هێزە کوردییەکان لە ناوچەی شەنگال لە خۆ ئامادەکردندان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دوور خستنەوەی چەکدارەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لەو ناوچەیەی هاوسنوری سوریا.
فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە شەنگال دەڵێت تەواوی هێزە کوردیەکان و خەڵکی ناوچەکەش لە ئامادەباشیدان بۆ ڕزگارکردنی شەنگال و دەشڵێت چاوەڕوانی کاتژمێر سفرن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و ئاماژەش بەوە دەکات تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ترسدان و دەستیشیان کردووە بە هێرشی خومپارەیی بۆسەر بەرەکانی هێزە کوردییەکان و شوێنەکانی خۆیان دوورخستۆتەوە و شوێنەکانیان نادیارە و دەشڵێت هاوپەیمانان شەو و ڕۆژ بە فڕۆکە لە شوێنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەدەن.
عەگید کەلاری دەڵێت لە ئێستادا هێزە کوردیەکانی دەڤەری شەنگال لە وتووێژدان چونکە هیچ هێزێک ناتوانێت بە تەنیا هەرخۆی هێرشبکاتە سەر شەنگال چونکە هەموو شوێنەکان ستراتیژین و دەشڵێت هەروەها چاوەڕوانی ئەوەن بڕێک هەوا خۆش بێت ئەوجا کاتژمێر سفر بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دیار بکرێت.
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بە ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و هەپەگە دەکەن لە دۆسێی ڕزگارکردنی شەنگالدا و بەڕێز کەلاری نکوڵی ناکات و دەڵێت ڕاستە ناکۆکی هەیە بەڵام دەبێت ئەو ناکۆکییانە بەلاوەبنرێن و دەشڵێت ئازادکردنی شەنگال بەبێ هەپەگە نابێت و ئەو شوێنانەی هەپەگە لێین شوێنی ستراتیژین و ئەگەر گەریلا لێی بکشێتەوە ئەوا دەوڵەتی ئیسلامی دەستیبەسەردا دەگرێت.
سەرکردەی هێزەکانی هەپەگە لە شەنگال دەڵێت لە ئێستادا وتووێژ بەردەوامن وەک دەڵێت " تا قەناعەتیان پێبکەین کە ئەو ڕایەیان هەڵەیە و دەبێت پاشگەز ببنەوە، بەڵام تا ئێستا لە وتووێژەکاندا هیچ ئەنجامێکی بەرچاو نییە و دیالۆگیش کەم بۆتەوە."
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ عەگید کەلاری، فەرماندەی هەپەگە لە ناوچەی شەنگال کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: