سەدان سەربازی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە چوونە ناو پارێزگای نەینەواوە لە باکوری عێراق و وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەی پێدەکەن تانک و زرێپۆشیش لەگەڵ ئەو یەکە لەشکرییانەی تورکیادا بوون.
لە پاش داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، وەک دەگوترێت هێزێک لەو پارێزگایە دروست بووە بەناوی حەشدی نیشتمانی هاوشێوەی حەشدی شەعبی شیعەکان لە عێراق و ئەرکەکەی شەڕکردنی دژی دەوڵەتی ئیسلامییە.
هەندێک لایەن و سیاسەتمەداریش ڕەوایی بەم هەنگاوەی تورکیا دەدەن لە رووی ئاسایشییەوە.
دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت هەر لە سەرەتاوە دابەشبوون هەبووە لەسەر هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان کە بە بەشێک لە سەروەری عێراق باسدەکرێت و هەروەهاش لەسەر چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر هاتنە ناوەوەی لەشکری تورکیا و بێ لەوانەش جیاوازیش هەیە لەسەر هەڵوێستەکان بەرامبەر ئەم جموجۆڵەی تورکیا و دەشڵێت ئەم دابەشبوونانە پەیوەندی بە بارێکی گەورەترەوە هەیە لە سەروی هێزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەو هێزە شلۆقانەی لە ناوچەکەدا هەن وەکو دەوڵەتی هەڵوەشاو سەروسەودایان لەگەڵ دەکرێت لەوانە عێراق و سوریا.
ئایا لە پاش ئەم هاتنە ناوەوەیەی لەشکری تورکیا، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش جموجۆڵی لەشکریی خۆی دەستپێدەکات؟
دکتۆر جەعفەر دەڵێت یەکێک لەو مەترسییانەی لە مەیدانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا هەمیشە تێبینی دەکرێت بریتییە لە دابەشبوونە پڕ مەترسییەکە بەسەر دوو جەمسەرەکەی هێز لە ناوچەکەدا وەک ئاماژەی پێدەکات ناوماڵی کورد ترازاو و بیمار و شێواوە بە شێوەیەک ڕەوشێکی ترسناکی دروستکردووە کە دواجار هەموو بەرژەوەندییەکانی کورد لە ڕووی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییەوە بخاتە ژێر پێوە.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: