لە هەفتەی رابوردوودا "خەبەرگوزاری ئیرنا" لە یەکێک لە گوزارشەکانێدا بە ناونیشانی" بارزانی در ترکیە بە دنبال چیست" ، بێجگە لەو رەخنانەی لە بارزانی گرتووە، بە بارزانی دەڵێت" مرد شلوار کردی پوش" کە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە. ئاخۆ بۆ ئەو کاردانەوە نیگەتیڤانە لەو جۆرە وێنا کردنە؟
مەجید حەقی بەرپرسی ئەکادیمیای کۆمەڵەی ئاشتی و گەشەپێدانی کوردستان ( CAPK ) و خوێندکاری دکتۆراە لە زانستی رێبەرێدا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" شەڵوار کوردی لە فەرهەنگی فارسی – ئێرانیدا هەر لە سەردەمی حکومەتی پەهلەوی یەوە تا سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا بە چاوێکی سووکردنەوە وە یاخود بچووکردنەوە تەماشا کراوە، لە دوو رووەوە، یەک بۆ ئەو کەسانەی گوندین و نەخوێندەوار و بێ شارستانیەتن وە دوو بۆ ئەو کەسانەی کێشەی تەندرووستیان هەیە کە ناتوانن خۆیان راگرن.
کاکە مەجید هەر وەها دەڵێت لەبەر ئەوەی ئیرنا سازمانێکی خەبەری سەربەخۆ نییە بەلکۆ ئۆرگانێکی دەوڵەتیە، لێرەدا کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خودی بارزانی یان حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، کێشەکە لەگەڵ کوردە و سۆکایەتی بە نەتەوەی کورد دەکات، وە ئەم کاردانەوەش لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دژ بەو سۆکایەتیە بە گەلی کورد و بە سەرۆکایەتی سیاسی کورد لە باشوری کوردستان.
کاک مەجید دەشڵێت بەڵام لە روانینی خەڵکەوە، لە روانینی ئەو کەسانەی کوردەکان بە نەتەوەیەکی خەباتگێر، نەتەوەیەک کە دەزانن خۆراگرن وە لە بەرامبەر رژێمی کۆماری ئیسلامی دا لە ماوەی 36 ساڵی رابوردوودا تەنیا نەتەوەیەک بوو کە بە کردەوە لە گۆرەپانی کاردا خەباتیان کردووە، بە تاێبەتی لە رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە داعش، کە ئەمە بوە هۆێ ئەوەی ئیرادەی شەڵواری کوردی یان دیاردەی پەنتەلۆنی کوردی لە ناو گەنجەکان و خەڵکی گشتی ئێراندا بە تایبەتی فارس زمانەکاندا وەکو سمبوڵێک لە خۆراگری، سمبوڵێک لە دژایەتی لەگەڵ ئەرزشەکانی حاکم لە کۆماری ئیسلامی دا بە کار بهێنرێت".