بە پێی میدیا تورکی و جیهانیەکان ئەردوگان بە ئاشکرا لە یەکێتی ئەوروپا هەڕەشە دەکات و دەڵێت ئەگەر بێت ئەو رێکەوتنەی کە لە نێوان هەردوو لادا لە ئارادایە بە کۆتایی نەگەینن، دەرگای پەنابەران دەکاتەوە و ئەوروپا لە پەنابەران نووقم دەکات. ئاخۆ بۆ دەبی یەکێتی ئەوروپا گوێ لەو جۆرە هەڕەشانەی ئەردوگان و تورکیا بگرێت؟
هێمن سەیدی لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " گومانێک لەوەدا نەماوە کە تورکیا وەکو چەکێک لە پەنابەرەکانی خۆێ کەڵک وەدەگرێت، بەڵام پاش بڵاوبونەوەی رێکەوتنی نێوان هەردوو لا کە تا ئێستا حاشای لێدەکرا، من پێیم وایە یەکێتی ئەوروپا لەمەولا بە دوواوە ناتوانی درێژە بەو هەڵس و کەوتەی خۆێ بدات.
کاک هێمن هەر وەها دەڵێت ئاشکرا بوونی ئەم سەودایە نهێنیە کە رۆژنامەی تەلگراف ئاشکرای کردووە، لەوە بەولاوە هەم فیشار لەسەر تورکیا فەرەتر دەکات وە هەم یەکێتی ئەوروپا ئیدی ناتوانی وەکو مانگەکانی رابوردوو سەبارەت بە کوشتار و تاوانەکانی تورکیا لە باکوری کوردستان وە بە گشتی لەو کەشە ئاسایشیە قورسەی کە لە سەرانسەری تورکیادا هەیە، تەنانەت لە نێۆ ئەکادیمستەکاندا، رۆژنامە نووسەکاندا و لە نێۆ هونەرمەدەکاندا کە دەبینین زۆر بە توندی هێڕشیان دەکرێتە سەر، من پێیم وایە EU چی دی ناتوانێ لەو بوارەدا بێدەنگ بێت.
کاک هێمن دەشڵێت بە براوی من ئەوەی کە تورکیا دەیکات زیاتر لەوەی کە هەڕەشە بێت، سەرچاوەکەی ترسی تورکیایە، تورکیا بیستویەتی بە تێپەربوونی مانگەکانی فیبرایەر و مارچ ( مانگانی دوو و سێ ) هێڕشی پەکەکە تازە دەست پێدەکات، هەتا ئێستا پەکەکە هێڕشی نەکردووە، تا ئێستا خەڵکی سڤیل و لایەنگیرانی پەکەکە بوون ئەو کێشە گەورەیان بۆ تورکیا پێکهێناوە".