پاش ئه‌وه‌ی گۆڤاری لڤین ژماره 299 ده‌گاته کۆمپانیاکه‌ی به‌رپرسه له دابه‌شکردنی گۆڤاره‌که، ئیدی ته‌واوی گۆڤاره‌که له هه‌ولێر دیارنامێنێت.
ئه‌حمه‌د میره سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤینله لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ده‌ڵێت " هێزێك له هه‌ولێر چوونه‌ته سه‌ر كۆمپانیاكه، ته‌نها گۆڤاری لڤینیان بردووه نه‌یانهێشتووه دابه‌ش بكرێت، پێشیان وتوون، ئه‌گه‌ر باسی بكه‌ن لێتان قبوڵ ناكه‌ین و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون."
کاردانه‌وه‌کان زۆرن له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه.
ڕه‌حمان غه‌ریب، ڕێکخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ده‌ڵێت وه‌ک سه‌نته‌ری میترۆ په‌یوه‌ندی کراوه به کۆمپانیا سه‌ره‌کیه‌که‌ی دابه‌شکردنه‌وه و ئه‌و کۆمپانیایه زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ر ڕووداوه‌که نه‌داوه و ده‌شڵێت له‌به‌ر چ هۆکارێک زانیاری‌یان نه‌داوه نازانم.
له میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، به‌ڕێز غه‌ریب ده‌شڵێت په‌یوه‌ندیش به ده‌زگاکانی ئاسایش و پۆلیسیشه‌وه کراون به‌ڵام بێ ئاگایی خۆیان له ڕووداوه‌که ده‌ربڕیوه و ده‌شڵێت "ئێمه وه‌ک سه‌نته‌ری میترۆ وه‌های ده‌بینین، ئه‌م ماسته مویه‌کی تێدایه، واته کۆکردنه‌وه‌ی گۆڤاری لڤین له کاتێکدا که مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هه‌یه و گفتوگۆیه‌کی سیاسی گه‌رم له ئارادایه و ڕاپۆرتی گه‌رم له ئارادایه و که‌واته ئه‌مه به‌بێ هۆ نییه."
پێشتر چه‌ند جارێکی تر گۆڤاری لڤین که‌وتۆته به‌ر هێرشی جۆراوجۆره‌وه و ڕۆژنامه‌وان (سۆران مامه حه‌مه) یه‌کێک بوو له ڕۆژنامه‌وانه‌کانی لڤین و له که‌رکوک کوژرا و تا ئێستاش لێکۆڵینه‌وه‌کان هیچ ئه‌نجامێکیان نه‌بووه.
زانیاری زیاتر له ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه: