Accessibility links

ئه‌مه‌ریکا به‌ توندی سه‌رزه‌نشتی هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر ئێزدیـیه‌کان ده‌کات


سامانثا پاوه‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا بۆ‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان
سامانثا پاوه‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا بۆ‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا بۆ‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سامانثا پاوه‌ر به‌یانـنامه‌یه‌کی ده‌رکرد‌ له‌ باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی داعش ده‌یانکاته‌ سه‌ر که‌مینه‌ ئاینی و نه‌ژادیـیه‌کان له‌ عێراق، تیایدا ده‌ڵێت:

ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به‌ توندترین شێوه‌ سه‌رزه‌نشـتی ئه‌و په‌لامارانه‌ی داعش ده‌کات که‌ کردوونیه‌ته‌ سه‌ر هه‌ردوو شـارۆچکه‌ی شه‌نگال و ته‌له‌عفه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وانه‌ی‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ئاواره‌بوونی به‌ ده‌یان هه‌زار که‌س که‌ زۆربه‌یان له‌ که‌مینه‌ ئاینیـیه‌کانن. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر‌ قه‌یرانی مرۆیی له‌ عێراق قوڵتر ده‌کات.

ڕاپـۆرته‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن داعش ڕفاندن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ئیعدامکردنی له‌ دژی که‌مینه‌ ئاینی و نه‌ژادیـیه‌کان ئه‌نجامداوه‌ و به‌ به‌رنامه‌ شوێنه‌واره‌ ئاینی و که‌لتوریـیه‌کان وێران ده‌کات.

ئه‌مه‌ریکا پـشـتیوانی له‌ هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق و هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ ده‌کات بۆ به‌رگریکردن له‌و ناوچانه‌ له‌ دژی داعش. داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ ده‌که‌ین ڕێگه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئاژانس و ڕێـکخراوه‌کانی هاوکاری بده‌ن به‌ سه‌لامه‌تی کۆمه‌کی مرۆیی بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ سه‌ر چیای شه‌نگالن و له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ گه‌مارۆ دراون.

ئه‌مه‌ریکا به‌ڵێن ده‌دات یارمه‌تی خه‌ڵـکی عێراق بدات له‌ کاتێـکدا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئاسایشی و مرۆیی ده‌بنه‌وه‌ له‌ شه‌ڕه‌که‌یاندا له‌ دژی داعش.

ڕێبه‌رانی عێراق ده‌بێت زۆر به‌ خێرایی کاربکه‌ن بۆ پـێـکهێنانی حکومه‌تێـکی گشـتگیری ته‌واو که‌ ماف و خواست و مه‌ترسـیـیه‌کانی هه‌موو پـێـکهاته‌کانی عێراق له‌به‌ر چاوبگرێت. ده‌بێت هه‌موو عێراقیـیه‌کان ڕێـکبکه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ری بکه‌ن عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وی خۆی بۆ ئاینده‌یه‌کی ئاشتیـیانه‌ و ڕێگه‌ له‌ داعش بگیرێت له‌و کاره‌ی ده‌یکات بۆ نه‌هێشتنی هه‌مه‌جۆری له‌ عێراقدا.

XS
SM
MD
LG