بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرێک لە چاودێر وەها پێشبینی دەکەن کە گۆڕانکاری زۆر بە دوای خۆیدا بێنێت وەک گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا و هەروەهاش لە هاوکێشەکانی هێز لەو ناوچە پڕ لە گێرمەوکێشەیەی جیهاندا.
ئایا کورد لە کوێی ئەم گۆڕانکارییانەدا دەبێت و ئایا بە گرنگییەوە لەم پەرەسەندنانە دەڕوانێت و دەتوانێت بۆ بەرژەوەندی ئایندی خۆی بەکاریان بێنێت؟
سەردار عەبدوڵا، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت دەمێکە دەگوترێت لەم ڕەوشەدا هەم مەترسی گەورە و هەمیش دەرفەت و دەستکەوتی گەورە هەن و ئەمانەش دەکەونە سەر ئەوەی چۆن خاوەن بڕیارە سیاسییەکان سەروسەودا لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا دەکەن و دەشڵێت مەخابن خاوەن بڕیارەکان لە ناو کورددا سەرقاڵی کێشە لابەلاکانن و پێشناچیت هەست بکەن کە جیهان لەبەردەم چ وەرچەرخانێکی گەورەدایە، بە بەڵگەی ئەو ململانێ گەورانەی لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا هەن.
سەردار عەبدوڵا، کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت لە باشوریش هێزە کوردستانییەکان سەرقاڵی کێشەیەکن کە لە ئاست ئەو دۆخە گەورەیەی ئێستادا نییە کە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و دەشڵێت چەندان جار ئاماژەی کردووە بەوەی زەوی بە دەوری کورسی سەرۆکایەتی هەرێمدا ناسوڕێتەوە کە ئێستا ئەم هێزانە کردویانەتە کێشەیەکی چارەنوسساز.
بەڕێز عەبدوڵا باسیش لەوە دەکات ناکۆکییەکانی ئەم هێزە سیاسیانەی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک وەک دەڵێت "ئەگەر ئەمریکا نەبووایە ئەوا لە کاتی پرۆسەی ڕزگارکردنی شەنگالدا شەڕی ناوخۆ ڕوویدەدا." وە دەشڵێت ئەگەر بێتوو ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ئەگەری دروستبوونی ئەو شەڕە ناوخۆییە زۆرە.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵین ساڵح، سەردار عەبدوڵا ئاماژەش بەوە دەکات کە سەرکردەکانی کورد پرەنسیپەکانیان تێکەڵ کردووە و ئەم هێزانەش شەڕیان لەسەر دەسەڵات و پێگەی خۆیانە و دەشڵێت هێزە سەرەکییە کوردیەکان کە ژمارەیان لە 15 بۆ 20 هێز تێپەڕ ناکات پێویستە کەسە یەکەمەکانی ئەو هێزانە بۆ ڕۆژێک یان دووان لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ستراتیژیەتێکی هاوبەشی کوردستانی دابڕێژن تا نەبین بە ژێرپێوە و دەشڵێت ئەگەر سەرکردەکانی کورد ببنە خاوەنی ستراتیژیەتێکی هاوبەش دەتوانین خۆمان لە مەترسییە گەورەکان بپارێزین و دەستکەوتی خەیاڵی زۆر گەورە بەدەست بێنین بۆ نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا.
زانیاری زیاتر لە دقی وتووێژەکەدایە: