Accessibility links

موسڵ: ڕووداوەکانى تلکێف و بەعشیقە و شۆڕا و شەنگال


هێرش و پەلامارى چەکدارانى گروپى دەوڵەتى ئیسلامى لە ناوچەکانى پارێزگاى نەینه‌وا درێژەى هەیە و هاوکات بۆردومانکردنى پـێگە و مۆڵگەکانیان لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانى هاوپەیمانانەوە چڕتر دەبێتەوە.

شەوى رابردوو فڕۆکە جەنگیەکانى هاوپەیمانان و عێراق بە هاوبەشى بارەگایەکى داعشیان لە ناحیەى شۆڕاى باشورى موسڵ بۆردومان کردن و بەپێى زانیایەکانى دەنگى ئەمه‌ریکا لە سەرچاوەکانیەوە نزیکەى 20 چەکدار بەهۆی ئه‌و بۆردومانانه‌ کوژراون.

بەرەبەیانى چوارشه‌ممه‌ش، چەکدارانى داعش هێرشیان کردە سەر بارەگایەکى پێشمەرگە لە نێوان قەزاى تلکێف و بەنداوى موسڵ بەڵام وەکو مولازیم مستەفا بێساتى ئەفسەر لە هێزەکانى پێشمەرگە بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند فڕۆکە جەنگیەکانى هاوپەیمانان هێرشەکەى داعشیان تێکشکاند و ژمارەیەک چەکداریان لێ کوشتن .

لەلایەکى تریشەوە مەحما خەلیل .سەرپەرشتیارى خۆبەخشانى ئێزیدى لە شەنگال بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ پێشمەرگە و خۆبەخشانى ئێزدیى بە هاوبەشى لە نزیک کۆمەڵگاى خانەسۆر لە شەنگال ڕووبەڕووى چەکدارانى داعش بوونەتەوە و ژمارەیەک چەکداریان لێ کوشتون.

هاوکات سەعید مەمۆزینى وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان لە موسڵ بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند کەوا چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى چوارشه‌ممه‌ 6 بارەگاى پارتى و یەکێتی و ماڵى چوار کاربەدەستى حزبیان لە ناحیەى بەعشیقە لە رۆژهەڵاتى موسڵ تەقاندۆتەوە .

شایەنى باسە لە ئێستادا ئامادەکارى دەکرێـت بۆ هێرشکردنە سه‌ر چەند ناوچەیەک لە دەشتایى موسڵ و قەزاى شەنگال، لەم بارەیەوەش غەیاس سورچى ئەندامى کۆمیتەى ئاسایش لە ناوچەکانى دەشتایى موسڵ بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا دەڵێت ئامادەکاریـیەکان تەواو بوون و وەکو هەنگاوى یەکەم لە ماوەیەکى نزیک دا هێرشى فراوان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانى دەشتایى موسڵ و شەنگال و دواى ئەوەش پلانى هێرشکردنە سەر موسڵ دەست پێدەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:57 0:00

XS
SM
MD
LG