کورد خاوەن ئەو بەختەیە کە زۆر جار ئەگەر کارەساتێک بەسەردا هاتووە وە یاخود تووشی ناخۆشیەک بوە وە یان بگرە ئەگەر سەرکەوتنێکیشی بە دەستهێناوە، دەبینیت لە هەمان کاتدا لە ناوچەکە وە یاخود لە جیهاندا شتێک رووی دەدات، میدیاکان لە جیاتی رووماڵکردنی ئەوەی بەسەر کوردا هاتووە، پەراوێز و پشت گوێ دەخەن و بایەخێکی ئەوتۆێ پێی نادەن.
هەر وەکو دەنگ و باسەکان کە لە رێگای تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و هەندێ میدیای کوردیەوە دێتە دەر بارەکە لە باکوری کوردستان زۆر ئاڵۆز و ناڵەبارە و باس لە کۆمەڵ کوژی لە جزیرە دەکرێ کەچی میدیاکانی جیهان بێدەنگن وە یاخود کەم رەنگن لە رۆماڵکردنیان.
رۆژنامەوان ئارێز ئەندەریاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەو کەم بایەخیەی میدیاکاندا بەرامبەر بە کورد دەڵێت " دیارە ئەمە سەرتا نییە، لە دەستپێکی شەری رزگاری خوازی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە بەرامبەر رژێمە داگیرکارەکان، بەردەوام میدیاکانی رۆژئاوا بێدەنگ بوونە، ئەوەش بە شێوەیەکی سیستماتیک لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندیانەی کە هەیانە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە ئەمرۆ کوردستانیان داگیر کردووە.
کاک ئارێز هەر وەها دەڵێت بە بۆچوونی من میدیای رۆژئاوایی بەگشتی میدیایەکی ئازاد نییە، لە چوارچێوەیەکی بەرژەوەندی نەتەوەیی وڵاتەکانی خۆیاندا، سیاسەتە گشتیەکانی وڵاتانی خۆیاندا هەڵس و کەوت دەکەن و کردوویانە و دەیکەنیش بە بەردەوام.
کاک ئارێز دەشڵێت هۆکارێکی تر کە مرۆڤ دەتوانێ ئاماژە پێی بکات ئەوەیە نەبوونی کادر وە یاخود تاکی کورد یان رۆژنامەوانی کورد لە ناوەندە راگەیندنەکانی دونیادا".