ئەمڕۆ سێشهممه لە شارى هەولێر نوێنەرانى كەسوكارى ئەنفالكراوەكان بۆ ماوەى چوار كاتژمێر لەگەڵ ئەنجومەنى باڵاى دادوەریدا كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بەڵێنى نوێكردنەوەى بڕیارى دەستگیركردنى تۆمەتبارانى ئەنفال و كۆتایى هێنان بە مانگرتنى دادگاكانى كوردستان درا.
شوان محەمەد یەكێک لە نوێنەرانى كەسوكارى ئەنفالكراوەكان كە بەشدارى كۆبوونەوەكەى ئەمڕۆى كردوبوو، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" كۆبوونەوەكە لەسەر بانگهێشتى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى بووە بۆ كۆتایى هێنان بەو كێشەیەى لە نێوان كەسوكارى ئەنفالكراوەكان و دادگاكانى كوردستاندا دروستبووە."
ناوبراو دەڵێت" ئەنجومەنى دادوەرى بەڵێنى دا فەرمانى گرتنى موستەشارەكان نوێ بكاتەوە و ڕەوانەى بنكەكانى پۆلیس و ئاسایشى بكات بە مەبەستى جێبەجێكردن."
بەپێى وتەى شوان محەمەد، ئەنجومەنى دادوەریش پاساویان هەبووە بەوەى دەسەڵاتى جێبەجێكردن بڕیارى گرتنى تۆمەتبارانى جێبەجێ نەكردووە، بۆیە داوایانكردووە هەر بەرپرسێكى حكومى بڕیارەكەى جێبەجێ نەكرد فەرمانى گرتنى بۆ دەربكرێت.
شوان محەمەد ، روونیشیكردەوە موستەشارەكان فێڵیان لەلایەنە سیاسیەكان كردووە بۆیە دەستگیر ناكرێن و پۆستیشیان پێدراوە.
كەسوكارى ئەنفالكراوەكان وێڕاى ئەوەى كۆبوونەوەى نوێنەرانیان لەگەڵ ئەنجومەنى دادوەرى بەئەرێنى وەسف دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتى ههتا ئەو كاتەى داواكاریـیەكانیان جێبەجێ دەكرێت.