لەوەتای 13 ی مانگی حەوتەوە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کەوا ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی بۆ ڕزگارکردنی پارێزگای ئەنبار و بە تایبەتی شاری ڕومادی ناوەندی پارێزگاکە دەسـتیپێـکردووە و هێزەکانی لەشکر و حەشدی شەعبی و پـۆلیسی فیدراڵی و چەکدارانی خێڵەکانی ئەنبار تیایدا بەشداری دەکەن.
هەرچەندە ڕۆژانە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەت و لایەنگرانی دەڵێن بە دەیان چەکداری داعشیان لەو شەڕانەدا کوشتووە و زیانی گەورەیان پـێـگەیاندوون، بەڵام هێشـتا بەرەوپـێشچوونێـکی ئەوتۆ بەدی نەکراوە.
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان لە وتووێژێـکدا لەگەڵ حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە پـێشـهاتەکانی ئەو شەڕە دەکات.