تورکیا ژمارەیەک یەکەی لەشکریی خۆی ناردووە بۆ پارێزگای نەینەوا لە باکوری عێراق و وەک هەندێک سیاسەتمەداری عێراقی و کوردیش دەڵێن بۆ مەشق و ڕاهێنان پێکردنی سەربازی عێراقی و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیشە، بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسڵ دەستپێبکات.
ژەنەراڵ عامر بەگ، ڕێکخەر لە بەرەی ئایندەی نەینەوا دەڵیت تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ هێزی حەشدی نیشتمانی نەشاردۆتەوە و لە ڕێی ئەسیل نوجەیفییەوە بەردەوام کردوویەتی بە پێچەوانەی خواستی حکومەتی عێراقەوە.
ژەنەراڵ عامر دەڵێت حکومەتی عێراقی نابێت ئەوەی لە بیربچێت کە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمرکادا هەیە ئەگەر لە ئێستادا کاری پێنەکات وەک دەڵێت ئەی کەی کاری پێدەکات؟
هاوکات شێخ ئیبن نەیان جەربە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت ئەو بنکە لەشکرییەی تورکیا لە ناوچەی زێلکان لەسەر دەستی ئەسیل نوجەیفی دامەزراوە و هەرچی حکومەتی عێراقیشە پشتیوانییەکی ئەوتۆی نەکردووە.
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کە ئەفسەری خانە نشینە دەڵێت لە یەک دوو هەفتەی ئایندەدا ئەندامانی ئەنجومەن کۆ دەبنەوە لەسەر ئەم دۆسێیە چونکە پێشتر ئەنجومەنی نەینەوا هیچ بڕیارێکی نەبووە لەسەر هاتنە ناوەوەی یەکە لەشکرییەکانی تورکیا.
ژەنەراڵ عامر وشێخ ئیبن نەیان، خۆیان لادا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا متمانە چییە کە لە ئایندەدا ئەو سەربازانەی تورکیا بکشێنەوە؟
لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا و هاوکاتی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی، تورکیا هێزی سەربازی خۆی نارد وەک دەیگوت بۆ ناوبژی نێوان ئەم دوو هێزە بەشەڕچووە، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو هێزانەی تورکیا لە چەند بنکەیەکی سەربازیدا لە دەڤەری چیای گارا و چیای مەتین جێگیرن.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: