Accessibility links

گۆران ئازاد: ئێستاش لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان وه‌ک ساڵی 2013 بێده‌نگن و هیچیان ناڵێن کاندیدیان ده‌بێت بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم


 گۆران ئازاد
گۆران ئازاد

سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ستی کردووه‌ به‌ کۆبوونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمه‌که‌دا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی دید و بۆچوونه‌کان له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستو‌ر و هه‌روه‌هاش ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری درێژکردنه‌وه‌یه‌کی تری ماوه‌ی پۆسته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم.

ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان تا ئێستا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێم و یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمه‌ڵی ئیسلامیدا کۆبۆته‌وه‌.

له‌ پاش کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کگرتووی ئیسلامیدا، موحه‌مه‌د فه‌ره‌ج ئه‌مینداری یه‌کگرتوو گوتوویه‌تی ده‌بێت پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا تاووتوێ بکرێت ئه‌وجا ڕێکه‌وتنی کۆتایی له‌سه‌ر بکرێت.

عه‌لی باپیر، ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی ڕاگه‌یاندووه کۆمه‌ڵ ده‌خوازێت خه‌ڵک خۆی فه‌رمانڕه‌وای خۆی بێت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی خه‌ڵک له‌ ده‌ستوردا دیاربکرێن.

گۆران ئازاد، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ڵێت له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم نوینه‌رانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی تیادایه‌ و هه‌ر هه‌موو فراکسیۆنه‌کانیش په‌یوه‌ندییان به‌ بیرۆی سیاسی لایه‌نه‌کانی خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌شه‌ وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌و ڕایانه‌ی ڕۆژانه‌ فراکسیۆنه‌کان له‌ په‌رله‌ماندا ده‌یده‌ن ڕای لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی خۆیانه‌ و ده‌شڵێت پێشتر له‌سه‌ر پرسی ده‌ستور سه‌رۆکی هه‌رێم نامه‌ی تایبه‌تی خۆی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ناردووه‌ و لایه‌نه‌کانیش ڕای خۆیان بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم ناردووه‌.

به‌ڕیز ئازاد ده‌ڵێت "ئیتر نازانم بۆ له‌م ماوه‌ که‌مه‌ی که‌ ماوه‌ کاته‌که‌ بکوژین به‌ سه‌ردان کردنی حیزبه‌کانه‌وه له‌ کاتێکدا حیزبه‌کان قسه‌ی خۆیان کردووه‌ و ئێستاش له‌ په‌رله‌ماندا نوێنه‌ریان هه‌یه‌‌."

له‌ وه‌ڵامی پرسیار‌ێکی به‌ڵێن ساڵح سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چه‌ندێک ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مساڵیش هه‌مان سیناریۆکه‌ی ڕۆژی 30 ی مانگی 6 ی ساڵی 2013 دووباره‌ ببێته‌وه‌ کاتێک له‌ په‌رله‌ماندا ماوه‌ی پۆسته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم درێژکرایه‌وه‌؛ گۆران ئازاد که‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانه‌ ده‌ڵێت "ناڵێم هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام دۆخه‌که‌ هه‌مان دۆخه‌که‌ی ساڵی 2013 یه‌" و ده‌شڵێت به‌پێی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان نابێت سه‌رۆکی هه‌رێم خۆی کاندید بکاته‌وه‌ و سه‌رۆکی هه‌رێمیش به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی وتووه‌ ملم له‌ موو باریکتره‌ و داوی هیچ ده‌رچه‌یه‌کی یاسایی ناکه‌م، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێستا سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڵبژاردن ڕابگه‌یه‌نێت و ئه‌وجاش ڕایبگه‌یه‌نێت که‌ خۆی هه‌ڵنابژێرێته‌وه‌.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:13 0:00

XS
SM
MD
LG