Accessibility links

له‌ ئاکامی هێرشی چه‌کداری و ته‌قینه‌وه‌ له‌ عێراق 11 که‌س ده‌کوژرێن و 27 بریندارده‌بن


به‌هۆی هێرشی چه‌کداری و ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل و بۆمبی چێنراو ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کی عێراق، 11 که‌س کوژراون و 27 که‌سیش برینداربوون.
کاربه‌ده‌سـتانی ئاسایش له‌ به‌غدا گوتیان ژماره‌یه‌ک چه‌کدار له‌ نێو ئۆتۆمبیلێـکه‌وه‌ له‌ نزیک حوسه‌ینیـیه‌ی ئه‌لموسته‌فا له‌ گه‌ڕه‌کی ئوری باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی شـاره‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کیـیانه‌ ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵـکی کردووه‌ و له‌ ئاکامدا 5 که‌س کوژراون و 9 که‌سی دیکه‌ برینداربوون.
له‌ ناوچه‌ی نه‌هره‌وانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غداش له‌ ئۆتۆمبیلێـکه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ ژماره‌یه‌ک جوتیار کراوه‌ و له‌وێش 2 که‌س کوژراون که‌ باوک و کوڕێـک بوون، هه‌روه‌ها 3 که‌سی دیکه‌ش برینداربوون.
له‌ شارۆچکه‌ی ئه‌لدوری ڕۆژهه‌ڵاتی تکریت ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو له‌ نزیک دادگای شارۆچکه‌که‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ مایه‌ی کوژرانی ئه‌فسه‌رێـکی پـۆلیس و برینداربوونی 10 که‌سی دیکه‌.
له‌ شه‌قامێـکی نزیک له‌ شـارۆچکه‌ی دوبز له‌ پارێزگای که‌رکوک 2 بۆمبی چێنراو به‌ دوای یه‌کدا ته‌قیونه‌ته‌وه‌، یه‌کێـکیان بووه‌ته‌ هۆی برینداربوونی 4 سه‌رباز و ئه‌فسه‌رێـک و ئه‌وی دیکه‌یان پـۆلیسێـکی بریندارکردووه‌.
له‌ باشوری ڕۆژئاوای که‌رکوکیش، له‌ گوندێـکی شـارۆچکه‌ی ڕیاز، کۆمه‌ڵێـک چه‌کدار هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر خاڵێـکی پشکنینی هێزه‌کانی سه‌حوه‌ و له‌ ئاکامدا 3 چه‌کداری سه‌حوه‌ کوژراون و یه‌کێـکیش برینداربووه‌.
XS
SM
MD
LG