گه‌لی کورد ڕۆژی نه‌ورۆز به جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆی داده‌نێت و سروتی تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه و به‌رده‌وام به شێوازی بێ پێشینه له هه‌موو ساڵێکدا ئه‌م یاده ده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ ئاگرکردنه‌وه‌دا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که نه‌ورۆز به یه‌که‌م ڕۆژی ساڵی نوێی کوردی داده‌نرێت به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که نه‌ته‌وه و گه‌لانی تریش له‌و ناوچه‌یه‌ی جیهاندا جه‌ژنی نه‌ورۆز نه‌که‌ن و وه‌ک بۆنه‌یه‌کی نیشتیمانی یان نه‌ته‌وه‌یی خۆیان سه‌یری نه‌که‌ن.
نه‌ورۆز وه‌ک زۆرێک له سه‌رچاوه مێژووییه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن له ئاڤێستای زه‌رده‌شتدا هاتووه و به مانای ڕۆژێکی گه‌ش و باڵا و پیرۆزیش سه‌یر ده‌کرێت.
له ساڵی 1999 دا ڕێکخراوی یۆنسکۆ ڕۆژی نه‌ورۆزی له لیستی فه‌رهه‌نگی و کولتوری خۆیدا دانا و مۆرکێکی مرۆیی و جیهانی پێ به‌خشی و دواتریش نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژی 21 ی مانگی 3 ی کرده ڕۆژێکی جیهانی.
گه‌لان و نه‌ته‌وه‌کانی تریش جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن له‌وانه فارسه‌کان، تاجیکی و تورکومانه‌کان له تورکه‌مه‌نستان وپاکستانیهکان و ئازه‌ریه‌کان و قرغیزیهکانیش.
ئارياييه‌کان له سه‌رده‌مي کۆندا دوو وه‌رزي سه‌رما و گهرمايان هه‌بووه، له‌هه‌ر کام له‌م وه‌رزانه‌دا جێژنيان گرتووه که هه‌رکاميان به سه‌ره‌تاي ساڵي نوێ داناوه، يه‌که‌ميان ناو ناوه نه‌ورۆز دوهميشيان ناو ناوه مێهره‌گان.
میوانی به‌رنامه:
ڕه‌فیق حوسه‌ین په‌ناهی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر.
به‌پێی هه‌ندێک له سه‌رچاوه مێژوویه‌کان زه‌رده‌شتیه‌کان ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌یان کردبێته پشوی خۆیان و تا ئێستاش له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا به شێوه‌ی جۆراوجۆر سه‌روسه‌ودا له‌گه‌ڵ چوارشه‌ممه‌دا ده‌کرێت.
غه‌نی بلوریان له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی خۆیدا له مه‌هاباد ده‌ڵێت "هه‌موو ڕۆژانی چوارشهموانێک، ژنان له گه‌ڕه‌که جیاوازه‌کانی سابڵاخ کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ و ده‌سته دهستهدهچوونه سه‌یران و شایی."
گه‌لێک له سه‌رچاوه مێژوویه‌کانیش ئاماژه‌یان به کردنه‌وه‌ی ئاگر کردووه له چوارشه‌ممه سوره‌دا به‌ڵام هێشتا نه‌زانراوه له که‌یه‌وه ده‌ستی پێکردووه.
یه‌کێک له پرسیاره هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه‌یه بۆ تا ئێستا جه‌ژنی نه‌ورۆز به ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و جه‌ژنێکی زیندووه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌موو جه‌ژنانه‌ی تر که هه‌بوون وه‌ک جه‌ژنه‌کانی میهره‌گان، تیره‌گان، سه‌ده و هتد، که زانیاری له‌سه‌ریان یان زۆر که‌مه یان هه‌ر نییه.
جه‌ژنی نه‌ورۆز له فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا چ مانایه‌کی هه‌یه؟ ئایا ده‌کرێت وه‌ک ڕۆژێک بۆ به‌رخودان سه‌یر بکرێت یان ته‌نها ڕۆژێکه و ساڵی نوێی به دوادا دێت؟
ئایا پشت به کام یه‌کێک له گێڕانه‌وه‌کانی به‌سه‌رهاتی جه‌ژنی نه‌ورۆز ببه‌سترێت؟
له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا شێوازی یادکردنه‌وه‌کانی وه‌کو یه‌کن یان جیاوازه و به‌پێی ئه‌و وڵاتانه‌یه که کوردیان تیادایه؟
له ڕۆژهه‌ڵات چۆن ئه‌م یاده ده‌کرێته‌وه که بتوانرێت تایبه‌تمه‌ندێتیه‌کانی کوردانه‌ی خۆی بپارێزێت؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له به‌رنامه‌ی (ژیان له فه‌رهه‌نگدا) یه: