Accessibility links

رێگە بە میلیشیاکان نادرێت بەرەو موسڵ و باکورى کەرکوک بڕۆن


بەرپرسانى کورد لە ناوچە دابڕاوەکان، دەڵێن میلیشیا شیعەکان پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەى دواى کۆتایى هاتنى شەڕى داعش، لە ناوچە دابڕاوەکان جێگیر ببن و نەکشێنەوە.

میلیشیا شیعەکان لە مانگى نۆی ساڵى رابردوو بەبیانووى شەڕى داعش لە چەند ناوچەیەکى کوردستانى سەر بە پارێزگاکانى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین جێگیربوون ، لە ئێستادا تۆمەتبار دەکرێن بە نانەوەى پشێوى لەو ناوچانە.

عەدنان کەرکوکى بەرپرسى راگەیاندنى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"جێگیربوونى میلیشیا شیعەکان لە ناوچە دابڕاوەکان درێژەپێدانى پرۆسەى تەعریبە ، چونکە ئەم هێزانە نیەتى کشانەوەیان نیـیە."

میلیشیا شیعەکان دەیانەوێت بەرەو ناوچەکانى باکورى کەرکوک و موسڵ بڕۆن، بەڵام سەرۆکایەتى هەرێم فەرمانى بە هێزە کوردیەکان کردووە رێگریان لێبکات.

ئازاد جەبارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، دەڵێت"میلیشیاکان بەرنامەیان هەیە ناوچە دابڕاوەکان کۆنترۆڵ بکەن."

دروستبوونى ناکۆکى لە نێوان هێزە کوردیەکان و میلیشیا شیعەکان، دواى ئاڵۆزیەکانى خورماتوو و کوشتن و رفاندنى هاوڵاتیان دێت کە میلیشیاکان بە دەستهەبوون لەو رووداوانە تۆمەتبار دەکرێن.

هێمن مەنسور وتەبێژى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى، پێیوایە میلیشیا شیعەکان ناتوانن لە ناوچە دابڕاوەکان بمێننەوە، بەو پێیەى زۆربەى دانیشتوانى ئەو ناوچانە سونەن.

چاوەڕوان دەکرێت دواى کۆتایى هاتنى شەڕى داعش گرژى لە نێوان پێشمەرگە و میلیشیاکان دروست ببێت، بەهۆى ئامادەنەبوونى میلیشیاکان بۆ بەجێهێشتنى ئەو ناوچانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:06 0:00

XS
SM
MD
LG