ناوچە کوردیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان ناوچە دابراوو و ناکۆکی لەسەرەکان، تا ئەو کاتەی کێشەکانیان بە یەکجارەیی یەکلایی نەکرێنەوە هەمێشە هەوێنن بۆ شەر و تێکچوون. لە دەمێکدا شەنگاڵ رزگار کرا، شەری دۆزخورماتووش دەستیپێکرد، هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیان وایە پەیوەندیەک لە نێوان ئەو دوو رووداوەدا هەیە.
شەماڵ بەشیری لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" من لەو بروایەدام بێگومان پەیوەندیەک هەیە، ئەم پەیوەندیە دەکرێ لە دوو بوارەوە تەماشا بکرێ، یەک ئەوەی هەنوکە بەرەیەکی شەر هەیە، لەم بەرەی شەردا هێزی گەریلا، هێزی شەرڤانان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمانە لە بەرەکانی شەردان. سازکردنی بەرەیەکی نوێ لە شەر وا دەکات کە هێزی لەشکەری، هێزی سەربازی کورد لەو تێشکخستن و سەرنجەی کە هەیەتی، لەو تێشکخستنەی کە هەیە تووشی ئەوە بێ کە ناچار بێت سەرنج و تێشکخستنەکەی بگۆرێ و گۆرەپانی نوێ شەر بکاتەوە و هێزی شەرکەر و سەربازی کوردیش تووشی شێوەیەک لە ماندوو بوون و شەکەت بێ، ئەمە لایەنی یەکمە.
کاک شەماڵ دەڵێت لایەنی دووەم ئەوەیە هەنۆکە لە کوردستاندا ئەوەیە ئێمە رووبەرووێ قۆناغێکی نوێ بوینێتەوە، کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە قەیرانێکی سیاسیدایە. لە دەرئەنجامی ئەم قەیرانە سیاسیەدا پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی جارانی خۆێ وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان تووشی کێشەی جددی بوە، لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا لە کێشەی جددی دایە، کێشەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە ئارادا هەیە، بۆیە پارتی دیمۆکرات دەیەوێ قوناغێکی نوێ لە ئاڵۆزی ساز بکات بۆ ئەوەی کێشەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە بیر بچێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە کوردستان رووبەرووی مەترسیەکی نوێ ببێتەوە.
کاک شەماڵ دەشڵێت بێگومان کورد ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرگەی شەرێکی تییرەیی ( طائفی) ئاێینی ناگری و کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کێشەی ئاێینی نییە، ئێمە کێشەی سوننی و شیعەمان نییە، کورد کێشەی خاکی هەیە، کێشەی ناسنامەی هەیە، کێشەی دیمۆکراسی هەیە، ئەوەی کە ئێستاکە ئێمە پێویستیمان پێیەتی سیاسەتێکی زانایانەیە، سیاسەتێک کە بتوانێ دڵ گەورەیی لە خۆێ نیشان بدات، رێ و رێبازی سیاسی شیاو بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ گرژی نێوان ئەمەی کە ئێستاکە لە دۆز هاتوەتە ئاراوە، ئەم گرژیە کۆنترۆڵ بکات.
کاک شەماڵ هەر وەها دەڵێت ترسی ئەوەم هەیە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بیەوێ بە سازکردنی ئەم ناکۆکیانە هەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان تووشی قەیرانیەکی قووڵ بکات و هەم هاوپەیمانانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان".