Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: هاتنی لەشکری تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق


هەفتەی ڕابردوو میدیاکان ئاشکرایان کرد کە هێزێـکی لەشکری تورکیا هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە و لە نزیک شارۆچکەی باشیکی پارێزگای موسڵ جێگیربوون.

کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن ناردنی ئەم هێزە بە ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی عێراقە و بۆ مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی عێراق هاتووە، ئەوانەی لە دژی داعش شەڕ دەکەن.

هەرچی کاربەدەسـتانی حکومەتی بەغدایە ئەو ئیدیعایەی تورکیا ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک لە هاتنی ئەو هێزە ئاگادار نەکراونەتەوە و ڕەزامەندیشیان لەسەر نیـیە، بۆیە داوا دەکەن بە زووترین کات بکشێنەوە، ئەگەر نا ئەوا ڕێوشوێنی دیکە بۆ ئەم مەبەستە دەگرنەبەر.

لە هەرێمی کوردسـتانی عێراقیش، سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند هێزەکەی تورکیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشدا هاتووە و لە پارێزگای نەینەوا بنکەیەکی سەربازی دەکەنەوە بۆ مەشقپـێکردن بە هێزە عێراقییەکان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەشکری تورکیا دوو بنکەی سەربازی دیکەی هەیە لە سۆران و قەڵاچۆلان بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە. بەڵام مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕەتکری کردەوە تورکیا بنکەی لە قەڵاچوالان هەبێت و گوتی ھیچ بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە قەڵاچوالان بوونی نییە و نەبووە.

کاربەدەسـتان لە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش، ئەوانیش گوتیان چونی ئەو هێزە بۆ ناو عێراق لە چوارچێوەی چالاکیـیەکانی هاوپەیمانێتیـیەکە نیـیە.

ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا داوا دەکەن ئەنکەرە و بەغدا بە شێوەیەکی دیپـلۆماسی ئەم کێشەیەی نێوانیان چارەسەربکەن. بەڵام ڕووسیا بە فەرمی ئەم هەنگاوەی تورکیای سەرزەشتکرد و بە پـێشێلکردنێـکی ڕوون و ئاشکرای سەروەری عێراقی ناودێرکرد. ئێرانیش کە ئەویش هێزی لە عێراقدا هەیە هەتا ئێسـتا لەسەر ئاستێـکی باڵا ناردنی ئەو هێزە لە لایەن تورکیاوە بە شێوەیەکی نەرێنی باس نەکردووە.

پرسیار لێرەدا:

هاتنی ئەم هێزە لە ئێسـتادا بۆچی؟

ئایا بە ڕاست بەشێکە لەو هەوڵانەی لە دژی داعش دەدرێن؟ ئەمەش لە کاتێـکدا تورکیا خۆی بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە باکوری سوریا سنووری لەگەڵ داعش هەیە و هیچ شەڕێـک لەو سنوورە لە ئارادا نیـیە؟

ئایا بۆ لابردنی سەرنجە لەسەر ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە نەوتی داعش بەرەو تورکیا دەڕوات و هەروەها لە ڕێگەی تورکیاوە کۆمەک بۆ ناوچەکانی ژێر داعش ڕەوانە دەکرێت؟

حکومەتی عێراق بۆ وا ناڕەزایی زۆر دەردەبڕێت لە ئاست ئەم هەنگاوەی تورکیا، لە کاتێـکدا هێزی ئێرانیش بە هەمان بیانو لە ناو عێراقدان؟

هەتا چەند ئەو تێڕوانینانە ڕاستن کە دەڵێن عێراق و سوریا تەنها بە ناو وەکو وڵات ماونەتەوە و هەرچی هێزە هەرێمیـیەکان هەوڵ دەدەن شوێن پـێی خۆیان تیایاندا بکەنەوە؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
سەلیم کۆیی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.
فارس نۆرۆلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی.
مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەڵسوڕاوی گۆڕان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:48:31 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG