هێشتا لایەنە سیاسیەكان لەهەرێمی كوردستان نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و لەبری كۆبونەوەكان لە ئێستادا بە بەیاننامە لهگهڵ یەكتر دەدوێن و پەیام بۆ یەكتر دەنێرن.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەنجومەنی سەكردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە، دوای كۆبونەوەكە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و جهخت دهکاتهوه لهوهی سەرۆكی پەرلەمان شەرعیەتی نەماوە.
دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند بەیاننامەكە دوو دیوی لەخۆ گرتووە، یەكەم ڕەتكردنەوەی سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەكتردا و دەرچوون لە تەوافوقی نیشتمانی، هەروەها لایەنی دووەمی پەیامەكەش خستنهڕووی چارەسەره بۆ ئەم پرسە.
فەرید ئەسەسەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دەڵێت پەیامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لای یهکێتی بەو جۆرە سەیركراوە كە زۆر توند بووە
بەڵام دڵشاد شەهاب ڕەتی دەكاتەوە ئەو پەیامە توند بوبێت و دەڵێت ناوەڕۆكی پەیامەكە باسكردن بووە لە ڕاستی و مەترسی كە دەوروبەرمان هەستی پێدەكەن و ئاگاداریان كردوینەتەوە.
دوای ئەو بەیاننامەیەش ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەڵامی ئەو ڕاگەیاندنەی دایەوە وئ اماژەی بەوەدا چەند ڕۆژێكی كەم ماوە لەبەردەم نەمانی شەرعیەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (بەپێی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان). بەڵام ڕێكخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت"هەر لایەنێك چی دەڵێت با بیڵێت.
ئەمڕۆ 16ی ئاب مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی دیكەی بڵاوكردەوە و داوای كرد كە لایەنە سیاسیەكان پێش 20ی ئەم مانگە كە وادەی كۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمە بگەنە ڕێككەوتن.
دوا به دوای پەیامەكەی بارزانیش هەریەك لە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە.
بەپێی هەواڵی بەشێك لە میدیاكانی كوردستان كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێ كردنی بەیاننامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە.
تا ئامادهکردنی ئهم ڕاپۆرته هیچ ڕاگەیندراوێكی فەرمی لەو سێ لایەنە بەشدارهی كۆبونەوەكە لەسەر ناوەڕۆكی وتووێژهکانیان ڕانەگەیەندراوە.
زانیاری زیاتر له دهقی ڕاپۆرتی ژیار موحهمد، پهیامنێری دهنگی ئهمریکادایه: