د. ڕێكەوت ڕەشید وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی (دەنگی ئەمریكا)دا ڕایگەیاند:هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی كۆلێرا لەهەرێمی كوردستاندا تۆمار نەكراوە بەڵام مەترسیمان هەیە و ئامادەكاریمان كردووە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ئەو نەخۆشیە.
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی:بەهۆی ئەوەی نەخۆشی كۆلێرا تا دێت لەباشور و ناوەڕاستی عیراق لەتەشەنەسەندندایە لەبەر ئەوە ئامادەكاری توندمان كردووە لەو ڕوەوە."
ڕاشیگەیاند:مەترسیمان لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا تا مانگی دوازدە واتە كۆتایی وەرزی پایزە."
د.ڕێكەوت ڕەشید باسی لەوەشكرد لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عیراقدا هەماهەنگی تەواوییان هەیە و حكومەتی عیراق هەموو پێداویستی پزیشكی و ڕێنمایی و دەرمانێكی لەو ڕوەوە بۆ هەرێم دابینكردووە،وتیشی:هیچ گەمارۆیەكی نەناردنی دەرمان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە لەسەرمان نەبووە بەڵكو پێشتریش وتومانە بەپێی پێویست دەرمان و پێداویستی ناگاتە دەستمان بەڵام ئەوە كێشەیەكی ماددیە واتە كێشەیەكی سیاسی نیە و هیچ گەمارۆیەكی سیاسی دەرمان لەسەر هەرێم نەبووە لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە"
لەبەشێكی تری وتووێژەكەدا د.ڕێكەوت ئەوەی خستەڕوو سەرچاوەی سەرەكی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا ئاوی خواردنەوەیە،داوای لەهاوڵاتیان كرد ئەگەر هەستیان بەگۆڕینی ڕەنگی ئاوی خواردنەوە كرد ئەوا دەستبەجێ بیبەن بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنین"
هەروەها ئەوەشی وت:لە كەمپەكان و شوێنی نیشتەجێی ئاوارە و پەنابەرەكاندا لەهەرێمی كوردستان هەمان رێوشوێنیان بۆ ڕوبەڕبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا گرتۆتەبەر"
د.ڕێكەوت ڕەشید بۆ دەنگی ئەمریكا ئەوەی خستەڕوو"لەهەرێمی كوردستاندا چەند جۆرێك پشكنین هەیە كە لەخاڵە سنوریەكانەوەی بۆ هاوڵاتیانی دەرەوەی هەرێم دەكرێت پێش ئەوەی بێنە ناو هەرێمی كوردستان ئەو پشكنینانەش بریتین لە پشكنین بۆ چەند جۆرێكی ڤایرۆسی جگەر و نەخۆشی ئایدز"
هەروەها وتی:ئەگەر هاوڵاتی لەوڵاتێكەوە بێتە هەرێمی كوردستان كە لەو وڵاتەدا نەخۆشی كۆلێرا هەبێت ئەوا پێش ئەوەی بێتە ناو هەرێمی كوردستان پشكنینی بۆ دەكەین"