Accessibility links

ساڵح موسلیم له‌ ئه‌ستانبوڵه


سه‌رچاوه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ ساڵح موسلیم سه‌رۆکی پارتی یه‌کێتی دیموکرات واته‌ په‌یه‌ده‌ سه‌ردانی شاری ئه‌سته‌نبوڵی کردووه‌ بۆ وتووێژکردن له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی تورکیادا.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی موسلیم که‌ دره‌نگانێکی ڕۆژی 5شه‌ممه‌ گه‌یشتۆته‌ تورکیا له‌ ده‌مێکدایه‌ جه‌نگاوه‌رانی سه‌ر به‌ په‌یه‌ده‌ کۆنترۆڵی ژماره‌یه‌ک ناوچه‌ی باکوری سوریایان کردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی حکومه‌تی تورکیا پێشتر گوتوویانه‌ پێناچێت کۆبوونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ ساڵح موسلیمدا له‌ ئاستێکی به‌رزدا بن، به‌ڵام به‌پێی ڕۆژنامه‌کانی تورکیا له‌وانه‌ ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ و حوڕییه‌ت و که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئێن تی ڤی سه‌رۆکی په‌یه‌ده‌ کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیادا ده‌بێت.

وه‌ک سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ ئاماژه‌یان پێکردووه‌ حکومه‌تی تورکیا به‌رنامه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆکی پارتی یه‌کێتی دیموکراتیان داناوه‌، که‌ به‌ دیارترین لایه‌نی کوردی سوریا داده‌نرێت.

ئاژانسی ده‌نگ و باسی فرانس پرێس ده‌ڵێت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا تێبینی دانی له‌سه‌ر ئه‌م سه‌ردانه‌ ڕه‌تکردۆته‌وه‌.

له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا ساڵح موسلیم ڕایگه‌یاند پارتی یه‌کێتی دیموکرات له‌ هه‌وڵی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نێکی سه‌ربه‌خۆدایه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانی ناوچه‌ کورد نشینه‌کانی سوریا تا ئه‌و کاته‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی سوریا کۆتایی پێدێت.
ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ش نیگه‌رانی تورکیای لێکه‌وته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێکهێنانی هه‌رێمێکی کوردی که‌ خاوه‌نی خودموختاری بێت له‌سه‌ر سنوره‌که‌ی.

تورکیا ئاگاهی داوه‌ به‌ په‌یه‌ده‌ له‌هه‌ر هه‌وڵێکی جیابوونه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ هاوسنوریه‌کانی له‌گه‌ڵ سوریادا. ‌
XS
SM
MD
LG