ڕووداو و بەسەرهاتەکان زۆرن و هەریەکەشیان دەکرێت ببنە بابەتی دەیان نوسین. بەڵام ناکرێت بۆ نوسینی ڕۆمان هەر تەنها سود لە ڕەگەزی گێڕانەوە وەربگیرێت.
ئەگەر گێڕانەوەکان تەواوی دیمەنەکان نەخەنە بزواندنێکەوە کە ئێمەی خوێنەریش بجوڵێنێت و لەگەڵ ئاڕاستەی ڕووداوەکاندا نەمانبات و نەمانهێنێت، ئەوا بێگومان دەبێتە گێڕانەوەیەکی بێ گیان و هەموو چێژەکانی خۆی بزر دەکات.
لە نوسینی ڕۆماندا وەک هەندێک لە ڕەخنەگران ئاماژەی پێ دەکەن کاری ڕۆماننوس وەک ئەرکی موزیسیانە لەو ڕوانگەیەوەی هەردووکیان ناتوانن دەستبەرداری ڕیتم ببن لە ئەرکەکانیاندا هەرچەندە لە ڕۆماندا ڕووداوەکان و گۆڕانکاریەکانیش لە بەسەرهاتەکاندا ئاستی خێرایی ڕیتمی گێڕانەوە دیار دەکەن.
دەشێت بۆ زۆرێک لە نوسەران چەندان هۆکار هەبن لە سەرەتای دەستپێکی نوسیندا کە بمانەوێت و نەمانەوێت خۆ دانە لە قەرەی ئەزموونێکی نوێ لە ژیانی فەرهەنگیدا.
(نەبەرد فوئاد) نوسەر و ڕۆژنامەوان یەکەم ڕۆمانی خۆی دەخاتە بەر دیدی خوێنەران و کارەساتەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان دەکاتە بابەتی یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی (توتی).
لە بەشێکی ڕۆمانەکەیدا نەبەرد دەنوسێت " له نێوان باوهڕ و بێ باوهڕی قهتیس ماوم، مرۆڤهكان ئێسقانی یهكتر دهكرۆژن. پیس بووین دهبێت سهرلهنوێ ههموومان بشۆنهوه."
ڕۆمانی توتی، بەسەرهاتەکانی کچانی ئێزیدیە کە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگاریان بووە و ئێستاش ڕزگاربوویەکی ئەنفال ئەم کارەساتە بە دەنگی ئەو خانمانە خۆیان دەنوسێتەوە.
ئایا نەبەرد فوئاد توانیویەتی لەم یەکەم بەرهەمە ئەدەبییەیدا خەم و مەینەتییەکانی کچە ئێزیدیەکانمان بە شێوەیەک بۆ بنوسێتەوە کە ئێمەی خوێنەر توشی سەرسوڕمانێکی گەورەتر لە ڕووداوەکە بکات؟
نەبەرد فوئاد لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوەوە دەیەوێت چیمان پێ بڵێت؟
ئایا نەبەرد لەم ڕۆمانە نوێیەیدا توانیویەتی خۆی لە زمانی ڕۆژنامەوانی دەرباز بکات؟
(نەبەرد فوئاد) نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: