Accessibility links

ئێمه‌ و سیاسه‌ت: ڕه‌هه‌نده‌کانی هێرشکردنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بۆ‌ سه‌ر که‌رکوک


له‌پاش شکستی چه‌کداره‌ توندڕه‌وه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ کۆبانی، هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌رکوک ده‌ست پێده‌کات. باس له‌وه‌ش‌ ده‌کرێت چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هێشتاش له‌ خۆ ئاماده‌کردندان بۆ هێرشی تر بۆسه‌ر که‌رکوک.

ئه‌و کاته‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شاری موسڵی داگیرکرد، له‌ دوو لاوه‌ ( هه‌و‌لێر و دهۆک)بووه‌ دراوسێی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌وجاش کاتێک شه‌ڕه‌کانی جه‌له‌ولاش ده‌ستیان پێکرد توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی پانتاییه‌کی زۆری خاکیان داگیر کرد و له‌و ناوچانه‌وه‌ که‌وتنه‌ سه‌یرکردنی خاکی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وتی که‌رکوک.

فه‌تاح زاخۆیی
فه‌تاح زاخۆیی

نکوڵی ناکرێت له‌وه‌ی شاری که‌رکوک ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و ڕه‌وشێکی ترسناک ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام پرسیاره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ چۆن ده‌توانرێت ئه‌و مه‌ترسیانه‌ له‌سه‌ر شاره‌که‌ بڕه‌وێندرێنه‌وه‌؟

میوانی به‌رنامه‌:

فه‌تاح زاخۆیی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر

کێن ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ن؟

ئه‌مه‌ بۆخۆی یه‌کێکه‌ له‌و پرسیارانه‌ی تا ئێستا هیچ لایه‌نێک وه‌ڵامێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌، له‌ ده‌مێکدا هه‌موو لایه‌ک باس له‌ هه‌ستیاری و ئاڵۆزی ڕه‌وشه‌که‌ ده‌که‌ن.

کارنامه‌ ئاشکراکه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌ توندڕه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئاینیه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی سوننه‌گه‌رایی وه‌ ده‌شێت له‌ ڕه‌هه‌ندێکی که‌مه‌وه‌ وه‌ها لێی بڕوانرێت به‌شێکه‌ له‌ ململانێکانی نێوان پاوانخوازیه‌کانی شیعه‌گه‌رایی له‌ ناوچه‌که‌دا و خۆسه‌پاندنی سوننه‌کان.

بۆ له‌ پاش کۆبانی هێرشده‌کرێته‌ سه‌ر که‌رکوک؟

ناکرێت هه‌رگیز ڕه‌هه‌ندی ناسیۆنالیستی یان شۆڤینیزمی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م ڕێکخراوه‌ فه‌رامۆش بکرێت له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی بۆ دۆزی کورد هه‌یه‌تی له‌ هه‌ردوو ئاستی ناو عێراق و ناو ناوچه‌که‌ش به‌ گشتی که‌ ده‌کرێت بگوترێت جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی له‌ ناوچه‌کدا پێچه‌وانه‌ی خواستی کورد کار ده‌که‌ن.

له‌ شه‌ڕه‌کانی کۆبانیدا جه‌خت ده‌کرایه‌وه‌ له‌وه‌ی چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌ر ته‌نیا مه‌به‌ستیان له‌ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی شاره‌که‌ نییه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژئاوا بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیکردنی خۆیی بشکێنن.

ئێستاش بۆ که‌رکوک ده‌کرێت هه‌مان لێکدانه‌وه‌ دروست بێت. بۆچی؟

چونکه له‌ قۆناغه‌ جیاجیاکانی بزووتنه‌وه‌کانی کوردی عێراقدا ‌که‌رکوک هه‌میشه‌ سه‌نگیی خراوه‌ته‌ سه‌رو خاڵی هه‌ره‌ مشتومڕ له‌سه‌ری‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاوات و ئامانجه‌کانیان.

ده‌کرێت لێره‌وه‌ بڵێین ‌ که‌رکوک وه‌ک سیمبۆلێک بۆ مافی کورد له‌ عێراقدا دانراوه‌، هه‌ربۆیه‌ ناکرێت وه‌ها له‌ هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بڕوانرێت که‌ ته‌نها ڕه‌هه‌ندێکی ئاینزایی هه‌یه‌.

به‌ر له‌ چه‌ند ڕۆژێک ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکومانی ڕایگه‌یاند پێویسته‌ پاش شه‌ڕه‌کانی داعش هێزی پێشمه‌رگه‌له‌و ناوچانه‌ بکشێته‌وه‌.

لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی ساڵحی زۆرن به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ زۆرترین هاوڕایی له‌سه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکومانی هه‌روا له‌ خۆوه‌ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی نه‌داوه‌.

ئایا ئه‌م هێرشانه‌ ته‌نها ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌یکات یان به‌شێکه‌ له‌ ستراتیژیه‌تێکی ناوچه‌یی؟

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و ژماره‌یه‌ک پرسیاری تریش له‌ به‌رنامه‌ی "ئێمه‌ و سیاسه‌ت" دایه‌:

تێبینی: به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی "ئێمه‌ و سیاسه‌ت" به‌ڵێن ساڵح له‌ بری ده‌خیلی شه‌مۆ پێشکه‌شی کرد.

XS
SM
MD
LG