ئێستاکە لە شەری دژ بە رێکخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش دوو بەرەی سەرەکی لە ئارادایە، یەک بە رێبەرایەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی و ئەوەی تر بە رێبەرایەتی روسیا. ئاخۆ لەم نێوەدا کورد دەتوانێ ببێتە هێڵی سیەم و بەرژەوەندیەکانی خۆێ بپارێزێ؟
هیوا گوڵ مەحەمەدی رۆژنامەوان و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" خودی پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد دەتوانێ ببێتە هێڵی سیەم ئەگەر کورد بەم ئاقارەی ئێستا بروات و هەر ئاوا بەردەوام بێت لە یەک ترازان و هەر کەس بەرەو لایەنێک بروات یان هەوڵی ئەوە بدات کە بەرەو بەرەیەکی دیکە بچێت کە پێچەوانەی ئەو ئەرکەیە کە ئەمرۆ رووبەروێ کورد بوەتەوە، رووبەروی پارتە کوردیەکان بوەتەوە، رووبەروی بەرپرسانی کوردی بوەتەوە؟
کاک هیوا هەر وەها دەڵێت ئێستاکە شەری دیاریکردنی جێگە و پێگەی نەتەوەکانە، جێگە و پێگەی گەلانی ناوچەکەیە وە جێگە و پێگەی دیمۆکراسیەکی نوێە لە ناوچەکەدا کە لەم گەلانە کام گەل دەتوانێ پێشەنگایەتی بکات، کە بە بروای من کورد نیشانی داوە دەتوانێ لە هەموو ئەم بوارانەدا جێگەی هەبێت و دەتوانێ کاریگەری هەبێت، بۆیە زۆر پێویستە کورد هێڵی سیەم بپارێزێ بەڵام بۆ پاراستنی هێلی سیەم پێویستە هەندێ سنووریش بپارێزێ وە ئەو سنورانە ئەوەیە کە دەبێ کورد روو لە ماڵی خۆێ بکات، وە دەبێ پشت بە هێز و توانایی خۆێ ببەستێت وە هەر وەها کورد دەبێ تێبگات ئەمرۆ لە ناوچەکەدا چی دەقەومێت و روسیا و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا چییان دەوێ، ئەوروپا چی دەوێ، وە بەم شێوەیە ئەگەر کورد ووردکردنەوەیەکی جددی بۆ ئەمە هەبوو وە لە کۆبانی کە چی رووێدا وە ئەوەی کۆبانی بە بنەما بگرن، بە بروای من کورد دەتوانێت ئەم هێڵی سیەمە بپارێززێت و ببێتە هێڵی سیەم".
کاک هیوا دەشڵێت کورد سێ جار هەلەکانی لە بار بردووە وە ئەگەر ئەمجارەش کورد خاوەنی پلانی خۆێ نەبێ، خاوەن پرۆژەی خۆێ نەبی و خاوەنی ئەو هێڵە سیەمە نەبێ، بێگومان هەر ئەنجامێکی بەم شێوەیە دەبێ و دیسانەوە دەڵێت خاڵی لاوازی ئێمە باشوری کوردستانە".