لە ڕاگەیاندنی پاش کۆبوونەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکرێتەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە.
لەو ڕاگەیاندراوەدا باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک کراوە کە خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری خۆیەتی و یەکێکیش لە ئەرکەکانی کارا کردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقە.
بابەکر دڕەیی، ئەندامی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت تەوەری سەرەکی قەیرانی سیاسییە و ئەگەر بێتوو لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمان کارا کرایەوە و بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت، ئەوا ئیتر هەست دەکرێت کە ئەو کۆبوونەوەیەی کراوە ئاکامێکی هەبووە و دەشڵێت جگە لەوەش وەک بابەکر دڕەیی دەڵێت "ئەوەی کە کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسیکردووە سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی هەرێم کە لایەنەکان ئازادن لەوەی کێ دادەنێن بۆ ئەم پۆستە، لە ڕاستیدا خۆی پۆستی سەرۆکی هەرێم لە پێش ئێستاوە تەواو بووە و دەبوایە پەرلەمانی هەرێم ئەم دۆسێیەی ساغ بکردایەتەوە نەک کەسێکی تر کە ماوەکەی تەواو بووە."
ئایا کارا کردنەوەی پەرلەمانی هەرێم لای بزوتنەوەی گۆڕان چی دەگەیەنێت، ئایا گەڕانەوەی دکتۆر یوسف موحەمەد سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێرە یان بردنی کێشەکانی هەرێمە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان بە مەبەستی چارەسەرکردن؟
بابەکر دڕەیی دەڵێت هەردوکیانە و دەشڵێت نەک هەر سەرۆکی پەرلەمان بەڵکو پەرلەمانتارانیش لە هەموو وڵاتاندا مافی پەناپارێزییان هەیە و کاتێکیش ئەم پەناپارێزییە دەشکێندرێت و هێزێکی سەربازی ڕێگر دەبێت لەبەردەم سەرۆکی پەرلەماندا، ئەوا دەبێتە گەورەترین سوکایەتی بە دەسەڵاتی یاسا دانانی وڵات و باسیش لەوە دەکات کاتێک پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە بەپێی پرەنسیپەکانی خۆی کار لەسەر ئەو شتانە دەکات کە وڵاتەکە پێویستییەتی و دەشڵێت هەرێمی کوردستان پێویستی بە چارەسەری دەسبەجێ هەیە بۆ کۆمەڵێک کێشەی گەورە.
بەڵێن ساڵح، وتووێژی لەگەڵ بابەکر دڕەیی، ئەندامی باڵا لە بزوتنەوەی گۆڕان کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: