Accessibility links

ئێمه‌ و سیاسه‌ت : له‌ سه‌هۆڵبه‌ندانی وتووێژه‌کانه‌وه‌‌ بۆ به‌هاری ئاشتی له‌ تورکیادا


عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان داوای له‌ په‌که‌که‌ کردووه‌ چه‌ک دابنێت وه‌ک به‌شێک له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی به‌مه‌به‌ستی ڕه‌واندنه‌وه‌ی قه‌یرانی 30 ساڵه‌ی کورد و حکومه‌ت له‌ تورکیادا.

ڕێبه‌ری په‌که‌که‌ داوا ده‌کات له‌ به‌هاری ئه‌مساڵدا کۆنفرانسێکی نائاسایی بکرێت، تیایدا بڕیارێکی مێژوویی بدرێت بۆ کۆتاییهێنان به‌ خه‌باتی چه‌کداری.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ، سه‌ر‌ۆکی تورکیا به‌ گه‌رمیه‌وه‌ پێشوازی له‌م داوایه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان کردووه‌ به‌ڵام وه‌ک میدیای تورکیا باسی کردووه‌ دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی ئایا گرتنه‌به‌ری ئه‌م هه‌نگاوه‌ چه‌ندێک ده‌بێته‌ مایه‌ی هێنانه‌ ئارای ئاشتیه‌کی جێگیر له‌ وڵاته‌که‌دا.

ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت ئه‌م جۆره‌ ڕاگه‌یاندنانه‌ شتێکی باشن به‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندێک جێبه‌جێده‌کرێن.

سه‌رۆکی تورکیا ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ تێرۆریستیه‌یه‌ که‌ ده‌بێت چه‌ک دابنێن و ئه‌گه‌ر وه‌هاش چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن هێزه‌ ئاسایشیه‌کان ده‌ستبه‌رداری چه‌ک بن، ئه‌وا ئه‌وه‌ هیچ شتێکی تر نییه‌ بێ له‌ خه‌ون بینین."

میوانی به‌رنامه‌:
شه‌ماڵ به‌شیری، چاودێر و شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی.

پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌ڵێت چه‌ک دانانێت تا ئه‌و کاته‌ی حکومه‌تی تورکیا هه‌نگاو به‌ ئاڕاسته‌ی به‌ره‌وپێشبردنی دیموکراسیدا ده‌نێت.

شه‌ماڵ به‌شیری
شه‌ماڵ به‌شیری

له‌ ئێستادا ئانکه‌ره‌ به‌رنوسێکی خستۆته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ که‌ تیایدا ده‌سه‌ڵاته‌کانی هێزی پۆلیس زیاد ده‌کات.

په‌که‌که‌ ده‌ڵێت وابه‌سته‌ی ئاگربه‌ست بووه‌ وه‌ک به‌شێک له‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ کۆتایی هێنان به‌ 30 ساڵه‌ی یاخیبوونی خوێناوی ده‌درێن.

ئایا تورکیا ده‌چێته‌ ژێر باری ئه‌و مه‌رجانه‌ی ڕێبه‌ری زیندانیکراوی په‌که‌که‌ له‌ ئیمرالیه‌وه‌ دایناون بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی و وه‌ک ده‌گوترێت له‌به‌رامبه‌ر چه‌ک دانانی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌؟

تورکیا له‌ ساڵی 2012 وه‌ ده‌ستی به‌ وتووێژ کردووه‌ له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا و له‌ نه‌ورۆزی ساڵی 2013 شدا ڕێبه‌ری په‌که‌که‌ ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند و وه‌ک به‌شێک له‌ جێبه‌جێکردنی به‌نده‌کانی پرۆسه‌ی ئاشتی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ له‌ تورکیا کشانه‌وه و دواتریش قه‌ندیل ڕایگه‌یاند ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناویه‌تی نیشاندانی وابه‌سته‌ییه‌ به‌و پرۆسه‌یه‌وه‌ به‌ڵام ده‌شڵێت تورکیا هیچ هه‌نگاوێکی به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا نه‌ناوه‌.‌

ئێستا ئانکه‌ره‌ چه‌ندێک ڕژده‌ له‌سه‌ر هه‌نگاو نان به‌ ئاڕاسته‌ی ئاشتیدا؟

ئه‌گه‌ره‌کانی شکاندنی ئاگربه‌ست چه‌نده‌ و ئایا شیانی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌یه‌؟

ئا له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئایا پێویست به‌ لایه‌نی سێهه‌م هه‌یه‌ له‌ نێوان حکومه‌تی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا؟

تانه‌ر یه‌ڵدز، وه‌زیری وزه‌ی تورکیا ده‌ڵێت وڵاته‌که‌ی له‌ ده‌ڤه‌ری قه‌ندیل ی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا به‌ شوێن نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێت و ئه‌م هه‌نگاوه‌ش بۆ چه‌کدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان زه‌مینه‌ خۆشکه‌ر ده‌بێت.

یه‌ڵدز ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ ڕه‌واندنه‌وه‌ی پشێویه‌ سیاسیه‌کاندا و به‌ره‌و نه‌مان چوونی کاریگه‌ریه‌کانی په‌که‌که‌، تورکیا ده‌ستی به‌ سه‌رچاوه‌ی زیاتردا ڕاده‌گات و ڕێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌گه‌ڵ باکوری عێراقدا هه‌یه‌ و له‌ هه‌ندرێن و چۆمان به‌شوێن نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێین و بێ له‌و سودانه‌ش که‌ بۆ باکوری عێراق ده‌بن له‌ ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ له‌ بواری وزه‌دا، ده‌رفه‌تی کارکردنی نوێش له‌ قۆناغی ئاشتی ناوخۆییدا ده‌ڕه‌خسێت."

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له به‌رنامه‌ی (ئێمه‌ و سیاسه‌تدا) یه‌:

XS
SM
MD
LG