لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕیار بوو لە کۆبوونەوەکەی پێشتریاندا پێنج لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی هەرێم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، کۆبونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەش بۆ دوو ڕۆژ دواخرا.
دواخستنی ئەم کۆبوونەوەیەش لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و هەروەهاش کۆمەڵی ئیسلامی، دوو پێشنیازیان خستۆتە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان. وەک ئەم چوار لایەنە دەڵێن ئەو پێشنیازانە لەسەر بنچینەی سازان داڕێژراون لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی پۆستی سەرۆکی هەرێم.
بەختیار کەریم، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت دواخستنی کۆبوونەوەکان ئاماژەن بەوەی ئەو لایەنە سیاسیانە ناگەنە ڕێککەوتن و دەشڵێت دواخستنی ئەم کۆبوونەوانە یان بۆ سوود وەرگرتنە لە کات یانیش بۆ فشار کردنە و ئەوەش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکاندا ئەم لایەنانە بەرامبەر یەک دەیکەن ئاماژەیە بۆ ئەوەی تا ئێستاش لە هەرێم بە ئەقڵیەتی هێرشەوە کاری میدیایی دەکەین.
بەڕێز کەریم دەڵێت لە هەرێمی کوردستاندا دوو چین دروست بوون و یەکێکیان لە ئاستێکی خۆشگوزەرانی سەرسوڕهێنەردایە و چینێکی تریش لە چاوەڕوانی ئەو چینە باڵادەستە خۆشگوزەرانەدایە کە بێ ئاگایە لە ژیان و گوزەرانی چینی دووەم و دەشڵێت هۆکاری ئەم دیاردەیەش ڕوون و ئاشکرایە کە حیزب دەستی هەیە لە بواری بازرگانی و سیاسەت و بەڕێوەبردنی حکومەتیشدا و هەر حیزب خۆیشی دەبێتە بەربەست لە بەردەم حکومەتدا بۆ جاکسازی، ئەگەر هاتوو حکومەت بەرنامەی هەبێت بۆ چاکسازی.
بەختیار کەریم دەڵێت ناڕەزاییەکانی شەقامی کوردی هەروادێ و پەرە دەسەنێت و دواجاریش بەهۆی ئەوەی حیزب لە هەموو بوارەکاندا باڵا دەستە، هەندێک لە حیزبەکان دێن و لەگەڵ ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی خەڵکدا دەڕۆن و بەو ئاڕاستەیەدا دەیبەن کە خۆیان دەیانەوێت و 17 شوباتێکی تر دووبارە دەکەنەوە و دەشڵێت ئەنجامێکی ئەوتۆشی نابێت جگە لە ڕشتنی خوێنی چەند گەنجێکی هەژار.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ بەختیار کەریم نوسەر و لێکۆڵەر کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: