لەسەر ئاڵۆزی و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندنێک بڵاو دەکاتەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش دەسبەجێ وەڵام دەداتەوە.
لە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ دووشەممەدا پارتی دەڵێت "ئاگاداری ههموو جهماوهری خۆشهویستی كوردستان دهكهینهوه كه پارتیمان نه داوای نێوانگیری له هیچ كهسایهتی و هیچ لایهنێكی سیاسی كردووه و نه به پهسندیشی دهزانێ، لهبهرئهوهی ههڵوێستی پارتیمان رون و ئاشكرایه كه رووداوهكانی ئهم دواییه لهئاكامی رهفتاری ناشایسته و دژ به بهرژهوهندییه باڵاكانی نهتهوهیی و نیشتمانیمان و دور له عورفی سیاسی، گۆڕان هاتنه كایهوه."
لە لێدوانێکیشدا بۆ میدیاکان لە هەرێم، موحەمەد تۆفیق ڕەحیم، بەپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی ڕاگەیاندنەکەی پارتی دەداتەوە و دەڵێت "ئێمە هیچ هەنگاوێک لەگەڵ پارتیدا نانێین تا سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان نەگەڕێنەوە هەولێر و دۆخی پەرلەمان ئاسایی نەبێتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان داوای کۆبوونەوە و دانیشتنی نەکردووە لەگەڵ پارتیدا و تا بارودۆخەکەش ئاسایی نەبێتەوە ئامادەنین دانیشتن لەگەڵ پارتیدا ئەنجام بدەن، بزوتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی پێشتری بۆ جارەسەرکردنی کێشەکان."
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت دەبێت لە چوارچیوەی گۆڕانکارییە گشتییەکاندا خوێندنەوە بۆ هەردوو ڕاگەیاندنەکە بکرێت و دەشڵێت وێڕای ئەو دابڕانەی لە نێوان پارتی و گۆڕاندا دروست بووە هیچ گومانێکی تیادا نییە کە دەبێت هەردوو لا پەنا ببەنەوە بەر دانوستاندن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و دەشڵێت جا ئایا بۆ سەرلەنوێ نزیک بوونەوە یان بۆ داڕشتنەوەی هاوکێشەی نوێ لە پەیوەندی سیاسی بێت یاخودیش بۆ لێکترازان و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی پرۆسەی سیاسی ئەگەر بێتوو گۆڕان تیایدا بەشدار نەبێت.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر کەنعان ئاماژەش بەوە دەکات هاتنەوە ئارای متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا زۆر سەختە بە تایبەتی لە کاتێکدا ئەم هەڵوێستانەی دوایی لە هەرێمەکەدا بوونەتە مایەی دروستبوونی نیگەرانی و بەدگومانی و دەشڵێت ئەو بێ متمانەییە بە سەروەرکردنی یاسا دروست دەبێتەوە.
دکتۆر کەنعان دەڵێت لەم بارودۆخەدا ناکرێت پرۆسەیەک یان لێکتر تێگەیشتنێک دروست بێت ئەگەر متمانە لە ئارادا نەبێت بەو مانایەی هەر کەسێک هێزێکی هەبێت و بە بەرامبەر بڵێت بڕۆرە ماڵی خۆت و لە ماڵی من جێگەت نابێتەوە بەم شێوازەی وەک ئێستا ڕوودەدات، ئەمە بونیادی ژیانێکی تەندروستی سیاسی لەسەر ناکرێت لە کاتێکدا بمانەوێت بۆ ئایندە بڕوانین بەمەبەستی هێنانە ئارای دۆخێکی گونجاوی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: