دەمێکە لە هەموو لایەکەوە شەر دژ بە دەولەتی ئیسلامی داعش بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئەو رێکخراوە لە ناو ببرێت. ئاخۆ ئەو رێبازەی ئەمەریکا و وڵاتانی تر گرتوویانەتە بەر، رێبازێکی درووستە یان لەنگی هەیە؟
هێمن سەیدی لێکۆڵەر و شارەزای کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" پێیم وایە ئەو رەوشە ئەگەر بەو شێوە بەردەوامی پێی بدەن بە ئاکامێکی باش ناگەن، بەو هۆیە کە تا ئێستا هیچ میلیشیا تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی ئاسمان و بە بۆمباران لە ناو نەچووە، ئەتوانێ لاواز بکرێ بەڵام ناکرێ لە ناو بچێت، بە تاێبەتی شارێکی گەورە وەکو موسل و شارێکی گرنگی وەکو رەقەی بە دەستەوەیە کە خەڵکی سڤیل تێدا دەژین و ناکرێ بە ئاسانی بۆمباران بکردرێت.
کاک هێمن هەر وەها دەڵێت ئەوەی پێویستە پشتێوانیکردن لەو هێزەیە کە لەسەر زەوێ خەبات دەکات، کە واتە هێزی کورد، کە بە داخەوە تا ئێستا هەرچەند باشترە لە پار و پێرار، هەرچەند باشترە لە قۆناغی سەرەتاوە تا ئێستا، بەڵام بە بروای من ئێستاکەش ئەو گرنگەی بە تەواوی بە هێزەی سەر زەوی نەدراوە.
کاک هێمن دەشڵێت بەشداریکردنی روسیا دەستی تورکیا لە سوریا کورت دەکاتەوە کە زۆر گومان هەبوە لە راستی و درووستی تورکیا لە بارەی داعش، تەنانەت بە بەڵگە و سەنەدەوە، وە هەر وەها شیانی هەیە ململانیەکی پۆزەتیڤ بکەوێتە نێۆ ئەمەریکا و روسیا بۆ لێدانی داعش.
کاک هێمن هەر وەها رەخنە لە عەرەبستانی سعودی دەگرێت بۆ بانگهێشت نەکردنی لایەنی کوردی بۆ کۆنفرانسی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ریاز و دەڵێت ئەوە دووبارە کردنەوەی هەلەیەکی دوو، سێ ساڵ لەمەوبەری رۆژئاوا بوو کە لە کۆنفرانسی 2012 – 2013 ڤیەننا کوردیان بەشدار نەکرد".