Accessibility links

پـێشمەرگە 3 گوندى ستراتیژى له‌ باشوری که‌رکوک کۆنترۆڵ ده‌کات


ڕۆژی دووشه‌ممه‌ هێزى پـێشمەرگە و دژە تیرۆر هێرشیانکردە سەر چەکدارەکانى داعش لە گوندەکانى (وەحدە ، سەعد و خالید) ى باشورى کەرکوک و ، دواى شەڕێکى دوو کاتژمێرى هەر سێ گوندەکە کۆنترۆڵکران، بەمەش مەترسى چەکدارەکانى داعش لەسەر جادەى سەرەکى کەرکوک و بەغدا کۆتایى هات.

شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەى هێزەکانى حەفتاى پـێشمەرگە و یەکێک لە سەرپەرشتیارانى هێرشەکە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو سێ گوندەى پێشمەرگە کۆنترۆڵى کردن ناوچەیەکى ستراتیژى گرنگ بوون بۆ داعش، چونکە تەنها 800 مەتر لە رێگەى سەرەکى نێوان کەرکوک و بەغداوە دوور بوون."

ناوبراو دەڵێت"داعش دەیتوانى لەو گوندانەوە مەترسى لەسەر شارى کەرکوکیش دروست بکات ، بۆیە بە کۆنترۆڵکردنى ئەو گوندانە مەترسى داعش لەسەر ناوچەکە دوور خرایەوە."

چەند مانگێک لەمەوبەر هێزى پێشمەرگە هێرشێکى فراوانى کردە سەر ئەو سێ گوندە ، بەڵام هێرشەکەى پێشمەرگە سەرکەوتوو نەبوو ، لە ئەنجامدا زیاتر لە 20 پێشمەرگە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا و زیانێکى زۆر بەهێزى پێشمەرگە گەیشت.

ئەمرۆ کەس‌وکارى ئەو پێشمەرگانەى لە هێرشەکەى چەند مانگى رابردوودا بوونە قوربانى ، لە گوندى وەحدە کۆبوونەوە و بە دواى گۆڕی بەکۆمەڵى پێشمەرگەکاندا دەگەڕان ، شێخ جەعفەریش جەخت دەکاتەوە "بە دواى تەرمى پێشمەرگەکاندا دەگەڕێن."

هاوکات وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوەدەکات هێزەکانى پێشمەرگە جگە لەو سێ گوندە ، هەر ئەمڕۆ دوو گوندى تریشیان کۆنترۆڵکردووە.

هێرشەکەى ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ی پێشمەرگە بۆ دوور خستنەوەى مەترسى داعش بوو لەسەر رێگەى کەرکوک و بەغدا، لە کاتێکدا هێرشەکانى هەفتەى رابردووى پێشمەرگە بۆ سەر گوندەکانى خۆرئاوا و باشورى کەرکوک بۆ دوورخستنەوەى مەترسى بوو لەسەر شارى کەرکوک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:20 0:00

XS
SM
MD
LG