ به‌ ده‌یان که‌س له‌ ناو کازینۆکه‌دا کۆبووبوونه‌وه‌ و سه‌رقاڵی یاری سینی و زه‌رف بووبوون، هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی که‌سێـک هاتووه‌ته‌ نێویانه‌وه‌ و گوتوویه‌تی الله اكبر و ته‌قینه‌وه‌که‌ بووه‌.
گوتوشیه‌تی جگه‌ له‌ کوژراوه‌کان چه‌ندین برینداریشی به‌ چاوی خۆی بینیوه‌ ئاگریان گرتبوو و ده‌سووتان.
که‌سێـکیش به‌ ناوی محه‌مه‌د به‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ڕۆیته‌رزی گوتووه‌ له‌و ده‌مه‌ی له‌ کازینۆکه‌ به‌ره‌و دوکانه‌که‌ی خۆی ڕۆیشتووه‌ له‌ ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ بووه‌. ده‌ڵێت هێنده‌ به‌هێزبووه‌ شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کانی دوکانه‌که‌ی ئه‌ویشی شکاندووه‌.
XS
SM
MD
LG